هەپەگە: بە هاوکاری میت و پاراستن هاوڕێمان چیا شەهید بوو

هەپەگە ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی پیلانگێڕییەک، کە بە هاوکاری میت و پاراستن ئەنجامدرا، گەریلا چیا ئاگری (ئیسماعیل پورمەحمود) شەهید بووە.

راگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بەم جۆرەیە:

"شەوی ٥ی ئاب نزیکەی کاتژمێر ٢١:٠٠ لە گۆڕەپانی بانیکێی هەفتانین گروپێک لە هاوڕێیانمان بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانیان  چاویان بە ملیسێک کەوتبوو. لەو شوێنەی ئەو کەسە دیدارەکەی رێکخستبوو، دیدارێکی کورت ئەنجامدرا و دوای دابینکردنی پێداویستیەکان، ئەو کەسە ئاماژە بۆکراوە رۆیشتووە. دواتر و کتوپڕ لە دوو شوێنی جیاجیاوە ئەو گروپە لە گەریلاکانمان بە چەک گولـلەباران کراون. لە ئەنجامی ئەو گولـلەبارانکردنەدا گولـلەیەک بەر سەری هاوڕێمان چیا ئاگری کەوت و هاوڕێ چیا لە شوێنی رووداوەکە شەهید بوو. فیشەکێکیش بەر سەری هاوڕێمان دڵگەش کەوت و ئەویش بە سەختی برینداربوو.

زانیاری لە بارەی ناسنامەی هاوڕێمان چیا ئاگری بەم جۆرەیە:

ناسناو: چیا ئاگری

ناو و پاشناو: ئیسماعیل پورمەحمود

شوێنی لەدایکبوون: ماکو

ناوی دایک- باوک: کاری- مەحمود

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٥ی ئابی ٢٠٢٣/ هەفتانین

ئەو رووداوە لە شوێنێکی زۆر نزیک لە ئاسایشی بانیکێ روویداوە. بە ئەنقەست شوێنێک لە نزیک ئاسایشی پەدەکە دەستنیشان کرابوو. ئەو شوێنە وەک شوێنی دیدارەکە دانرابوو. دوای کشانەوەی هاوڕێیانمان لەوێ، لە دوو شوێنەوە تەقەیان لێکرا و گولـلە بەر سەرییان کەوت. ئەوەش دەریدەخات کە ئەو پیلانگێڕییە بەرنامە بۆداڕێژراو بوو. لە شوێنێکی بەو جۆرە ئامانجی سەرەکی ئەو پیلانگێڕییە کە میت لە رێگەی بەکارهێنانی پاراستنەوە پلانی بۆ دانابوو، دەزانرێت کە دەیانەوێت ئەو بڕوایە لای هێزەکانمان لەو ناوچەیە سازبکەن کە هێرشەکە لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە ئەنجامدراوە و لەنێوان ئێمە و پەدەکەدا شەڕ هەڵبگیرسێنن. بەمجۆرەش بەشێکیش لە پەدەکە لەم پیلانگێڕییەدا بەشداری پێکراوە.

بەڵام فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل لە یەکەم ساتەوە دەستنیشانی کرد کە ئەوە رەنگە گەمەیەکی دوژمن بێت و لە بری ئەوەی کتوپڕ لێدوان بدەن، رایگەیاند کە دەبێت بە باشی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و روونبکرێتەوە. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە ئەوە گێرەشێوێنی و ئاژاوەنانەوەیە بۆ ئەوەی لە نێوان ئێمە و پەدەکەدا شەڕ هەڵبگیرسێت، بەڵام ئەوە روونبووەتەوە کە پاراستن دەستی لەوەدا هەیە. لەوەدا بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی پەدەکە. دەبێت ئەوە ئاشکرا بکرێت کە ئەو کەسانەی ئەو تیرۆرەیان ئەنجامداوە، بۆچی بە تایبەتی لە تەنیشت ئاسایشی پەدەکەوە شوێنی دیدارەکەیان رێکخستووە و هێرشیان کردووەتە سەر هەڤاڵانمان. زۆر ئاشکرایە کە ئەوانەی ئەوەیان کردووە، ئامانجێکی چەپەڵیان هەبووە، بەوەی لە نێوان رێکخراوەکاندا شەڕ هەڵبگیرسێنن. بەشێک لەناو پەدەکەدا بۆ ئەوەی لە نێوان کورداندا شەڕ هەڵبگیرسێت لەگەڵ میت کاردەکەن و بەم جۆرە ئاشکرایە کە خزمەت بە دەوڵەتی تورک دەکەن.

لە بارەی ئەو رووداوەوە زانیاری زیاتر بە گەلی کوردی وڵاتپارێز و رای گشتی رادەگەیەنین".

هـ . ب