هەپەگە یادی ٤ گەریلای شەهیدی بەرزڕاگرت

هەپەگە بە ڕێزەوە یادی ٤ گەریلا شەهیدەی کردەوە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەکانیان و هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ناسنامەی چوار گەریلای بڵاوکردەوە، کە مانگی ئابی ٢٠٢١ لە جیلۆ شەھید بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ھەپەگەدا ھاتووە:

"لە هێرشی دوژمن لە گۆڕەپانی ئۆرەماری سەر بە جیلۆ، ڕۆژی ١٩ی ئابی ٢٠٢١، ئەندامانی فەرماندەیی ئەیالەتی جیلۆ، ھاوڕێیانمان لوقمان دڵشێر، مونزور، زانا و بروسک شەهید بوون. ئەو ھاوڕێیانەمان کە بە هۆشیاریی نەتەوەیی و ئەو ڕووناکییەیی پارتەکەمان پەکەکە دروستی کردووە، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانەوە چوونە نێو ڕیزەکانی گەریلاوە، بە بڕواوە ڕوویان لە باکوری کوردستان کرد و ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆیان جێبەجێ کرد.

ھاوڕێمان لوقمان لەو ڕۆژەوەی بەشداری تێکۆشانی ئازادیمان بووە، ھەموو کات خۆی بەرەو پێش برد و بە بەشداریکردنێکی بێ دوودڵی، بووە جەنگاوەرێکی نموونەیی. لە فەرماندەیی تیمەوە تا فەرماندەیی ئەیالەت، چەندین ئەرکی ڕاپەڕاندووە. فەرماندەمان لوقمان دڵشێر بەرپرسیارێتی شۆڕشگێڕانەی لە سەرو ھەموو شتێکەوە داناوە و لە کوێ پێویستی ھەبووایە، دەچووە ئەو شوێنە. بە پەیوەست بوون بە هێڵی ڕێبەرایەتی و شەهیدانەوە ناوی خۆی لە مێژووی تێکۆشانماندا نووسیەوە.

ڕۆڵە بوێرەکەی گەلی عەرەب، شۆڕشگێڕی ئەنتەرناسیۆنالیست، ھاورێ بروسک ئارارات، بووە جەنگاوەری ئەندێشەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەرمان. لەو بڕوایەدا بوو، بۆ ئەوەی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاشتی و دیموکراسیدا پێکەوە بژین، پێویستە گەلی کورد ئازاد بێت و بەو باوەڕەشەوە ڕووی لە چیاکانی کوردستان کرد. بووە نموونەی هاوڕێیەتی.

هاوڕێیانمان مونزور و زانا و بروسکیش لە جیلۆ زۆر مانەوە. بە فیداکاریان لەوێ، بە پێداگرییان لەسەر گەشترکردنی تێکۆشان و بەو ئیرادەیەی کە ببنە وەڵامدەر بۆ ئەو قۆناغەی کە تێیدا بوون، بەو جۆرە بەشدارییان لە هێڵی گیانبازیدا کرد. ھۆگری ئازادی، گەل و وڵاتەکەیان بوون. قارەمانانە ڕێیان کرد.

لە ساڵیادی شەهیدبوونیاندا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی ھاوڕێیانمان لوقمان، مونزور، زانا و بروسک دەکەینەوە. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەنرخیان و هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین.

زانیاری لەبارەی ناسنامەی هاوڕێیانمان کە شەهید بوون بەم جۆرەیە:

ناسناو: لوقمان دڵشێر

ناو و پاشناو: مەنسوور سدیقی

شوێنی لەدایکبوون: کۆتۆل

دایک - باوک: شەکر - تەیمور

کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٩ی ئابی ٢٠٢١ / جیلۆ

ناسناو: بروسک ئارارات

ناو و پاشناو: حەمەد ئەربان

شوێنی لە دایکبوون: لوبنان

دایک و باوک: زینە - ئەحمەد

کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٩ی ئابی ٢٠٢١ / جیلۆ

ناسناو: مونزور ڕۆژئاوا

ناو و پاشناو:

شوێنی لەدایکبوون: تربەسپی

دایک - باوک: زەهرا - محەمەد

کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٩ی ئابی ٢٠٢١ / جیلۆ

ناسناو: زانا سەکۆ

ناو و پاشناو: کەمال خزری

شوێنی لەدایکبوون: سەردەشت

دایک - باوک: - ئایشە – عەبدوڵا

کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٩ی ئابی ٢٠٢١ / جیلۆ

ژ.ن