یەکێتی راگەیاندن ئازاد بە راگەیاندراوێک ئاشکرای کرد کە خەباتکاری راگەیاندنی ئازاد سەید ئەڤران شەهید بووە.
راگەیەندراویکی یەرەئا لەسەر بابەتەکە بەم جۆرەیە:
"کۆڵەکەیەکی دیکەی راگەیاندنی ئازادی کوردستان بەرەو بێکۆتایی کۆچی کرد. ئێمە هاوڕێی رۆژنامەوانمان، نوسەر و شۆڕشگێر سەید ئەڤرانمان لە ٢٢ ی ئەیلولی ٢٠٢٣دا لە دەستدا. هەڤاڵمان ماوەیەکی زۆر بوو گیرۆدەی نەخۆشی بوو، لەو نەخۆشخانەیەی چارەسەری بۆ دەکرا، شەهید بوو.
بیر و یادوەری راگەیاندنی ئازادی ٣٠ رابردووبوو
ئەو بیر و یادوەری راگەیاندنی ئازادی ٣٠ ساڵی رابردووبوو. لە سەر رێگەی شکۆ و پەیوەستبوون بووە رێبوارێکی چالاکی نەسرەوتوو. تامەزرۆیی، خەبات بۆ رۆشنکردنەوەی کۆمەڵگاکان و پێداگرییەکەی لە سەر تێکۆشان هەموو ئاستەنگ و لەمپەر و تەنگوچەڵەمەکانی لە بەردەمی رادەماڵی. بە هەڵوێست، جموجۆڵ و پێنوسەکەی، لە لاپەڕەکانی راگەیاندنی ئازاددا جێگەیەکی بێهاوتای گرتووە.
هاوڕێ سەید بە نزیکەیی هەموو ژیانی خۆی خستە خزمەت تێکۆشان، راستی شەڕ و بەرخودان لە وڵاتەکەی. بە رێپێوانی شەو و رۆژانەی خۆی زۆر قۆناغی گرنگی بڕی و راستی ئەو جوگرافیایەی خستەبەرچاو.
هەڤاڵ سەید جەنگاوەرێکی پێشەنگی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان و راگەیاندنی ئازاد بوو. لە چوار پارچەی کوردستان بە پێنوسی خۆیەوە راستی کۆمەڵگای کورد و تێکۆشانی ئازادی بۆ هەموو جیهان گواستەوە.
سەید ئەڤران بە ناوی راستەقینەی سەید محەمود ئەڤران ساڵی ١٩٦٩ لە ناوچەی هێنێی ئامەد چاوی بە ژیان پشکوت. لە ناو بنەماڵەیەکی هەڵگری نەریتی سەرهەڵدانی شێخ سەعیددا گەورە بوو.
لە پێناو راستی و ئازادیدا زۆر جار رووبەڕووی مردن بووەوە
لە هەڕەتی لاوێتی و سەردەمی خوێندکاریدا تێکۆشانی ئازادی ناسی و لە ناو ریزەکانیدا بەشدار بوو. کاتێک لە زانکۆی چوکورۆڤا دەیخوێند، یەک لە پێشەنگەکانی راگەیاندنی ئازاد و شۆڕشگێڕ غوربەتلی ئەرسۆزی ناسی کە لە هەمان زانکۆ دەیخوێند. لە رێگەی ئەو ناسینەوە دەبێتە خوێندکارێکی غوربەتلی ئەرسۆز و ئەزمونی گەرنگی لێوە فێردەبێت.
هەڤاڵ سەید بەو خواست و جۆش و خرۆسەوە لە ساڵی ١٩٩٠ لە هەوارگەی سەرهەڵدان و بەرخودان، لە ئامەدەوە، بەشداری ریزەکانی تێکۆشان دەبێت. مێژووی پڕئازار ومەینەتی وڵاتەکەی بەرپرسیارێتییەک دەخاتە سەرشانی، هەربۆیەش بەو زانابوونەوە دەجوڵێتەوە و لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە دەست بە خەباتی راگەیاندن دەکات.
لەو دژوارترین ساڵانەدا کە لە باکووری کوردستان هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد هەڵکشابوون، گوندەکان دەسوتێندران، رۆژنامەوانان لە سەر شەقمەکان دەکوژران، هەروەها بە هەزاران کەسایەتی پێشەنگ زیندانی دەکران و دەکوژران، هاوڕێ سەید لەگەڵ هەڤاڵانی خۆی بە بێ دڕدۆنگی کاری دەکرد و راستی بۆ جیهان دەگواستەوە. لەو رێگە دژوارەدا چەند جار لەلایەن داگیرکەرانەوە دەستگیر و زیندانی دەکرێت.
کاتێک بارەگای رۆژنامەی ئۆزگور ئولکە لە ئیستەنبوڵ و نوسینگەکانی لە ئەنقەرە و ئامەد لە ٣ ی کانونی یەکەمی ١٩٩٤ دا بە شێوەی هاوکات لە شەودا تەقێنرانەوە، هاوڕێ سەیدیش لە ناوەندی گشتی رۆژنامەکە، کە وەک بەرپرسیاری دەستەی نوسین ئەرکداربوو، لەو هێرشەدا لەگەڵ ٢٣ هەڤاڵی برینداربوو.
لەو کاتەدا کە مرۆڤەکان دەترسان رۆژنامە بخوێننەوە، ئەو بە بێ دوودڵی ئەو کارەی بەڕێوەدەبرد. لە پێناو ئەوین و ئەشقی راستی و ئازادیدا زۆر جار رووبەڕووی مەرگ بووەوە.
روودەکاتە جیا و راستی تێکۆشانی ئازادی دەگێڕێتەوە
لە چوارچێوەی ئەرکی ناسین و ناساندنی راستی وڵاتەکەی، دوای ماوەیەک روودەکاتە چیاکانی کوردستان و بە پێنوسەکەی راستی تێکۆسانی ئازادی دەگێڕێتەوە. لە سەر رێچکەی پێشەنگەکانی وەک غوربەتلی ئەرسۆز لە چیا ئازادەکان بۆ چەندین ساڵ لە ژیان و تێکۆشانی گەریلای کۆڵییەوە و بۆ گەلی کورد و جیهانی راگەیاند. لەو چوارچێوەدا لە سەر بابەتە ئەکادیمی، مێژوویی و وێژەییەکانیش بە دەیان نوسین ئامادە دەکات و دەستی گەورەی هەبوو لە دەوڵەمەندکردنی ئەرشیڤی راگەیاندنی ئازاد. گەشتی خۆی لەو پێناوەدا بە ناوی "گەشتێک بەرەو کەناری ژیان" دەکاتە کتێب.
هاوڕێ سەید نەک هەر لە کوردستان و چیاکانی، لە زۆر وڵاتیشدا کە کورد تیایدا دەژین، ئەرکی راگەیاندنی بەڕێوەبرد. لە وڵاتانی پێشووی سۆڤیەت، ئەرمینیا و رووسیا لە سەر دۆخی کۆمەڵگەی کورد لەو ناوچانە و کەسایەتیە ناودارەکان لێکۆڵینەوەی کرد. بەڵام بەوەش قایل نابێت، لە هەر جوگرافیایەکی کوردستان کە جموجۆڵی شۆڕشگێڕی تێدا بێت روودەکاتە ئەوێ.
دەبێتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی شۆڕشی رۆژئاوا و راگەیاندنی شۆڕش
کاتێک ساڵی ٢٠١٢ لە رۆژئاوا شەپۆلی شۆڕش بەرزبووەوە، هاوڕێ سەیدیش روودەکاتە ئەو خاکە. لەلایەکەوە راستی شۆڕش دەگێڕێتەوە و دەنوسێت، لەلایەکیشەوە لە دامەزراندن و داڕشتنی خەباتی راگەیاندندا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. لە دێرکەوە تا عەفرین لە تەواوی جوگرادیای هەرێمەکە هەنگاو بە هەنگاو دەگەڕێت، چاودێری قۆناغەکانی شۆڕش دەکات و بە دەیان خوێندکار پەروەردە دەکات. بەو خەباتەیەوە دەبێتە یەک لە کۆڵەکە و پایەکانی شۆڕشی رۆژئاوا و راگەیاندنی شۆڕش. ئەو بەرپرسیارێتی خۆی لە سەرخستنی، رۆڵ و گرنگی راگەیاندنی تا دواساتی ژیانی بە سەرکەوتووانە بەڕێوەبرد.
هەڤاڵ سەید ئەڤران کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە ململانێی لەگەڵ نەخۆشی و کێشەی تەندروستی دەکرد، دوو جار تووشی جەڵتە و وەستانی دڵ ببوو، هەربۆیە ناچاربوو چەند جار نەشتەرگەری بۆ بکرێت. سەرباری کێشەی تەندروستیش، بێ پسانەوە خەباتی خۆی بەڕێوەدەبرد و بەهیچ جۆرێک جۆش و خرۆش و وردەی کەمی نەدەکرد.
لەم دواییەدا جارێکی تر نەخۆشیەکەی سەریهەڵدایەوە و دۆخی تەندروستی تێکچوو، هەربۆیە لە نەخۆشخانە خرایە ژێر چاودێری تەندروستیەوە. بەڵام بەداخەوە سەرباری هەموو هەوڵەکانیش، سەرلەبەیانی ٢٢ی ئەیلول دڵی وەستا و لەنێو ئێمە باری کرد.
بووە مەشخەڵێکی رێگەی راستی
هەڤاڵ سەید ئەڤرانیش وەک تێکۆشەرانی راگەیاندنی ئازاد وەک ئاپێ موسا، غوربەتلی ئەرسۆز، خەلیل داغ، نوژیان ئەرهان، دەنیز فرات، دلشین ئیبیش و بە دەیان شەهیدی دیکەی رێگەی راستی و ئازادی بووە مەشخەڵێک کە رۆشنکەرەوەی رێگەمانە. میراتێکی گەورەی بۆ رێبوارانی رێگەی رۆشنگەری بەجێهێشتووە. ئێمەش وەک رێبوارانی شەڕڤانانی پێنوسی ئازاد بەڵێنی گوڕدان بە بەرفراوانکردنی ئەم تێکۆشانی راستیەی دەدەین. رێگەی ئەوان بەردەوام رووناکی و زاناییمان پێدەبەخشێت".
هـ . ب