ئەمڕۆ حزبی شیوعی کوردستان دژی لێبڕینی مووچە و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی توركیا لە بەردەم بیانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا حزبی شیوعی، ڕایگەیاند: داواکارین دەستبەجێ ڕێککەوتنامەى نێوان هەردوو دەوڵەتى عێراق و تورکیا لە بارەى پاراستنى سنوورەوە هەڵبوەشێندرێتەوە و پێوستە سنوورێک بۆ لەشکرکێشیەکانى تورکیا دابنرێت و دەبێت لە خاکى هەرێمى کوردستان دەربکرێن.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: تێکدانى ژینگەى کوردستان و بڕینەوەى دارستانەکان و بەپێى پەیماننمامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بە پاراستنى ژینگە، بە تاوانى جەنگ ئەژمار دەکرێت و پێویستە پارێزگارى لە سەرچاوە سروشتیەکان بکرێت.
ڕاشیانگەیاند، دەوڵەتى ئێرانیش بەشێکە لەم پێشێلکارییەى بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجام دەدرێت و کۆتا ستەمیان گرتنەوەى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمە، کە مەترسى بۆسەر ژینگە و ژیانى هاوڵاتیانى کوردستان دروستکردووە.
لە بەشێکى دیکەى یاداشتەکەیان ئاماژەیان بەوەکرد، بەهۆى خراپى و ستەمى دەسەڵاتى هەرێمى کوردستانەوە ڕۆژانە ماف و ئازادییەکان پێشێل دەکرێن و فەرمانبەران و خانەنشینان موچەکانیان زەوت دەکرێت یان بە لێبڕینەوە وەریدەگرن.
باسیى ئەوەشیان کرد، گرانى بازاڕ و زیادکردنى باج و زەریبە لەسەر هاوڵاتیان بە پاساوى بەتایبەتکردنەوە هەموو ئەمانە گەلەکەمانیان دووچارى نەهامەتىەکى قوڵ کردۆتەوە.
حزبی شیوعی یاداشتەکەیان دایە دەست پەرلەمانتاران و داوایانکرد، هەموو ئەو ڕێککەوتنانە هەڵبووەشێتەوە، کە بۆ بەزانندی سنوور لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراون و سنوور بۆ پێشلکارییەکانی تورکیا دابنرێت، هاوکار بڕینەوەی داری دارستانەکانیش ڕابگیرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٢٣ی مانگی ٤ی ٢٠٢١وە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشێکی بەرفروانی بۆ سەر زاپ،ئاڤاشین و مەتینا لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و داگیرکاری و بڕینەوە و سوتاندنی دارستانەکانی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، ناڕەزایی بەرفروانی لێکەوتوەتەوە.