هیچ زانیارییەک بەردەست نییە سەبارەت بەو کرێکارە مەخموریانەی لای پەدەکە دەستبەسەرن

هیچ زانیارییەک بەردەست نییە سەبارەت بەو کرێکارانەی کەمپی پەنابەرانی مەخمور کە ١٧ ی تشرینی یەکەم لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون.

لە ١٧ ی تشرینی یەکەم لە گوندی کانی کەندی سەر بە قەزای کۆیە لە هەولێر، ئۆتۆمبیلی بنەماڵەیەکی کەمپی پەنابەرانی مەخمور لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرایە ئامانج، بەهۆیەوە گەنجێک بە ناوی دلۆڤان ئیشلەک شەهید بوو.

هەمان ڕۆژ، ٥ کرێکاری کەمپی پەنابەرانی مەخمور ویستیان لە بەغداوە بچنە پێش کاروانی تەرمی دلۆڤان ئیشلەک، بەڵام لە بازگەی بیرێباسی پەدەکە لە هەولێر دەستبەسەرکران و برانە ئاسایشی هەولێر.

لەو ڕۆژەوە، سەبارەت بەو کرێکارانە بە ناوەکانی زاگرۆس ئەتالای، محەمەد نوری ئاڤجی، محەمەد شیرین ئاڤجی، ئەحمەد بایتاش، بێوار بایتاش، هیچ زانیارییەک بەردەست نییە.

بنەماڵەی ئەو کرێکارانە بۆ وەرگرتنی زانیاری چوونە بازگەی بیرێباس و چارەنووسی ڕۆڵەکانیان لە هێزەکانی پەدەکە پرسی. هێزەکانی پەدەکە سەرەتا دەستبەسەرکردنی کرێکارەکانیان ڕەتکردەوە. بەڵام پاش پێداگریی بنەماڵەکان، دانیان بەوەدا نا ئەو ٥ کرێکارە لای ئەوان دەستبەسەرکراون و براون بۆ ئاسایشی هەولێر. سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، بنەماڵەکان زانیاریان دەسنەکەوت سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆڵەکانیان و نیگەرانن سەبارەت بە ژیانی ئەوان.

پێشتریش چەند دانیشتوویەکی کەمپی مەخمور لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون و بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.