حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکی نووسراودا هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکات، لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: " لەشکرکێشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر خەڵکی کوردستان جێگای سەرکۆنە و ڕیسواکردنه لەلایەن ئێمە و هەر ئینسانێکی ئازادیخوازەوە!".
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی زەمینی و ئاسمانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ ناو قوڵایی شاری دهۆك و گوندەکان و ھاتنەناوەوەی دەیان تانك و زریپۆش و ھەزاران سەربازی سوپای تورکیا و دانانی دەیان خاڵی پشکنین و هاتوچۆ زیادکردنی بنکەی سەربازی، هاوکات هێرشی ئاسمانی بە درۆن و بۆردومانکردنی ناوچە سنوریەکان و ناچارکردنی خەڵکی ناوچەکە بە کۆچ کردن لەپاڵ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیل لە شارەکانی کوردستاندا، گۆشەیەکی تر لە سیاسەتی میلیتاریزم و فراوانخوازی حکومەتە فاشیستەکەی ئۆردۆگان نمایش دەکات".
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە ئەم سیاسەتە تەنها کوشتن و کاولکاری بۆ خەڵکی کوردستان دەهێنێت و دەڵێت: "دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە سێ دەیەی ڕابردووەوه بەبیانووی ھەبوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی لە هیچ تاوانێك نەپاراستووە. تائێستا چەندین گوندی وێرانکردووە و باخ و ڕەز و پاوانی سوتاندوە و دەیان هاوڵاتی سڤیلی برینداركردووه و کوشتوە، تەنانەت کەمپی ئاوارەکانی کردۆتە ئامانجی فڕۆکە جەنگیەکانی خۆی و خەڵکی بێتاوانی لە خوێن هەڵکێشاوە و بەردەوامیش ترس و دلەراوکێ کردۆتە تارماییەکی کوشندە بەسەر ژیانیانەوە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەم سیاسەتە هەوڵێکە بۆ داپۆشینی شکستی دەسەڵاتی ئەردۆگان و کێشە ناوخۆییەکان، هەروەها ڕەخنە لە بێدەنگی ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتی عێراق دەگرێت، دەڵێت: "ئەم لایەنانە لەپیناو گەیشتن بە بەرژەوەندیە سیاسیە چەپەڵەکانیان، ئامادەن سەلامەتی گیانی و ماڵی و ئەمنیەت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی کوردستان، بەبارمتە بگرن و بیخەنەبەردەم مەترسییەوە".
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەپاڵ شەرمەزارکردنی هێرشەکان، ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی کوردستان، دەڵێت: "تەنها بە خەباتی یەکگرتوانەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ناوچەکە، لەپێشیانەوە کرێکاران و ئازادیخوازانی کۆمەڵگەی تورکیا و هێنانەمەیدانی ناڕەزایەتیەکی جەماوەری بەرفراوان بەدژی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، دەتوانرێ سنورێک بۆ تاوانەکان و دەستدرێژی و پەلامارە سەربازیەکانی دابنرێ".