حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک: سازش لە سەر کوردستانی بوونی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ناکەین

حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک بە بۆنەی نەورۆزەوە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان خوێندەوە و تیدا، جەختیان کردەوە لە جێبەجێ کردنی تەواوی بڕگەکانی مادەی (١٤٠)ی دەستوور بۆ مسۆگەرکردنی پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە.

ئێوارەی دوێنێ لە قەڵای شاری کەرکوک، بە ئامادەبوونی نوێنەری حزب و لایەنە کوردستانیەکانی شارەکە بەبۆنەی نەورۆزەوە، وە بە ئامادەبوونی هەزاران هاووڵاتی شارەکە لە قەڵای کەرکوکەوە، حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک داوایەکیان ئاڕاستەی حکومەتی ناوەندی عیراق کرد کە تیدا داوا کرا مادەی ١٤٠ دەستوری عیراقی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان بخرێتەوە بورای جێبەجێ کردنەوە و حزبە کوردستانیەکانی شارەکە ڕایانگەیاند کە سازش لە سەر کوردستانی بوونی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ناکەن.

لە قەڵای کەرکوکەوە حزب و لایەنە سیاسییەکانی شاری کەرکوک جگە لە پەدەکە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان خوێندوە کە لە بەیاننامەکە نەورۆزیان پیرۆز کرد و پەیامێکیان ئاڕاستەی حکومەتی عراق کرد.

بەیاننامەی حزب و لایەنە کوردستانیەکانی کەرکوک لەلایەن ئاسۆ مامەند ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستانەوە خوێندرایەوە، کە تیدا هاتبوو: " جەماوەری بە ئەمەکی کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، کەرکوكییە خۆڕاگرەکان، نەورۆز، و راپەڕین، و رزگارکردنی کەرکوکتان باش، ئەمڕۆ هەموومان پێکەوە، لەسەر قەڵای دێرینی کەرکوکەوە.. بە جلوبەرگی ئاڵ و وئاڵای نەتەوەیی و ئاڵای کوردستانەوە، جەژنی نەورۆز و یادی راپەڕین و (٣١)مین ساڵەی رزگارکردنی شاری کەرکوک پیرۆز دەکەین، کە بۆ یەکەمین جار لە مێژوویی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورددا لە بەهاری ساڵی (١٩٩١) ئەم شارە بە پشتیوانی خەڵکی دلێر و خۆڕاگری کوردستان و هێزی پێشمەرگە، ئازاد کرا و دەسەڵاتە فاشیست و ستەمکارەکەی بەعسیان راماڵی، و ئێوارەی (٢٠)ی ئادار (خەڵک و پێشمەرگە) بەیەکەوە زەماوەندی سەرکەوتنی (راپەڕین) و (رزگارکردنی کەرکوک) و (جەژنی نەورۆز)یان گێڕا، بە رزگارکردنی کەرکوکیش راپەڕینی ساڵی (١٩٩١) تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا" .

نەورۆز هێمای بەگژداچوونەوەی ستەمکاراییە

سەبارەت بە هێمای نەورۆز بۆ گەلی کورد ئاسۆ مامەند ووتی : "جگە لەوەی (نەورۆز) بۆنەیەکی مێژووییە، هاوکات هێمایەکیشە بۆ بە گژداچوونەوەی نادادیی و ستەمکاری و زۆرداری، نەورۆز لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسی و فەرهەنگی خەڵکی کوردستاندا بریتییە؛ لە ئاشتی و ئازادیی و خۆشەویستی و یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتن لە سروشت و جوانییەکانی" .

گرفتی جددی لە سەر مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان هەیە

 هەروەها سەبارەت بە بارودۆخی هاووڵاتیان لەناوچە جیناکۆکەکان، ئاسۆ مامەند بەناوی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوکەوە ووتی :جەماوەری خۆشەیست و کۆڵنەدەری کەرکوک، لە کاتێکدا ئەم ساڵ جەژنی نەورۆز و یادی (٣١) ساڵەی راپەڕین و ئازادکردنی کەرکوک دەکەینەوە، هەم ناوچەکە و هەم عیراق، هەم ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی لە هەڵکشاندایە، تا دێ پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە دۆخێکی نا سروشتیدا تێدەپەڕێ، هەروەها (پێک-نەهێنانی) حکومەتی نوێی عیراقیش، یەکێکی دیکەیە لەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی پڕۆسەی سیاسی عیراق بووەتەوە، و هەروەها گرفتی جددیشی لە سەر خواست و مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان درووست کردووە" .

جەخت دەکینەوە لە جێبەجێ کردنی تەواوی بڕگەکانی مادەی (١٤٠)ی دەستوور

لە درێژەی بەیاننامەی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک جەخت لەسەر مادەی ١٤٠ کرایەوە و ئاسۆ مامەند ووتی : "ئەم بۆنەیە بە دەرفەتێک دەزانیین تێیدا جەخت بکەینەوە؛ لە جێبەجێ کردنی تەواوی بڕگەکانی مادەی (١٤٠)ی دەستوور کەزامنی پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم شارەیە، و هەروەها داوا لە حکومەتی فیدڕاڵیش دەکەین؛ کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت کە ماوەی پێنج ساڵە بە سەر خەڵکی کەرکوکدا سەپێنراوە، جگە لە (پێکهاتەیەک) ئەوانی دیکە لە زۆربەی ئیستحقاقە دەستوری و هەڵبژاردنییەکان بێبەش و پەراوێز خراون، و هاوبەشی راستەقینە لەم پارێزگایەدا لە سایەی ئەم (ئیدارەیە) کەوتووەتە بەر هەڕەشە و مەترسی جددیی" .

سازش لە سەر کوردستانی بوونی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ناکەین

ئەو بەرپرسە سیاسیە ووتیشی : "ئێمە پێمان وایە باشترین رێگەچارە بۆ پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، تەنها گەڕانەوەیە بۆ دەستووری هەمیشەیی ، بەدەر لەو رێگە چارەیە، پرسی کەرکوک هیچ رێگە چارەیەکی دیکە قبوڵ ناکات، هەروەها هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە، کە بە هیچ شێوەیەک سازش لە سەر کوردستانی بوونی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ناکەین، و پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بە مافی رەوای کورد دەزانیین، چونکە کورد لەدوایین هەڵبژاردندا جارێکی دیکە بەهێنانەوەی زۆرینەی دەنگ وکورسی لەپارێزگای کەرکوک سەلماندیەوە ئەم پۆستە مافی ڕەوای پێکهاتەی کوردە.

مافی کەرکوک لەڕوی خزمەتگوزاریشەوە فەرمۆشکراوە

هاووڵاتیانی بەڕێز، هەروەها ناوبراو پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی شارەکە کرد و ووتی:" ئەم شارە لەڕوی خزمەتگوزاریەوە فەرمۆشکراوەو ئەوەی بۆی دەکرێت وەک پێویست نیە چونکە خودی شارەکە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە، بۆیە دەکرێت گرنگی تەواوی پێبدرێت و دانشتوانەکەی زیاتر خزمەت بکرێت" .

لە کۆتایدا بەناوی حزبە کوردستانییەکانی شاری کەرکوک، ئاسۆ مامەند ووتی: " سڵاو.. لە شەهیدانی راپەڕین، و سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاریخوازی کوردستان، دووبارە نەورۆز، و راپەڕین، و رزگارکردنی کەرکوکتان پیرۆز بێت ".

ژ.ت