هێزه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی تورك له‌ باكووری كوردستان سه‌دان داریان له‌ناوبرد

هێزه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی تورك، له‌ ناوچه‌ی خیزانی سه‌ر به‌ به‌دلیس و گوندی خوله‌پور، له‌ ڕێگه‌ی حه‌فاره‌وه‌ سه‌دان دره‌ختی میوه‌ و بندقیان له‌ ڕیشه‌وه‌ هه‌ڵكه‌ند و له‌ناوبرد.

ڕۆژی ٢ی ئه‌م مانگه‌، ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر،  له‌ ١٠ گوندی ناوچه‌ی خیزانی سه‌ر به‌ به‌دلیس "قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ"ی ڕاگه‌یاند و له‌ ماوه‌ی ٥ ڕۆژی قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه‌ش زه‌ر و زیانی به‌ زه‌وی و زاری دانیشتوانی ناوچه‌ گه‌یاند، هه‌روه‌ها به‌ حه‌فاره‌ سه‌دان دره‌ختی له‌ ڕیشه‌وه‌ هه‌ڵكه‌ند.

له‌وباره‌شه‌وه‌ محه‌مه‌د ساكی ئاڵتون، یه‌كێك له‌ دانیشتوانی گوندی خه‌له‌پور وتی: سه‌دان داری میوه‌ و بندق به‌ حه‌فاره‌ له‌ ڕیشه‌وه‌ هه‌ڵكه‌ندراون.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، زه‌وییه‌ك كه‌ ٣٠ دۆنم بوو له‌ ماوه‌ی چه‌ند چركه‌دا وێران كرا. پێویسته‌ شاندێك بێت بۆ گۆنده‌كه‌ و به‌دواداچوون له‌وباره‌یه‌وه‌ بكات. ده‌بێت ئه‌و سوكایه‌تی و سته‌مه‌ ببینرێت. ئه‌و نه‌مامانه‌ بۆ ئێمه‌ سه‌رچاوه‌ی بژێوی بوون. تاكه‌ ئامانجیان ئه‌وه‌ بوو زیان به‌ ئێمه‌ و سروشته‌كه‌مان بكه‌یه‌نن.

ژ.ن