بە گوێرەی زانیارییەکان کە لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە وەرگیراون، رۆژی دووشەممە ٢٨ی ئاب هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران لە شاری ئیلام هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی شەهید ئیدریس شەفیعی (رزگار زەڕنەیی) و ئەندامانی بنەماڵەکەیان رووبەڕووی ئازار و ئەسکەنجە کردووەتەوە.
هێزە ئەمنییەکان کەلوپەلی ناوماڵەکەیان شێواندووە و بێڕیزییان بە وێنەکانی شەهید رزگار کردووە و چەند وێنەیەکیان شکاندووە.
شەهید ئیدریس شەفیعی (رزگار زەڕنەیی) مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ سێ گەریلا بە ناوەکانی ئەرسەلان حەسەنی بە ناسناوی بۆتان سپیران، محەمەد موحەمەدی بە ناسناوی فەرهاد زرێبار و رەهبەر ئودونگیت بە ناسناوی مەمیان هەزرۆ لە بۆسەیەکی هێزە کۆنترا و بەکرێگیراوەکانی رژێمی ئێران لە ناوچەی جوانرۆی هەرێمی شاهۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای شەڕ و بەرخودانێکی گەورە شەهیدبوون.
ناوەندی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە راگەیەندراوێکدا لە ٤ی ئابی ٢٠١٩ لەبارەی شەهید بوونی ئەو گەریلایانە، سەبارەت بە شەهید رزگار زەڕنەیی رایگەیاندبوو: "هەڤاڵ رزگار زەڕنەیی لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. دوژمنی داگیرکەر لە کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین کردەوەی چەپەڵ و سیاسەتی تواندنەوە بەڕێوە دەبات. لە دژی گەنجانی کورد، بۆ ئەوەی خۆیان نەناسن و لە ناسنامەی خۆیان دوور بکەونەوە هەموو جۆرە کارێکى قێزەون ئەنجام دەدات. هەڤاڵ رزگار زەڕنەیی لە تەمەنی گەنجیی دا لە بەرامبەر ئەم کردەوانەی رژیم و سیاسەتەکانی دوژمن سەرهەڵدەدات و دەست بە لێکۆڵین و گەڕان دەکات. بە پاکی و دروستی لە دواى لێکۆڵینەوەکانى و بە کەسایەتى و هەڵوێستى سەرهەڵدێربوونی بە بێ دوودڵی بەشداری بزووتنەوەی ئازادی دەبێت. بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە ملیتانان و جەنگاوەران و هەڤاڵانی راستی سەرۆکایەتی بە دڵ و گیان بەشداری خەباتەکانی پارتی دەبێت. بە هۆی رووخۆشی و رووگەشیی خۆیەوە زۆر زوو لە دڵی هەڤاڵان جێگای دەبێتەوە و داخواز و پێداگریی هەڤال رزگار هەمووکاتێک ئەوە بوو، کە هەموو کاتێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەمبەری دوژمنانی قڕ کەر شەڕ بکات، بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا چوو بۆ رۆژهەڵات و تا دوایین ساتی ژیانی خۆی بە هەڵوێستی ئاپۆیی لە بەرامبەر دوژمنانی قڕکەر تێکۆشانی کرد و شەهید بوو".
هـ . ب