هێزەکانی پەدەکە بە فەرمانی دەوڵەتی تورک ٣ گەنجیان رفاند
٣ گەنج کە دیمەنی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرییان بۆ سەر گوندی گوهەرزی بڵاوکردبووەوە، لەلایەن پەدەکەوە دەستبەسەرکران.
٣ گەنج کە دیمەنی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرییان بۆ سەر گوندی گوهەرزی بڵاوکردبووەوە، لەلایەن پەدەکەوە دەستبەسەرکران.
بەپێی سەرچاوەکانی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە ڕۆژی ٢٠ـی تشرینی دووەم، دوای ئەوەی گەریلاکانی ئازادیی چالاکییان لە دژی سوپای داگیرکەری تورک ئەنجامدا و ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بۆردوومانی ناوچەکەی کرد، لەو کاتەدا ئەو گەنجانەی گوندی گوهەرز بە مۆبایلەکانیان بۆردوومان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان تۆمار دەکرد.
بە هۆی ئەوەی ئەو گەنجانە لە بنکە و بارەگاکانی داگیرکەرانەوە بیندراون، ئەوا دەستبەجێ فەرمانیان بە چەکدارانی پەدەکە کردووە کە ئەو گەنجانە دەستبەسەر بکەن، دوای ئەوەش چەکدارانی پەدەکە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی گوهەرز و هەریەک لە (ئاوار محەمەد تاهیر، ڕێدوور تۆفیق، ئامەد تۆفیق)یان ڕفاندووە و ماوەی سێ ڕۆژە لە ئاسایشی شارەدێی دێرەلووک دەستبەسەرکراون و مۆبایلەکانیشیان لێوەرگیراوە.
پێشتریش هەریەک لە (مەناف نەزمی، خالد نەجیب، ئەحمەد ئیبراهیم، تالب مووسا، هەوار مووسا، ئیبراهیم جبرائیل، بەدەل نوری) بە هەمان مەبەست بە ماوەی شەش مانگ زیندانیی کرابوون و بەشێکیانیش ئەشکەنجەی توند درابوون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژنیوز بە بەڵگە بڵاوی کردەوە، کە سوپای داگیرکەری تورک سەرقاڵی دروستکردنی نوێ و بارەگای سەربازییە لە پشتی گوندی گوهەرزەوە و چەکدارانی پەدەکەش ئەرکی چاودێریی کردنی حەفارە و کەرەستەکانی پێسپێردراوە، ٢٤ کاتژمێریش چاودێریی هاوڵاتییانی سنوورەکە دەکرێت.