کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لە پێنجەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئارگەش کارزان (جەمال رەحمانی)، تۆڵهەڵدان سنە (رەئوف ئیبراهیمی)، دلۆڤان فەدا (شەریف ئەمینی) و رۆژهات بۆکان (جەعفەر محەمەدی) یاد و بیرەوەری ئەو شەهیدانەی بەرزڕاگرت.
کۆدار رایگەیاند، "پێشەنگایەتی هەڤاڵ ئارگەش و هەڤاڵانی شەهیدمان، رێگەی ئازادی بۆ ئێمە هەموار کردووە". هاوکات داواشی لە رۆڵەکانی گەلی کورد کرد، لەپێناو درێژەپێدانی بە رێگەی ئازادی بچنە ریزەکانی تێکۆشانی گەریلاوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی کۆدار بەم جۆرەیە:
هەڤاڵانمان ئارگەش کارزان و تۆڵهەڵدان سنە وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادیی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لەگەڵ هەڤاڵانی شەهیدمان دلۆڤان فەدا و رۆژهات بۆکان رۆڵی گەورەیان لە بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە. بەشداری و ئامادەیی ئەو هەڤاڵانەمان لە ناوچە جیاجیاکان بە تایبەتی لە سنە رێکخستنەکانی بەهێزترکرد. لەناخەوە ئاوێتەبوونی ئەو هەڤاڵانە لەگەڵ گەلەکەیان و پەیوەستبوونیان بە ئامانجە ئازادیخوازانەکانی توێژ و کۆمەڵانی چەوساوە، جێگە و پێگەیانی لەناو گەلدا بەهێز کرد و لەمڕۆدا نمونەی ئازادیخوازین.
دوژمنی فاشیست و داگیرکەرێک بە ناوی دەسەڵاتی ستەمکارانەی ئێران خۆی لەبەردەم "یەک گیان و یەک جەستەبوونی"ی گەل و گەریلا پێنەگیرا، هەوڵیدا بە هێرشەکانی لەمپەر لەبەردەم رەوتی ئازادیخوازانەی گەل و گەریلا سازبکات و بەمەش بەشێوەی جیاجیا چارەسەری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاستەنگ بکات. رژێم بەئامانجی دابڕاندنی پەیوەندی نێوان هەڤاڵانی پێشەنگمان و گەلەکەمان لە ناوچەی سنە، لە رێگەی بەکارهێنانی بەکرێگیراوان و بە پیلانێکی ناجوامێرانە لە رۆژی ٧ی ئەیلولی ٢٠١٨ (١٦ی خەرمانان) هەڤاڵ ئارگەش و هەڤاڵانیان شەهید کرد.
شەهیدبوونی هەڤاڵ ئارگەش و هەڤاڵ تۆڵهەڵدان سەلماندی، کە وتە و کردەوەی ئەوان وەک فەرماندەی راستەقینە لە گۆڕەپاندا یەک شتە، چونکە خۆیان لە ڕیزی پێشەوەی تێکۆشاندا بوون و خۆیان رێگەی بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسییان دەکردەوە. ئەو هەڤاڵانە لە رێگەی بەرەوپێشبردنی تێکۆشان لە شاری سنە و ناوچەکانی، لاپەڕەیەکی زێڕینیان لە مێژوودا تۆمار کرد و دەرەنجامی تێکۆشانیان رۆشنکەرەوەی رێگەی خەباتمانە لەمڕۆدا. زۆرن ئەو گەنجە بوێر و ئازایانەی درێژە بە رێگەی ئارگەشەکان و تۆڵهەڵدانەکان دەدەن و رێبازی ئەوانیان پڕ رێبوار کردووە. رەنج و ماندووبوونی هاوبەشی گەلەکەمان و ئەو هەڤاڵانەمان بووەتە مایەی بەردەوامیدان بە چالاکی و تێکۆشانی بەربڵاوتر لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەرپرسیارێتی ئێمەشی قورستر کردووە. شێوەی گیانبازانە و فیداکارانە، رێگە و رێبازی دروستی ئەو شەهیدانەبوو، ئەمەش سەلماندی کە جگە لەوە ناتوانرێت بە شێوازی دیکە گەلی کورد رزگار بکرێت. ئەم رێگەیەی تێکۆشان و پەیجوری راستی، لوتکەی ئەو رێگەیە، کە رێبەر ئاپۆ خوڵقاندوویەتی و لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشێکی زۆر لەو رێگەیە بەرەو ئازادی تێپەڕیوە. هەڤاڵ ئارگەش و هەڤاڵانی بە بەختکردنی گیانی خۆیان لە گۆڕەپانی کرداردا، مانیفیستۆی تێکۆشانی راستییان بە کردەوەی خۆیان نوسیوەتەوە و رێگەی ئازادیخوازییان گەرنتی کردووە.
کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری شەهید ئارگەش، شەهید تۆڵهەڵدان، شەهید دلۆڤان و شەهید رۆژهات، جارێکیتر پەیمان لەگەڵ ئامانجەکانی ئەو شەهیدانە نوێ دەکاتەوە، کە تاکە ئاواتیان ئازادی گەلەکەمان بوو. بە دڵنیاییەوە رەنج و ماندووبوونی بێ وچانی ئەوان لە رێگەی تێکۆشانی کرداری هاوشان لەگەڵ گەلەکەمان بەرزڕادەگرین. وەک رێزێک لە هەوڵ و ماندووبوونی ئەو شەهیدان و بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونیانەوە، داوا لە سەرجەم رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین کە رێگەی تێکۆشانی ئەوان پڕ ڕێبوار بکەن و بێنە ریزی تێکۆشانی گەریلاوە. هێنانەدی ئاواتەکانی ئەو شەهیدانە بە دڵنیاییەوە لە رێگەی دروستکردنی سیستمێکی پشت ئەستور بە ئیرادەگەرایی گەلەکەمان دەستەبەر دەبێت، کە لەمرۆدا و لە سایەی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕیی "ژن، ژیان، ئازادی" پێیناوەتە قۆناغێکی گەشەسەندووترەوە. بەرز و بەڕێز بێت یاد و بیرەوەری سەرجەم شەهیدانی گەلەکەمان".
ژ.ن