خه‌ڵكی مه‌خمور به‌ ڕێپێوانێكی جه‌ماوه‌ری گۆشه‌گیریان شه‌رمه‌زار كرد

خه‌ڵكی مه‌خمور، به‌ ڕێپێوانێكی جه‌ماوه‌ری هه‌ڕه‌شه‌ و گۆشه‌گیری سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان-یان شه‌رمه‌زار كرد و ڕایانگه‌یاند، تا ئه‌و كاته‌ی ئازاد ده‌كرێت، درێژه‌ به‌ چالاكییه‌كانیان ده‌ده‌ن.

دانیشتوانی كه‌مپی په‌نابه‌رانی شه‌هید رۆسته‌م جودی (مه‌خموور) به‌ ڕێپێوانێكی جه‌ماوه‌ری هه‌ڕه‌شه‌ و گۆشه‌گیری سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان-یان شه‌رمه‌زار كرد. ڕێپێوانه‌كه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌به‌رده‌م بینای ڕێكخراوی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد و تا بینای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ كه‌مپه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو.

له‌ ڕێپێوانه‌كه‌دا پۆسته‌ره‌كانی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان به‌رزكرایه‌وه‌ و دروشمه‌كانی په‌یوه‌ست بوون به‌ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد وترانه‌وه‌ دواتر له‌به‌رده‌م بینای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ لایه‌ن سه‌عید چۆمله‌ك، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌.

سه‌عید چۆمله‌ك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ماوه‌ی ٢٥ ساڵه‌، ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌ ئیمرالی له‌ نێو هه‌لومه‌رجێكی دژوار دا زیندانی كراوه‌ و وتی: بارودۆخی زیندانی ئیمرالی به‌جۆرێكه‌ كه‌ نموونه‌ی له‌ جیهاندا نییه‌. ئه‌و دۆخه‌ دژواره‌ی به‌سه‌ر ڕێبه‌ر ئاپۆدا سه‌پێندراوه‌، نایاسایی، نادادپه‌روه‌ری و دور له‌ مافه‌كان و بێویژدانییه‌كی گه‌وره‌یه‌، ئه‌مه‌ش هه‌رگیز له‌لایه‌ن گه‌لی كورده‌وه‌ قبوڵ ناكرێت.

چۆمله‌ك جه‌ختیشیكرده‌وه‌، له‌ پێناو ئه‌وه‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، ئۆجالان بتوانێت به‌ ئازادانه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگاكه‌یدا بژیت، به‌ هه‌موو جۆرێك چالاكی ئه‌نجام ده‌درێت و چالاكییه‌كان به‌هێزتر ده‌كه‌ن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆمیته‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپی مه‌خمور وتیشی: بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت بۆچی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد له‌ ئیمراڵی زیندانی كراوه‌، پێویسته‌ گه‌لی كورد به‌ باشی له‌ ناوه‌ڕۆكی په‌یماننامه‌ی لۆزان تێبگات، وتیشی: ئێستا له‌ ١٠٠ه‌مین ساڵی په‌یماننامه‌ی لۆزان نزیكده‌بینه‌وه‌. په‌یماننامه‌ی لۆزان دابه‌شكردنی جوگرافیای كوردستان و گه‌لی كورده‌. له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا بڕیاریان داوه‌ جێگه‌ی گه‌لی كورد و كوردستان له‌ جیهاندا نه‌مێنێت. له‌ سه‌رده‌مێكی له‌مشێوه‌یه‌دا ڕێبه‌ر ئاپۆ به‌ فكر، بیردۆزی، فه‌لسه‌فه‌ی خۆیه‌وه‌ له‌دژی ئه‌و سیستمه‌ وه‌ستایه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ سیستمی سه‌رمایه‌داری ڕێبه‌ر ئاپۆی گرت و ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ری كرد.

چۆمله‌ك هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌نجام ده‌درێت، دژی گه‌لی كورده‌ و له‌ كه‌سایه‌تی ڕێبه‌رایه‌تی، گه‌لی كورد سزا ده‌درێت و وتی: ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌ركرده‌كانی جیهان بڕیاریان داوه‌ تێكۆشان بۆ ئازادی كوردستان شكست پێبێنن و به‌ هه‌موو جۆرێك پشتیوانی و هاوكاری ده‌وڵه‌تی تورك ده‌كه‌ن. بۆیه‌ پێویسته‌ خاوه‌نی بڕیار و ئیراده‌یه‌كی ئازاد و به‌هێز بین. له‌و بڕوایه‌یی له‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ وه‌رمانگرتووه‌، ده‌توانین تا كۆتایی رووبه‌ڕووی هه‌موو جۆره‌ داگیركارییه‌ك ببینه‌وه‌. چوونكه‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ بۆ ئێمه‌ ژیانه‌ و ژیان بێ ڕێبه‌ر ئاپۆ بێ واتایه‌.

ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ به‌ دروشمه‌كانی "بژی سه‌رۆك ئاپۆ" و"بێ سه‌رۆك ژیان نابێت" كۆتایی هات.

ژ.ن