خەڵکی مەخمور بەئامانجگرتنی پادێیان شەرمەزار کرد

خەڵکی کەمپی پەنابەرانی مەخمور پەیوەست بە قڕکردنی شەنگال ڕاگەیاندراویان خوێندەوە و دەستنیشانیان کرد بەئامانجگرتنی پادێ، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگالدا نیشانەی بەردەوامیی پیلانگێڕییە.

خەڵکی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) بەبۆنەی دەهەمین ساڵیادی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر مەخمور و شەنگال ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لە دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدانی مەخمور بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان ئەندامی دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان، مامۆستا حوسێن کارا قسەی کرد.

مامۆستا حوسێن کارا ڕایگەیاند ئامانجی هێرشەکەی داعش کوردستان و مێژووی کوردان بوو، بۆیە هێرشیان کردە سەر باوەڕی ڕەسەنی کوردان لە شەنگال، تیشکی خستەسەر خیانەتی پەدەکە و جێهێشتنی شەنگال بۆ داعش، ئاماژەی کرد بە هێرشەکەی سەر مەخمور و گوتی: " ئەزموون و ڕێکخستنی جڤاکی مەخمور و هەولێری پاراست. مەسعوود بارزانی خۆی هاتە کەمپەکە و سوپاسی شەڕڤانانی کرد. پەدەکە قەرزاری پەکەکەیە. بەڵام بنەماڵەی بارزانی هەرگیز خۆیان لە خیانەت ڕزگار نەکرد. لە شەنگال پیلانیان گێڕا، لە مەخمووریش پیلانیان گێڕا. ئەمڕۆش هەمان کار دەکەن و هەوڵ دەدەن ئەم قڕکردنە بکەن بە فەرمی. ئەوان دان بە خۆبەڕێوەبەری شەنگال نانێن و دامەزراوە مەدەنییەکانی شەنگال وەک پادێ دەکەنە ئامانج. بەئامانجگرتنی پادێ، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگالدا نیشانەی بەردەوامیی پیلانگێڕییە".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" و "شەهید نامرن" کۆتایی هات.