خوێندکارانی دوو زانکۆی باشوری کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

بۆ ئەوەی دەەماڵەکانیان خەرجبکرێت، خوێندكارانی زانكۆی هەڵەبجە و زانكۆی چەرمۆی چەمچەماڵ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دەڵێن، ئەگەر دەرماڵەكانیان بۆ خەرج نەكرێت خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەستپێدەكەنەوە.

دوای زیاتر لە دوومانگ لە بڕیارەكەی حكومەت تائێستا دەرماڵە بە خوێندكاران نەدراوە و ئەمڕۆ، خوێندكارانی زانكۆی هەڵەبجە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان كرد لە ئەگەری پێنەدانی دەرماڵەكانیان.

خوێندکاران لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیدا راگەیەنراوێکیان خوێندەوە و رایانگەیاند، "دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو خۆپیشاندانمان كرد، بۆماوەی ١٨ ڕۆژ بەردەوامبوین بۆ داواكردنی مافە سەرەتاییەكانمان كە پێدانی دەرماڵەكانمانە، دواتر لەبەر بەفێرۆنەچوونی خوێندنمان بڕیارماندا بەڕاگرتنی خۆپیشاندانەكان بۆ ماوەیەكی كاتیی بۆ ئەوەی حكومەت لەو ماوەیەدا دەرماڵەكانمان دەرماڵەكانمان بۆ بگەڕێنێتەوە."

هەروەها  لەبەردەم زانکۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ، لەلایەن بەشێک لەخوێندکارانی ناڕازایی زانکۆی چەرمۆوە بەیاننامەیەک خوێندرایەوە و داوای خەرجكردنی دەرماڵەكانیان كرد.

لە بەردەم زانکۆدا خویندکاران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتیان: لەماوەی ڕاگرتن خۆپیشاندانەکان چەندین کۆبوونەوەمان ئەنجامدا لەگەڵ تیمی حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا وەک نوێنەری ناڕازیی سەرجەم زانکۆکان، بەڵام دوای ٦٦ ڕۆژ هیچ هەنگاوێکی جددیی نەنراوە بۆدابەشکردن دەرماڵە.

كۆتايی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە دژی خەرجنەكردنی دەرماڵەكانیان لەلایەن حكومەتەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لەژێر فشاری خوێندكارندا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا دەرماڵەی خوێندكاران خەرجبكرێت.

ف.ق