خیانه‌ته‌كانی په‌ده‌كه‌ له‌ ساڵی ١٩٧٠-١٩٧٥

"بنەماڵەی بارزانی تەنیا بە سیخووڕی بۆ داگیرکەران، دڵیان ئاوی نەخواردووەتەوە، بەڵکوو خۆشیان وەک داگیرکەران و دوژمنان لە نێو کورداندا ڕەفتاریان کردووە، هەر لە تیرۆری شۆڕشگێڕانی پارچەکانی ترەوە تا بەدەستەوادانیان بە داگیرکەرانی کورستان".

هەڵسەنگاندنێک بۆ ناپاکییەکانی پەدەکە بەپێی نووسراوەکانی د. قاسملۆ

به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازار به‌رهه‌می خه‌باتی گه‌ل بوو، یان بنه‌ماڵه‌ی بارزانی؟

دوای درووستكردنی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی ئێراق له‌ لایه‌ن ئیمپریالیزمه‌وه‌، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی خۆیان، باشووری كوردستانیشیان لكاند به‌ ده‌وڵه‌تی ئێراقه‌وه‌، ئەمە به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی جیاوازیی زمان و كەلتوور و نه‌ته‌وه‌. له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یشدا فره‌ڕه‌نگی بوونی نییه‌ و یه‌ك نه‌ته‌وه‌ و یه‌ك كلتوور و زمانی ڕه‌سمی هه‌یه‌. له‌ سه‌ره‌تای درووستبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌یشه‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی باشوور نه‌چووه‌ ژێر باری سیاسه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی كردووه‌‌. له‌ ساڵی ١٩٦٠ به‌دوایشه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، ده‌ستیان گرت به‌ سه‌ر یاخی بوونی كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری كوردستان، ئەویش له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی بنه‌ماڵه‌یی خۆیان، هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ چارەسەری كێشه‌ی گه‌لی كورد هەبووبێت، ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ دژی جووڵاونه‌ته‌وه‌.

به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازار:                  

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێراق له‌ به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازاری ١٩٧٠، دانی به‌ به‌شێك له‌ مافه‌ كلتووری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورددا نا. خه‌ڵكی باشوور و پارچه‌كانی تری كوردستان زۆر دڵخۆش بوون و پێیان وابوو، ئیتر له‌و مه‌ینه‌تی و ناڕه‌حه‌تییه‌ی جاران ڕزگاریان ده‌بێت. له‌م باره‌یه‌وه‌ د. قاسملۆ باسی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازار ده‌كات و ده‌ڵێت: (بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازار، وه‌ك مزگێنی نه‌جات و سروودی سه‌ركه‌وتن وابوو، له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان جه‌ژنی بۆ گێڕدرا، له‌ هه‌مووانیش خۆشحاڵتر حزبی دیموكراتی كوردستان بوو، چونكه‌ به‌شێكی زۆر له‌ كادر و به‌رپرسانی حزبی دیموكرات، ماوه‌یه‌كی زۆر بوو چالاكییان لێ قه‌ده‌غه‌ كرابوو، به‌ بیانووی پاراستنی قازانجی بزووتنه‌وه‌ی باشووری كوردستان. دڵمان خۆش بوو كه‌ ئیتر كێشه‌ی كورد له‌ باشوور چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و بزووتنه‌وه‌ی كورد ئیحتیاجی ئێران نابێت. ماوه‌یه‌ك دوای ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی ئازار، هه‌ندێ له‌ به‌ڕێوبه‌رانی حزبی ئێمه‌، چوونه‌ لای بارزانی و داوایان لێ كرد‌ ده‌ستوور بدات، مه‌سئولانی پارتی و پێشمه‌رگه‌ پێش به‌ تێكۆشان و هاتوچۆی كادره‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستان نه‌گرن و یارمه‌تییان بدات له‌  ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕێكخراوه‌كانی حزبی په‌ره‌ پێ بده‌ین. ته‌نانه‌ت داوای ئه‌وه‌یشیان لێ كرد له‌ بواری چاپه‌مه‌نییه‌وه‌ هاوكاریمان بكات. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی مه‌سئولانی حزبی ئێمه‌وه‌، بارزانی له‌ وه‌ڵامدا وتبووی: به‌ هیچ جۆرێك نابێت هاتووچۆی ئێران بكه‌ن و له‌ باشووری كوردستانیش باش نییه‌ زۆر دیار بن و بنكه‌ی پێشمه‌رگه‌یان هه‌بێت، به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر سنوور، هه‌روه‌ها ده‌ركردنی ڕۆژنامه‌ و چاپه‌مه‌نی كارێكی باش نییه،‌ چونكه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌، پێشنیاری ئه‌وه‌یشی كردبوو كه‌ ئێستا له‌ ئێراق حوكمی زاتی هه‌یه‌ و وه‌زیری كوردمان هه‌یه‌، باشتره‌ له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێراق په‌یوه‌ندی بگرن و له‌ شاره‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بمێننه‌وه‌).

په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌زگای هەواڵگریی ساواك و پاراستن:

دوای ئه‌وه‌ی بارزانی ئه‌وه‌ی سه‌پاند به‌ سه‌ر كادر و به‌رپرسانی حزبی دیموكرات، ناچار بوون ناوه‌ندی تێكۆشان بگوازنه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئێراق، هه‌روه‌ها چه‌كدارانی بارزانی له‌سه‌ر سنوور ڕێگه‌یان به‌ هاتووچۆی كادرانی حزبی دیموكرات نه‌ده‌دا بڕۆنه‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌م سیاسه‌ته‌ قێزه‌ونه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا به‌رده‌وامه‌، له ‌هه‌ رشوێنێك ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، ئه‌و شوێنه‌ خراوه‌ته‌ خزمه‌ت داگیركه‌ر، به‌ڵام ڕێگه‌یان به‌ شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی پارچه‌كانی تر نه‌داوه خه‌باتی تیا یكه‌ن.

د. قاسملۆ له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: (دوای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر پێشنیاری شه‌خسی بارزانی خه‌باتمان گواسته‌وه‌ بۆ شاره‌كانی ئێراق، به‌ فیتی شا ده‌زگای سه‌ر به‌ بارزانی كه‌وتنه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی دژی ئێمه‌ و په‌یوه‌ندی ئێمه‌ و حكومه‌تی ئێراقیان به‌ خۆفرۆشیی ناو ده‌برد. یه‌كێكی تر له‌ شاكاره‌كانی سه‌ركردایه‌تی بارزانی ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ده‌زگای پاراستنی پارتی به‌ هاوكاری ڕاسته‌وخۆی ده‌زگای ساواكی شا، چه‌ند نۆكه‌ر و گوێله‌مستی خۆیان له‌ نێو كوردانی ڕۆژهه‌ڵات، كه‌ له‌ باشووری كوردستان بوون، قوت كرده‌وه‌،  ناویشیان لێ نابوون به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كاتیی حزبی دیموكرات، به‌ به‌ڵگه‌ لامه‌ ده‌زگای ساواك له‌ ڕێگه‌ی ده‌زگای پاراستنه‌وه‌ كه‌ره‌سته‌ی چاپه‌مه‌نی و چه‌ك و پوولیان ده‌نارد بۆ ئه‌و تاقمه‌. ته‌واوی نووسراوه‌كانیشیان ته‌نها دژی ئێمه‌ بوو، ته‌نها یه‌كجاریش دژی شا هیچ شتێكیان نه‌نووسی، له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌ بوو، نووسراوه‌كانیان دیار بوو كه‌ كوردانی ئێراق نوسیویانه‌ و داویانه‌ به‌و تاقمه‌ به‌كرێگیراوه‌. له‌ حه‌ق ده‌رنه‌چین سازكردنی حزبی كارتۆنی و تاقمی دژی حزبی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی بارزانییه‌وه‌، ته‌نها دژی ئێمه‌ نه‌بووه‌ به‌ڵكوو به‌رانبه‌ر به‌ كوردانی باكوور و ڕۆژئاوایش كردوویه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت هیچ حزبێكی به‌هێز و یه‌كپارچه‌ هه‌بێت، له‌ هیچ پارچه‌یه‌كی كوردستان).

تیرۆكردنی كادر و خه‌ڵكی شۆرشگێڕی ڕۆژهه‌ڵات:

بنەماڵەی بارزانییی تەنیا بە سیخووڕی بۆ داگیرکەران، دڵیان ئاوی نەخواردووەتەوە، بەڵکوو خۆشیان وەک داگیرکەران و دوژمنان لە نێو کورداندا ڕەفتاریان کردووە، هەر لە تیرۆری شۆڕشگێڕانی پارچەکانی ترەوە تا بەدەستەوادانیان بە داگیرکەرانی کورستان.

د. قاسملۆ باسی دۆخی كوردانی ڕۆژهه‌ڵات و كادرانی خۆیان دوای به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازار ده‌كات و ده‌ڵێت: (ئه‌زییه‌ت و ئازاردانی كادرانی ئێمه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی بارزانی، ببووه‌ به‌شێك له‌ سیاسه‌تی ڕۆژانه‌یان، كادری حزبی ئێمه‌ ده‌هاته‌وه‌ ئێران و ده‌مایه‌وه‌ به‌ نهێنی خه‌باتی ده‌كرد، ڕژێمی ئێران بۆی نه‌ده‌گیرا، به‌ڵام كاتێك ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ئێراق، بارزانییه‌كان ده‌یانگرت و له‌ زیندانه‌كان قایمیان ده‌كرد. به‌شێك له‌و كادرانه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ گیران، هاوڕێی شه‌هید مه‌لا قادری وێردی و ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مه‌سئولانی بانه‌ بوو، شه‌هید مه‌لا قادر كاتێك هاته‌وه‌ بانه،‌ نزیكه‌ی مانگێك له‌و ناوچه‌یه‌ بوو ساواك زه‌فه‌ری پێ نه‌برد، به‌ڵام كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستانی ئێراق، فه‌رمانده‌یه‌كی پارتی ده‌ستگیری ده‌كات، به ‌بیانووی ئه‌وه‌ی هاتووچۆی ئێران ده‌كات و ڕۆژنامه‌ و نووسراوی حزبی دیموكرات ده‌بات بۆ ئێران و ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندیی شۆڕش و ده‌وڵه‌تی ئێران تێك بدات).

 شای ئێران و تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی بارزانی و حكومه‌تی ئێراق:

پاش به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازار، ماوه‌ی چوار ساڵ دانرابوو تا دۆخی كوردستان ئاسایی بكرێته‌وه‌ و دواتر باشووری كوردستان خۆبەڕێوەبەریی پێ بدرێت، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، هیچ كات كێشه‌ی كوردیان به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بووه، به‌ڵكوو وێڵی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان و داگیركه‌ران بوونه‌. جگه‌ له‌وه‌ش حكومه‌تی ئێراق به‌هۆی ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی مکۆم لە باشووری کوردستان نەبوو تا فشاری له‌ سه‌ر بكات بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێكه‌وتنی هه‌ردوولا، ئه‌ویش له‌ به‌ڵێنه‌كانی په‌شیمان بوویه‌وه‌، چونكه‌ له‌وه‌ دڵنیا بوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی نییه‌ و ده‌سكه‌لای ده‌ره‌وه‌ن.

د. قاسملۆ به‌م ڕەنگە باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا ده‌كات و ده‌ڵێت: (له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی دوای به‌یاننامه‌ی ئازار، هه‌ردوولا له‌ پلانگێڕێ بوون دژی یه‌كتر، دوای چوار ساڵ له‌ به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازار، هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان گه‌ڵاڵه‌یه‌كی بۆ خودموختاری نه‌بوو. حكومه‌تی ئێراقیش له‌و ماوه‌یه‌دا جێپێی خۆی قایم كردبوو، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی بارزانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی شا به‌ ته‌واوی گه‌یشتبوونه‌ یه‌ك و به‌ قه‌ولی خۆیان شا به‌ڵێنی ده‌عمی بێسنووری پێ داون. له‌مكاته‌دا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك جارێكی تر تووشی ماڵوێرانی نه‌بێت له‌گه‌ڵ بارزانی چاومان به‌یه‌ك كه‌وت و پێم وت: تۆ به‌ ناحه‌ق ئه‌وه‌نده‌ پشت به‌ كۆمه‌ك و پشتیوانی ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌به‌ستی، نازانی حه‌مه‌ ڕه‌زا شا دوژمنی سوێندەخۆری كورده‌ له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، تۆ هیچ بیرت له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ڕۆژێك هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێراق و ئێران ڕێك كه‌وتن، ته‌كلیفی بزووتنه‌وه‌ی كوردی چییه‌؟ بارزانی له‌وه‌ڵامدا گووتی: ئه‌وكاته‌ منیش له‌گه‌ڵ تۆ ڕێك ده‌كه‌وم و لێیان ده‌ده‌ین پێكه‌وه‌).

ڕێككه‌وتنی ده‌وڵه‌تی ئێراق و ئێران و ڕێكه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر:

پاش تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ده‌وڵه‌تی ئێراق، ده‌وڵه‌تی ئێراق به‌ هه‌موو هێزی خۆیه‌وه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر كوردستان، له‌ به‌رانبه‌ریشدا خه‌ڵكی كوردستان دژی ئه‌و هێرشه‌ وه‌ستانه‌وه‌، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان (باڵی بنەماڵەی بارزانیی) هیچكات پشتیان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورد نه‌به‌ستووه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌یش پشتی به‌ كۆمه‌كی ده‌وڵه‌تی ئێران به‌ست. د. قاسملۆ له‌م باره‌یه‌وه‌ زیاتر ده‌ڵێت: (ئه‌و پشتیوانییه‌ی گه‌لی كورد بۆ پارتی له‌ دژی هێرشی ده‌وڵه‌تی ئێراق بێوێنه‌ بوو، به‌ڵام مه‌لا مسته‌فا پشتی كردە كۆمه‌كی گه‌ل و پشتی به‌ كۆمه‌كی ده‌وڵه‌تی ئێران و ئیمپریالیزم به‌ست).

له‌ ئه‌نجامدا پێشبینییه‌كه‌ی د. قاسملۆ ڕاست ده‌رچوو، ده‌وڵه‌تی ئێراق و ئێران، بێ هیچ حسابێك بۆ گه‌لی كورد، ڕێك که‌وتن، مه‌لا مسته‌فایش سه‌راڕای پاڵپشتی گه‌ل و باشی دۆخی دارایی و سه‌ربازی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ فیتی شای ئێران ئاشبه‌تاڵی ڕاگه‌یاند، بێگومان ئه‌ویش به‌ خواستی داگیركه‌ران بوو. ئاشبه‌تاڵ ته‌نها كوردی باشووری تووشی ماڵوێرانی و كاره‌سات نه‌كردووه‌‌، به‌ڵكوو كاریگه‌ری له‌ سه‌ر خه‌باتی شۆڕشگێڕی  كورد هه‌بوو له‌ هه‌موو پارچه‌كان. له‌ ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ كۆمه‌ڵكه‌ی كوردی تووشی داڕمانێکی بێوێنه‌ كرد و دواتریش ڕووبه‌ڕوی چه‌ندین كاره‌سات بووینەوە.

هـ . ب