کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستەڕوو، کە لە ماوەی دوو هەفتەدا بە هۆی هێرشە تیرۆریستی و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ٧ کەس تیرۆرکراون و رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان ئەنقەرە و بەغدا جگە لە ' داگیرکەری و تیرۆر' هیچ شتێکی دیکەی لێناکەوێتەوە.
لە ماوەی دوو هەفتەدا ٧ مرۆڤمان بە هێرشی تیرۆریستی و داگیرکەری تیرۆرکراون
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ماوەی دوو رۆژی دواییدا لە ناوچەی برادۆست و راپەڕین لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستی سوپای تورکی داگیرکەردا هاووڵاتیانمان بەدیع کەمال محەمەد، موزەفەر حسێن خدر، محەمەد موزەفەر حسێن و موبین موزەفەر حسێن شەهیدبوون. بەر لە دوو هەفتەش لە ناوچەی شارەزور لە هێرشێکدا لە دژی خەباتکارانی پێشەنگی راگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون. لە ٣١ی ئابدا حەکیم لوقمان لە ئیستەنبوڵ تەنیا لەبەر ئەوەی بە کوردی قسەی کردبوو لەلایەن ئەو رەوت و تاقمە فاشیستیانەی ئاکەپە-مەهەپە بەخێویان دەکەن، بە شێوەی دڕندانە تیرۆرکرا. واتە لە ماوەی ٢ هەفتەدا ٧ مرۆڤمان لە ئەنجامی هێرشە تیرۆریستی و داگیرکەرییەکانی تورکیا شەهیدبوون. بەم بۆنەوە ئەو هێرشە تیرۆریستیانە شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشی لە گەلی وڵاتپارێزی کوردستان، بە تایبەتی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین.
رێکەوتنەکە تەنیا تیرۆر و کۆمەڵکوژی لێکەوتەوە
ئەو شەهیدبوونانە رێک دوابەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکەی تورکیا عێراق لە ١٥ی ئاب هاتنە ئاراوە. دیارە کە ئەو رێککەوتنە جگە لە تیرۆر و کۆمەڵکوژی هیچی دیکەی بۆ گەلی کورد و گەلانی عێراق بەدواوە نابێت. مەبەستی تورکیا لە بەرەوپێشچوون، ئارامی و گەشەی ئابوری لە عێراق تیرۆر و کۆمەڵکوژیە. ئاشکرایە کە رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا، هیچ پێشکەوتنێکی لێناکەوێتەوە، تەنیا کۆمەڵکوژی و تیرۆری بەدواوە دەبێت. دەستەواژەکانی گەشەی ئابوری، سەقامگیری ئەمنی، ئارامی، پەروەردەو بوارەکانی دیکە جگە لە شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی ئەو تیرۆر و کۆمەڵکوژیە، هیچ واتایەکی دیکە هەڵناگرن.
لە رێگەی رێکەوتنەکەوە سەرلەنوێ داعش زیندووکرایەوە
ئەنجامێکی دیکەی رێککەوتنی نێوان ئاکەپە-مەهەپە-پەدەکە و حکومەتی عێراق لە هەرێمی بەهدینان دەبینرێت. لەوێ ئەو چەتانەی پێشتر ئەندامی داعش بوون و چەتەی جیهادیستی توندڕەو بوون لە ژێر چەتری سوپای تورکیای داگیرکەردا لە بەهدینان جێگیرکراون و بە ئاسانی دەجوڵێنەوە. لە رۆژانی رابردوودا دیمەنەکانی ئەو چەتانە لە راگەیاندنەوە بڵاوکرانەوە کە بە جموجۆڵ و هەڵسوکەوتیاندا دیارە کە داعشن. لە رێگەی ئەو دیمەنانەوە ئەو راستیانە پشتڕاستکرانەوە، کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە گۆڕەپانی شەڕ چاودێری دەکەن و بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە، بەڵام میدیای شەڕی تایبەتی ئاکەپە-پەدەکە هەوڵ دەدات ئەو راستیە پەردەپۆش بکات. سوپای تورکی داگیرکەر لە ساڵی ٢٠٢١ەوە ناوێرێت لە بەرامبەر گەیلا شەڕ بکات و ناوێرێت بکەوێتە تونێلەکانی شەڕی گەریلاوە، بۆیە ئەو چەتانە بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکاردەهێنێت. ئەو چەتانە کە لە ئەنجامی تێکۆشانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، پێشمەرگە و سوپای عێراق و بە بەخشینی قوربانی زۆر کوردستان و عێراق لەئەوان پاککرایەوە، ئێستا وەک ئەنجامێکی ئەو رێککەوتنەی نێوان حکومەتی عێراق و تورکیا بە شێوەیەکی فەرمی دەگەڕێندرێنەوە بۆ کوردستان و عێراق. حکومەتی عێراق لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە-داعش-پەدەکە، داگیرکردنی عێراق لە لایەن تورکیا و داعش، سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی داعش و جێگیرکردنیان لە عێراق و کوردستانی پەسەند کردووە و رەوایەتی پێداوە.
تورکیا چەتەکان بۆ پلانەکانی داگیرکەری بەکاردەهێنێت
تورکیا زیاتر لە ١٠ ساڵە لە رێگەی داعش و گروپە چەتەکانی هاوشێوەی تیرۆر لە دژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی گەلی کورد بەکاردەهێنێت، ئەو چەتانە بۆ پلانە داگیرکەرییەکانی بەکاردەهێنێت. لەو چوارچێوەدا لە ئازەربایجان و ئەرمینیاوە تا لیبیا، سودان، سۆلام و جەزایر، لە وێوە تا شەقامەکانی پاریس و بەرلین ئەو چەتانە بەکاردەهێنێت. لە ساڵی ٢٠١٤دا وەک چۆن رووی داعشی لە دیمەشقەوە کردە کۆبانێ، لە بەغدا رووی کردە موسڵ، شەنگال، کەرکوک و هەولێر، ئێستاش هەمان ئەو چەتانە لە ئیدلبەوە هێنراونەتە ئامێدی، زاخۆ و دهۆک.
هەڕەشەی کۆمەڵکوژی و گۆڕینی دیموگرافیا
چەتەکانی داعش لە رێگەی پەدەکە و تورکیا لە باشوری کوردستان لە ناوچە ستراتیژیەکانی کوردستان جێگیرکراون، ئەوەش لە درێژماوەدا هەڕەشەی قڕکردن و گۆرینی دیموگرافیایە لەسەر گەلانی عێراق و گەلی باشور. لەبیرمان ناچێت، داعش دوای ئەوەی لەگەڵ پەدەکە رێکەوت، چووە ناو شەنگال. ئێستاش لەگەڵ پەدەکە رێککەوتووە و چووەتە ناو بەهدینان. هیچ گەرنتیەک نییە ئەوەی داعش بەسەر خەڵکی شەنگالیدا هێنا، هەمان شت بەسەر خەڵکی دهۆک، زاخۆ و ئامێدیدا نەهێنێت. مەترسیەکی راستەقینەی لەم جۆرە لە ئارادایە. ئەو کارەی داعش و تورکیا تائێستا پێکەوە کردوویانە، نیشانەی ئەو کارانەیە کە لەمەودوا دەیکەن.
گەریلا بە شێوەیەکی مێژوویی خۆڕاگری دەکات
گەریلاکانی ئازادیی کوردستان وەک چۆن لە دژی تیرۆری داعش کە پشتی بە تورکیا بەستبوو لە ریزەکانی پێشی پێشەوە شەڕیان کرد، هەبوونی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی هەبوونی گەلی کوردیان پاراست، ئێستاش لە دژی هێرشەکانی داگیرکەری و لکاندنی تورکیا کە بە پشتگیری داعش ئەنجام دەدرێت، وێڕای هەموو دژواری و زەحمەتیەکان لە ریزی پێشی پێشەوە بە شێوەیەکی مێژوویی و ئەفسانەیی خۆڕاگری دەکەن. ئەو بەرخودانەی بەر لە ١٠ ساڵ لە شەنگال و هەولێر، هەلێر و کەرکوک لە دژی داعش بە چ واتایەک بوو، بەرخودانی ئێستا لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشینیش لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیش هەمان واتای مێژوویی هەیە. هێرشەکانی تورکیا و داعش درێژکرایەوەی یەکترن و هێرشی داگیرکەرین کە تەواوکەری یەکترن.
رێککەوتن لەگەڵ ئەردۆغان رێککەوتنە لەگەڵ داعش
سەبارەت بەوە لەم تێکۆشانە پیرۆزەدا ئێمە بانگەواز لە گەلانی عێراق و بە تایبەتیش گەل، گەنجان، ژنان و رۆشنبیرانی باشوری کوردستان دەکەین کە خاوەنداری لە تێکۆشانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بکەن و بەشدار بن تیایدا. بانگەواز ئاراستەی حکومەتی عێراق، سەرۆک و پارتە سیاسیەکانی دەکەین کە رێککەوتن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان بە واتای رێککەوتنە لەگەڵ داعش و ئەوەش بە دڵنیاییەوە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی گەل و دەوڵەتی عێراقە. پلانەکانی دیکتاتۆری فاشیست ئەردۆغان نەک بە ملکەچی و رەوایەتیدان، بەڵکوو بە تێکۆشان پوچەڵ دەکرێنەوە. دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک، دەکەوێتە خزمەت بەرژەوەندیەکانی حکومەتی عێراق و ئەو زیان و مەترسیانەی لە داهاتووا لێیدەکەونەوە، دەڕەوێنێتەوە".