هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە:
«هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە ١٤ ی ئایاری ٢٠٢٣، لە باکوری کوردستان و تورکیا ئەنجامدران. بەهۆی مەترسی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بۆ سەر گەلی کورد و جڤاک و گەلانی تورکیا، هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایاری ٢٠٢٣ بە گرنگ دەبینرا. بۆ ماوەی چەندین مانگ بوو بە ڕۆژەڤی هەرە گرنگ لە تورکیا و باکوری کوردستان. ئێمەش وەک تەڤگەری ئازادیی کوردی، لە سۆنگەی باوەڕمانەوە بە چەسپاندنی دیموکراسی لە تورکیا و ئازادی لە کوردستان، باوەڕمان بە چەسپاندنی ژیانی یەکسان و هاوبەش لەنێوان گەلان، بۆ گەل و جڤاکی تورکیا و هێزە دیموکراتیکەکان و ڕەنجدەران و ژنان و گەنجان و هەموو توێژەکانی جڤاکی دیموکراتیک کە بۆچوونی دیموکراتیکی خۆیان دەردەبڕن دژی فاشیزم، ئەم قۆناغەمان بە قۆناغێکی ئەرێنی ناساند و لەم چوارچێوەیەدا نرخاندمان.
گەلەکەمان ڕێگەی نەدا بە فاشیزم، کوردستانی کرد بە ناوەندی تێکۆشانی دیموکراتیک
دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە هەموو سەرچاوەکانی دەوڵەتی بەکارهێنا، هەموو جۆرە فشار و سەرکوت و توندوتیژییەکی بەکارهێنا، دەیویست ئیرادەی گەلی کورد و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک پیشان نەدرێت، بەڵام گەلی کوردستانی وڵاتپارێز بەرامبەر هەموو فشار و ئاستەنگەکان خۆڕاگر بوو، لە هەڵبژاردنەکان بەهێزەوە ئیرادەی خۆی پیشاندا و مۆری خۆی لەژێر سەرکەوتنێکی مەزندا.
دەتوانین بەبێ دوودڵی بڵێین، گەلەکەمان هەڵوێستێکی بەهێزی پیشاندا دژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایاری ٢٠٢٣، وانەیەکی مێژوویی دایە ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست و قڕکەر و دوژمنی کوردان. لە دڵەوە پیرۆزبایی لە گەلی کوردستانی وڵاتپارێز دەکەین بۆ ئەم سەرکەوتنە مێژووییە، هەروەها سڵاویان بۆ دەنێرین لەبەر ئەم سەرکەوتنە مەزنە. گەلەکەمان بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی نەدا بە فاشیزم، کوردستانی کرد بە ناوەندی تێکۆشانی ڕەوای دیموکراتیک. ئەم هەڵوێستەی گەلەکەمان، هەنگاوێکی زۆر گرنگە، چونکە کۆتایی بە فاشیزم دەهێنێت. بێگومان، ئیتر هەمووان باشتر لە گرنگی کوردستان تێدەگەن بۆ چەسپاندنی دیموکراسی لە تورکیا و ڕزگارکردنی جڤاکی تورکیا لە چنگی فاشیزم، لەسەر ئەم بناغەیەش لەمەودوا کوردستان ڕۆڵێکی مێژوویی دەگێڕێت.
ژنان پێشەنگی چالاکییەکانی هەڵبژاردن بوون
ژنان بە شێوەیەکی چالاک بەشداربوون لە چالاکییەکانی هەڵبژاردن، لە هەمووان باشتر خاوەندارێتییان لەم قۆناغە کرد و پێشەنگی چالاکییەکانی هەڵبژاردن بوون. بۆیە ئافراندنی نوێنەرایەتییەکی بەهێزی ژنان، پەرەسەندنێکی گرنگ و جێی شانازییە. لە چوارچێوەی باوەڕبوونمان بە نوێنەرایەتی یەکسان و ئیرادەی ژنان، ئەم ئەنجامانە بە ئەرێنی دەبینین؛ لەبەر ئەم ئەنجامە پیرۆزبایی و سڵاو لە ژنان دەکەین.
هەڵبژاردنەکان لە هەلومەرجێکی پڕ لە سەرکوت و زۆرداری بەڕێوەچوو
هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار لە هەلومەرجێک بەڕێوەچوون، تێیدا فشارە دژە دیموکراتیکەکان گەیشتنە لوتکە. دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە کە هێزی دەوڵەتی لەبەردەستە و هێزی بەڕێوەبەری دەوڵەتە، لە هەموو بەشەکانی تورکیا فشارەکانی زیاتر کرد بۆ سەر جڤاک، هەوڵیدا ئیرادەی دیموکراتیکی جڤاک پیشان نەدرێت. فشارەکان بۆ سەر کوردستان و گەلی کورد توندتر و مەزنتر بوو. ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە قڕکردنی کورد بوو، بۆیە هەموو هێزی دەوڵەتی بەکارهێنا، فشاری بەردەوامی کردە سەر گەلی کورد و لە قۆناغی هەڵبژاردن ئەم فشارانەی توندتر کرد. دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە دەیویست ئیرادە و هەبوونی کورد لەناوبەرێت، لەڕێگەی چەمکی سڕینەوە و قڕکردن، کە بە پلانی لەناوبردن دەناسرێتەوە و لە ٢٤ ی تەمموزی ٢٠١٥ ـەوە تا ئێستا جێبەجێ دەکرێت. لەچوارچێوەی ئەم چەمکانەی سڕینەوە و قڕکردن، سیاسەتێکی قڕکردنی بێوێنە دژی تەڤگەری ئازادیی کورد و گەلی کورد پیادەکرا. دەیان هەزار کەس دەستگیرکران و ئەشکەنجەدران، دەیان وڵاتپارێز کوژران. هەوڵدرا لەڕێگەی فشار و توندوتیژی و برسێتییەوە، جڤاک سەرکوت و کپ بکرێت. هەموو وڵاتپارێزێکی کوردستان ڕووبەڕووی دادگا و لێپرسینەوە کرایەوە. هەموو جارێک ئیرادەی گەلیان دەستبەسەر کردووە، دامەزراوە دیموکراتیک و شەرعییەکانیان دەستبەسەر کرد، نوێنەرە شەرعییەکانیان دەستگیرکرد و قەیومە فاشیستەکان لە جێگەیان دانران. بەهۆی دەستگیرکردن و فشارەوە لە کوردستان، چیتر مرۆڤ نەیدەتوانی کار و ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت. ئەوانەی خاوەندارێتییان لە دامەزراوە دیموکراتیکەکان و سیاسەتە دیموکراتیکەکان دەکرد، هەموو جارێک دەستگیر دەکران. بەم جۆرە هەوڵدرا بۆ پەکخستنی دامەزراوەکانی گەل، ڕێگرتن لە سیاسەتی دیموکراتیک. دۆزی داخستنی هەدەپەیان کردەوە، تاوەکو گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان و ڕەنجدەران و ژنان بەبێ ئەڵتەرناتیڤ و لە دەرەوەی هەڵبژاردن بمێننەوە. هەڵبژاردنەکان لە تورکیا لەسایەی ئەم هەلومەرجانەدا بەڕێوەچوون. لە تورکیا بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەت، ناتوانرێت هەڵسەنگاندنێکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنەکان بکرێت بەبێ هەڵسەنگاندنی سیاسەت و فشارە فاشیستییەکان.
فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە تەنها پێش هەڵبژاردن سیاسەتی قڕکردن و توندوتیژی پیادە نەکرد، بەڵکو لەسەروەختی هەڵبژاردنەکانیش بەردەوام بوو، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان فشارەکانی توندتر کردەوە. ماوەیەکی کەم پێش هەڵبژاردن، ئۆپەراسیۆنی سیاسیی بەرفراوانی ئەنجامدا، دەیان ڕۆژنامەنوس و پارێزەر و سیاسەتمەدار و چالاکوانی هەڵبژاردنەکان دەستگیرکران. هەوڵیاندا لەڕێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە گەل سەرکوت بکەن. هەوڵدرا بۆ ڕێگرتن و پەرتەوازەکردنی کار و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک. سەرەڕای هەموو فشار و سەرکوت و ئۆپەراسیۆنەکانی پێش هەڵبژاردن، بەڵام گەل دەستبەرداری هەڵوێستە دیموکراتیکەکەی نەبوو، لە هەڵبژاردنەکان گورزێکی گەورەی لە فاشیزم وەشاند. گەل پاڵپشتییەکی گەورەی بەخشییە هێزە دیموکراتیکەکان و کاندیدە دیموکراتیکەکان، هەبوونی لاوازی ئاکەپە و مەهەپەی لە کوردستان هێندەی تر لاواز کرد، ڕێگەی نەدا فاشیزم بگاتە کوردستان.
ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان، ئەنجامی ڕاستەقینە نین
بێگومان ئەنجامە ڕاستەقینەکانی هەڵبژاردن هەمان ئەو ئەنجامانە نین کە ئاشکرا کراون. فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بێجگە لەوەی هەوڵیدا لەڕێگەی فشار و توندوتیژییەوە ڕێگە لە ئیرادەی گەل بگرێت، هاوکات پەنای بردە بەر هەموو جۆرێک لە فێڵ و ساختەکاری، بەم جۆرە ئەنجامەکانی پێچەوانە کردەوە. بێجگە لە فشار و توندوتیژییەکان، حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە پەنای بردە بەر هەموو جۆرە ساختەکارییەک لەپێناو لەناوبردنی ئەو ئەنجامانەی گەلی کورد و گەلی تورکیا و هێزە دیموکراتیکەکان بەدەستیان هێنا. بۆ ڕای گشتی ڕوون بوویەوە، چەندین ساختەکاری ئەنجامدرا و دەستکاری فۆرم و لیستەکانی دەنگدان کرا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی دەرکەوتووە، بەشێکی بچوکی ڕاستییەکەیە. سەدان هەزار دەنگ لە کوردستان پووچەڵکرانەوە، ئەم دەنگانە بۆ بەرژەوەندی پارتە جیاوازەکان حیساب کرا، بەم شێوەیەش هەوڵدرا دوژمنەکەی کورد، واتە مەهەپەی فاشیست بە بەهێزی پیشان بدرێت. بۆیە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان، ئەنجامی ڕاستەقینە نین. ئەنجامە فەرمییەکان دەریدەخەن، حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە تا چ ڕادەیەک ئیرادەی گەلی دەستبەسەر کردووە.
فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە سەرتاپای پرۆسەی هەڵبژاردنی لەسەر بناغەی دوژمنایەتی کورد و دژایەتی کورد بەڕێوەبرد، هەستوسۆزی نەژادپەرستی و نەتەوەپەرستی جووڵاند، هەوڵیدا لەڕێگەی فشارکردنە سەر کورد کاریگەری بکاتە سەر جەماوەر. بێگومان بە پشتیوانی شەڕی تایبەت و ڕاگەیاندن، کاریگەری کردە سەر جەماوەری تورکیا و لەپاڵ خۆیدا هێشتییەوە. بەڵام ئەم سیاسەتە لەبنەڕەتدا سەرنەکەوت، بەشێکی گەورەی جڤاکی تورکیا هەڵوێستی وەرگرت سەبارەت بە چارەسەری سیاسی و دیموکراسییانەی پرسی کورد و هەماهەنگی لەگەڵ کوردان. ئەم هەڵوێستە پەرەسەندنێکی گرنگە. تەنانەت ئەگەر هەموو قێزەونییەکانی فاشیزم لە تورکیا بنەبڕ نەبووبێت، بەڵام پەیوەندیی باشی نێوان گەلی کورد و جڤاکی تورکی لە ئایندەدا زەمینەیەکی گرنگ و بەهێز دەڕەخسێنێت بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئازادی کوردستان. گەلی کورد و هێزە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکانی تورکیا بە بیرۆکەی هاوپەیمانییەکی دیموکراتیکەوە بەشداری هەڵبژاردنەکان بوون، ئەمە گرنگترین فاکتەری سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانە.
بێگومان فاشیزم لە تورکیا هەڵدەوەشێتەوە
بێگومان بە پیادەکردنی ڕوانگەی باشتر و کارێکی بەهێزتر، دەتوانرا ئەنجامی ئەرێنی تر بەدەست بهێنرێت. بەڵام ئەمەش مەرج و کەرەستەی خۆی هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوانگە بەرتەسکەکان ڕێگربوون لە بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر. گرنگە لە چەندین ڕەهەندەوە ئەمە هەڵبسەنگێنرێت و ئەنجامگیریی گونجاوی لێ دەربهێنرێت. هەرچەند پێکێهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان هێزە دیموکراتیکەکان هەڵوێستێکی ڕاست و گرنگ بوو لە پرۆسەی هەڵبژاردندا. بەڵام بەشێوەیەکی بەرتەسک هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە کرا، نەگەیشتە ئاستێک ببێتە وەڵامگۆی چاوەڕوانییەکانی قۆناغەکە، بەپێی پێویست ئەو زیهنیەتە نەسڕایەوە کە بە ئەنجامی کەم ڕازییە. کێبڕکێی یەکتریان کرد، لەبری ئەوەی لە هەموو جێگەیەکدا، هێزە دیموکراتیکەکان پێکەوە دژی فاشیزم تێکۆشان بکەن. ئەمە مەترسیی و کێماسییەکی گەورەیە. بڕوامان وایە، پێویستە لەم گۆشەنیگایەوە هەڵسەنگاندن بکرێت بۆ سیاسەتی دیموکراتیک و هێزە دیموکراتیک و سۆسیالیستەکانی تورکیا و ئەنجامی گونجاو لەمەوە دەربهێنرێت.
بێگومان تێکۆشان لەپێناو چارەسەر دیموکراسییانەی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ڕزگارکردنی کوردستان، بە بەهێزییەوە بەردەوام دەبێت. بڕوامان وایە، گەلی کورد و گەلانی تورکیا، کرێکاران و ڕەنجدەران و ژنان، لەڕێگەی هاوپەیمانی و یەکێتیی بەهێزترەوە، ئەم تێکۆشانە پتەوتر دەکەن و دەیگەیەنن بە ئەنجام. ئێمە وەک تەڤگەر، بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئەم پرۆسەیە، تێکۆشانمان لەسەر ئەم بناغەیە بەبێ پچڕان درێژەی دەبێت. بێگومان فاشیزم لە تورکیا هەڵدەوەشێتەوە و دیموکراسی دەچەسپێت. فاشیزم هیچ ئایندەیەکی نییە لەنێو گەلان و مرۆڤایەتییدا. تەنها هەڵوەشانەوە و شکست چاوەڕێی فاشیزمە. ئایندەی تورکیا و کوردستان، لەڕێگەی گەلان و هێزە دیموکراتیکەکان و تێکۆشانی ژنانەوە دەستنیشان دەکرێت. ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەڕوونی ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن. دووبارە پیرۆزبایی لە گەلی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنان و هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا دەکەین بۆ ئەم ئەنجامە سەرکەوتووە. ئومێدی سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازین».
ف.ق