کەمانگەر: شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' پشتی بەئیرادەی جەوهەری و هێزی خەڵک بەستووە

رۆزەرین کەمانگەر، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەژار باسی لەوەکرد، "سەرباری هەموو گوشار و توندوتیژییەکانی دەوڵەتی ئێران شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەردەوامە و ئەو شۆڕشە پشتی بە ئیرادەی جەوهەری و هێزی خەڵک بەستووە".

ڕۆزەرین کەمانگەر، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە گفتوکۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ژنها ئاماژەی بەو هەڵسەنگاندنانە کرد کە سەبارەت بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازاد' لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو کراون و وتی: "ئەم ڕاپەڕینە وەک شۆڕشێک پێناسە کراوە و بە شۆڕشی "ژن، ژیان ئازادی" ناودێر کراوە. واتە گۆڕانکاری و وەرچەڕخانێکی دەروونی و کولتووری ڕوویدا، کە هەموو کۆمەڵگای گرتەوە. هۆکار و پێشەنگانی ئەم گۆڕانکاری و شۆڕشە ئەقڵی و دەروونییەش خودی ژنان بوون، کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا پێشەنگایەتیان کردووە.

کەمانگەر لەبارەی ئامانج و هۆکارەکانی ڕوویدانی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازاد' وتی: "لە سەرەتاکانی شۆڕشدا باس لەوە دەکرا، کە چی بووە هۆی ئەوەی ئەم شۆڕشە ڕووبدات، زۆر گرنگە خوێندنەوە بۆ شۆڕش بکرێت، چونکە دوای ئەوە دەتوانین ئەنجامێکی دروست لە بارەی شۆڕش بخەینەڕوو. چوونکە هەموو کۆمەڵگا گەیشتبووە ئەو ئەنجامەی دوای ئازادی ژنان، دەتوانرێت باسی ئازادی کۆمەڵگا بکرێت. لەوچوارچێوەیەشدا لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا هەم ژنان و هەمیش کۆمەڵگا درێژەیان بە تێکۆشان و چالاکییەکانیان داوە. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، کێشە و پرسەکانی تایبەت بە ژنان نەتەنیا چارەسەر نەکراون، بەڵکو دۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر بووە و سنووردارکردنی ژنان و هێرشی دوژمنکارانە بۆسەریان زیادی کردووە.

دەسەڵات ڕووبەڕووی توێژێکە کە ئامادە نییە ملکەچ بکات و بە دەنگێکی دلێر بە دەسەڵات دەڵێت نا

ڕۆزەرین کەمانگەر، هەروەها سەرنجی بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ژنان و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاکێشا و وتی: لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا، دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران بۆ ساتێکیش وازی لە کردەوە و هەڵسوکەوتەکانی دژ بە ژنان نەهێناوە و هەر لە سەرەتاوە هێرشی کردە سەر کچانی خوێندکار و زانکۆکانی گەمارۆدا و بە شێوازی جیاواز لە شەقامەوە تا ماڵەکان، لە خوێندنگە تا زانکۆکان، لە گوندەوە تا شارەکان، هێرشیان کردە سەریان و دەستبەسەرکردنەکان گەیشتنە بەرزترین ئاست.

ڕوونیشیکردەوە، خوێندکارانی زانکۆ لە ماوەی ئەو ١١ مانگەدا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکیان گرتووەتە ئەستوو، لە پێناو دۆزینەوەی حەقیقەت و ڕاستیدا، کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا کەمتر هاوشێوەی بینراوە. ئەمە جیالەوەی کچە خوێندکارانی تەمەن ١٣ ساڵ بەرەوسەرمان بینی، کە ڕووبەڕووی هێرشی کیمیایی دەسەڵات بۆسەر خوێندنگاکانیان بوونەوە، ئەمانە توێژێکن کە ملکەچی دەسەڵات نابن و بە دەنگێکی دلێر پێی دەڵێن نا و پێشەنگایەتی تێکۆشان دەکەن.

بەبیریشی هێنایەوە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەروەک چۆن دەسەڵات هیچ ئەنجامێکی لە هێرشە کیمیاییەکان بۆسەر خوێندنگاکانی کچان بەدەست نەهێنا، بە هەمان شێوەش نەیتوانی لەڕێگەی زیاترکردنی ژمارەی لەسێدارەدان خەڵک چاوترسێن بکات.

کەمانگەر هەروەها لەوبڕوایەدایە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی، کە ڕووبەرێکی فراوانی گرتووەتەوە، "پلان بۆداڕیژراو و لە ئەنجامی تاوانەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ ڕووبەرووبوونەوەی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' ڕوویداوە" و وتی: لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، جگە لە کۆمەڵگا، بینمان کە چەندین جار ژینگەش کرایە ئامانج و ئەمانە بەڕێکەوت و بێ مەبەست نین. بەتایبەتی لە کوردستان کە هەموو دارستانەکانی زاگرۆس لە ئاگردا دەسوتێن. دەسەڵات هێرشی کردە سەر ئەو شوێنانەی کە تێدا خەڵکەکەی ڕۆحی نیشتمانپەروەرییان هەیە.

"ئەم شۆڕشە پشتئەستوورە بە ئیرادەی جەوهەری و هێزی خەڵک"

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەژار باسی لەوەشکرد، "کاتێک دەسەڵات لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانیشەوە نەیتوانی بگاتە ئەنجامێک، گوشارەکانی بۆسەر دایکان و بنەماڵەی گیانبەختکردوان چڕکردەوە" و ئەوەشی بۆ ترسی دەسەڵات لە شوڕش گەڕاندەوە و وتی: بەشداری سەرجەم توێژەکان لە ٧ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ، لە شۆڕشدا نیشانەی وشیاری کۆمەڵگایە و بەو واتایە دێت، کە ئەم شۆڕشە پشتی بە ئیرادەی جەوهەری و هێزی خەڵک بەستووە.

هاوکات وەک خاڵێکی دیکەیش ئاماژەی بە یەکگرتوویی گەلانی ئێران لە سەرجەم شار و پارێزگاکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە یەکگرتووی فاکتەرێکی یەکجار گرنگە و دەتوانێت پاشەکشە بە دەسەڵات بکات.

"ئێمە یەکێتی و یەکڕیزی ژنان بە بنەما دەگرین"

ڕۆزەرین کەمانگەر جەختی لە یەکێتی و یەکڕیزی ژنان کردەوە و وتی: بە درێژایی یەک ساڵی ڕابردوو بوار بۆ چالاکی هاوبەش ڕەخساو و کەژاریش بەو ئاراستەدا چەندین چالاکی بەڕێوەبرد و توانی پەیوەندی لەگەڵ بەشکی زۆر لە ژنان سازبکات. کۆدەنگی لەمبارەوە یەکجار گرنگە و ئێمە یەکێتی و یەکڕیزی ژنان بە بنەما دەگرین.

کەمانگەر دووپاتیشی کردەوە، "خاوەنداری لە خوێنی شەهیدان یەکجار گرنگە و ژنانیش کە لە پێناو هاتنەدی ئامانجەکانیان بە هەموو جۆرێک قوربانیان بەخشیووە و کراونەتە ئامانج، پێویستە رێکخراوتر بجوڵێنەوە و پرسی یەکگرتوویی ژنانیش لەم بوارەدا یەکجار گرنگە".

"شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە هیوایەک بۆ سەرجەم ژنای جیهان"

ئەو ئەندامەی کەژار ئاماژە بۆ ئەوەشکردووە، "لە یەک ساڵی رابردوو لە سەر ئاستی وڵاتانی رۆژئاوا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران چالاکیی فرەڕەنگ ئەنجامدرا و شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'یش بەهەموو ژنانی جیهانی نیشاندا کە ژنان لە ئێران وشیارن و ئەمەش هیوای بە سەرجەم ژنان بەخشیوە. کەژاریش رێکخراوێکی هەڵقوڵاوی ئەم کۆمەڵگایەیە و چالاکیەکانی پەیوەستن بە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە. بە درێژایی ئەم یەک ساڵەش هەم لەو کۆبوونەوە، کۆڕ و چالاکیە جیاجیایانە، کە ئەنجامدراون هەوڵمان داوە ببینە دەنگی ژنانی ئێران و هەمیش بۆ ئەوەی وتەکانمان لە بارەی پەروەردە و یەکڕیزی وهتد، بکەین بە کردار، هەنگاومان ناوە.

رۆزەرین کەمانگەر لە کۆتاییشدا جەختی لە چالاکیەکانی کەژار کردەوە لە پەیوەندی لەگەڵ تێکۆشانی ژنان و وتی، لێرەوە رایدەگەیەنم سەرجەم ئەو ژنانەی دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات، تێدەکۆشن و لەو پێناوەدا گیان دەبەخشن، ئێمە شان بە شانیان دەوەستین و ئامێزی کەژار بۆ ئەوان ئاوەڵایە.

ژ.ن