کەمپی شەهید رۆستەم لە مەخموور ساڵی 1998 لە ناوچەی مەخموور دروست کراوە و دانیشتوانەکەی نزیکی 12000 کەس دەبێت.
ئێستا کە پەدەکە و هاو ئاوازەکانی لە سەر چیای قەرچۆخ ناڵەیان هەڵساوە و پ ک ک تاوانبار دەکەن بەوەی کە گۆیا ئەو ناوچانەی رادەستی ئەرتەشی عێراق کردووەتەوە، ئایا هیچ سەیری رابردوویان کردووە کە چیان بە سەر ئەو گەلە ئاوارەیەدا هێناو؟ مەگەر لەبیریان چووە لە کەمپەکانی ئەرتووشەوە تاکوو بیابانی مەخموور چۆن پەدەکە بە هاوکاری میت راوودوویان نان و لە کووشتن و رفاندنیان سڵی نەکردەوە. ئەوان تەنانەت رەحمیشیان بە شوانەکان نەکرد و چەندین کەسیان سەر بڕین و ئاژەڵەکانیشیان دزین.
ئەو گەلەی کە لە دەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە لە هەرێمەکانی بۆتان و جەزیرە لە بەهەشتی زاگرۆس و لە بنارەکانی جیلۆ و جوودی و چارچلا لە قەراخی چەم و دۆڵەکان ئاوارە کرابوون و پەنایان بۆ باشووری کوردستان بردبوو بە دەستی پەدەکە جارێکی دیکە بەرەو بیابانەکانی مەخموور بەرەو گەرما و تۆزی بیانبان ئاوارەکران. ئەو گەلە بە لۆریەکانی ئێراق گوازرانەوەو لە نێو دووپشک و لە بێ ئاویدا بە برسی و توونیەتی خرانە بەردەم مەرگەوە.
دەبێ هەموو بزانن و ئاگاداری چیرۆکی رۆژە تاڵەکانی ئەو گەلە بن وئەو ئازارانە بخوێنەوە کە لە دەستی پەدەکە چێشتوویانە. هەروەها ئاگاداری فیداکاری و ناڵەی ئەو دایکانە بن کە چۆن لە بەرچاویانا مناڵەکانیان بە چزەی دووپشک و بێ دەواو دەرمان گیانیان سپارد.
بیست ساڵە پەدەکە و ماڵی بارزانی بە هاوکاری میتی تورکییە کەمپی پەنابەرانی باکووری کورستانیان لە مەخموور ئابلۆقە داوە و زیاتر لە سێ ساڵە ناهێڵن دانیشتوانی کەمپەکە تەنانەت نەخۆشەکانی خۆیشیان ببەنە هەولێر.
ئەوانەی کە خۆیان بە نیشتمان پەروەر دەزانن و هێرشی پەکەکە دەکەن، کاتێ ماڵی بارزانی بە فیتی تورکیە ئەو گەلەیان لە نزیکی زاخۆ و ئەشکەوتی بێهری بەرەو بیابانەکانی مەخموور کۆچ دا لە کوێ بوون؟! بۆ کەس باسی نەکرد و نەیوت ئەوانە کوردن و خۆشک و برامانن؟! با لای خۆمان بن فڕێیان نەیانەن دەینە بەر رەحمی دەسەڵاتی سەدام حۆسێن وئەنفالچیەکان.
لەو سەردەمەشدا وەک چۆن ئێستا پەدەکە دژبەرانی خۆیان شار بەدەر دەکەن و فڕێیان دەدەنە دەرەوەی دەروازەکانی هەولێر، پەنابەرانی باکووریان لە هەرێم شار بەدەر کرد.
ئەو گەلە بە رەنجی خۆیان ئەو بیابانەیان ئاوەدان کردەوەو سیستەمی رێوەبەری خۆیان دروست کرد و خۆیان پاراست وخۆیان پێگەیاند. کاتێک داعش هێرشی کرد بوونە قەلخان و نەیان وت ئەوان ئێمەیان دەرکرد و لە بری هەموو باشوور پارێزگاریان لە هەرێم کرد و شەهیدیاندا و تاکوو ئەمڕۆیش فیداکاری دەکەن.
کەچی پەدەکە بەردەوام بووەتە چاوساغی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیەو بەسەریانەوە سیخۆڕی دەکات و ئابلۆقەیان دەدات و رێگە بۆ هێرشی درۆنەکان خۆش دەکەن.
بە پێچەوانەی ئەو جاش قەلەمانە و میدیای چەواشەکار کە سنگیان بۆ مەخموور دادەدڕێنن وهات وهاواریانە و هێرش بۆ سەر پەکەکە دەکەن گۆیا مەخمووری رادەستی ئەرتەشی ئێراق کردوە، باش دەزانن ئەو دەمەیشی لەگەڵ بێ تاکوو ئێستاش ناوچەی مەخموور و کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جوودی بەشێک نەبووە لە هەرێمی کوردستان،بەڵکوو بەشێک بووە لە هەرێمە جێ ناکۆکەکان. پەکەکەش دوای تەواو کردنی ئەرکەکەنی تەنیا لەو هەرێمانە کشاوەتەوە و دراوەتەوە دەستی خەلکی مەدەنی کاپمەکە.
دیارە ئەو گەلە چیدی دوای ئەو هەموو نەهامەتیە کە پەدەکە بە سەریدا هێناویە باوەڕی پێ نیە ئاسایشی خۆی بخاتە بن دەستی ئەو.دەبێ پەدەکە چیدی دەس لە یەخەی کورد بەر بدا و دەس لە جاشایەتی هەڵگرێت.
هەروەها ئەو گەلە فێر بووە کە چۆن خۆی بپارێزێ، بۆیێ پەکەکە بەر لە راستیدا قەرەچۆخی رادەسی هێزی پاراستنی جەوهەری مەخموور کردووەتەوە و ئەو گەلەش خاوەن رێوەبەریە و لەگەڵ حکوومەتی عێراقی لە تەنسیقدایە.
پەدەکە نە لە حۆبی عۆسمان بەڵکوو لە رقی عایشەیە وا هاتوو هاواریە. ئەویش نەک بۆ پاراستنی کوردستان بەڵکوو بۆ دژایەتی گەل و پاراستنی بەرژوەندیەکانی تورکییە کە وا هێز دەجووڵێنێ و ئاژاوە دەنێتەوەو رۆڵەی کورد بە کووشت دەدات.
کاتیەتی بڵیێن ئێوە کە ئەوانتان لە خۆتان نەبینی و دەرتان کردن ئێستا چۆن و بە کام روویێکەوە ئەڵێن، دەبێ هەڤاڵانی پەکەکە ئەو شوێنە رادەستی پەدەکە بکەنەوە.
وەک خەڵکی سلێمانی ئەڵێن بڕۆ بۆ حەلاوی باس بکە!
ئەو گەلە کە بیابانێکی پڕ لە دووپشکی کردە جنەتێ لە دارستان، ئەوانەی ژیانیان خۆلقاندووە و پەروەردەی خۆیان هەیە، ئەوانەی داعشیان شکەست پێ هێنا، چۆن دەبنەوە بە بەشێک لە تۆ کە دوای سی ساڵ هێشتای سەرووبەری پەروەردەکەت دیار نیە و مامۆستایان دەبێ بۆ مووچەکانیان لە شەقام هاوار بکەن.