کەمپی قادیا کە ئاوارەکانی شەنگالی تێدایە، ١٠ رۆژە بێ ئاوە

ئەو ئیزیدیانەی کە بەهۆی فەرمانەوە ئاوارەبوون لە کەمپی قادیای زاخۆ نیشتەجێن، رایانگەیاند، بەم گەرمایەی هاوین ماوەی ١٠ رۆژە بێ ئاون.

گەلی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە زۆرێک لە کەمپەکاندا بەدیلگیراون، لە بارودۆخێکی دژواردا ژیان بەسەر دەبەن. بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا کەمپەکانیان دەیان جار سووتاون و دەیان کەسیش گیانیان لەدەستداوە. سەرباری ئەوەی شەنگال لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکرا و ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی یەبەشە/یەژەشە پارێزراوە، بەڵام دەسەڵاتی باشوور ڕێگا نادات ئێزدییەکان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و بارودۆخیان تادێت دژوارتر دەبێت.

کەمپی قادیای سەر بە ئیدارەی زاخۆ لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی پێشێلکردنی مافەکان، ئاگرکەوتنەوە و هێرش کەوتووەتەبەر باس. ئەو ئێزدییەک لەو کەمپەدا دەژی و نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، باسی لەوەکرد کە ١٠ ڕۆژە بێ ئاون.

ئەو ئاوارە ئێزیدیە لە کەمپەکە دەژی رایگەیاند، لە گەرمای تاقەتپڕوکێنی ئەمساڵدا سەدان خێزان بێ ئاون و ەبم جۆرە ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی: "دەسەڵاتدارانی باشوور سازش لە سەر خۆشی خۆیان ناکەن، جێگەیان باشە، منداڵەکانیان لەژێر سپلێت و فێنککەرەوەدا کات بەسەردەبەن، لە هیچیان کەم نییە. ئەوان ناتوانن بۆ یەک کاتژمێریش بەرگەی ژیانی ژێر ئەم خێمانە بگرن. دە ڕۆژە هیچ کام لە ئێمە ئاومان نەبینیوە. ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان هەیە نزیکەی ٨٠ کیلۆمەتر دەپێون بۆ هێنانی ئاو بۆ منداڵەکانیان. دوو ڕۆژ لەمەوبەر مەسرور بەرزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی زاخۆی کرد. لەوێ بۆ وتارێکی پێنج خولەکی چوار سپلێتیان بۆ داگیرساندبوو. هەموو دەرفەت و خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوانە، بەڵام کەس لە ئێمە ناپرسێتەوە”.

 جێگەی بیرهێنانەوەیە کە لە ٣١ی ئابی ٢٠٢١ کەمپی قادیا لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە هێرشی کرایە سەر و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش بریندار بوون.

هـ . ب