کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر: پێویستە لەبەرانبەر کردەوەکانی پەدەکە بێدەنگ نەبن

کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، داوا لە پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن لەبەرامبەر کردەوەکانی پەدەکە بێدەنگ نەبن و هەڵوێسیان هەبێت.

لە شاری سلێمانی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە پارکی ئازادی گردبونەوەیان ئەنجامدا و بەیاننامەیەکیان دژی پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) خوێندەوە.

زەردەشت محەمەد، ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان بەیاننامەی هاوبەشی دوو کۆمەڵەکەی خوێندەوە کە تیایدا هاتبوو: سەدان ساڵە دوژمنان لە هەوڵی قڕکردنی ئەم گەلەن، هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کفری و مەخمور و شەهیدکردنی هاوڵاتیانی ئەم نیشتیمانە سەلمێنەری ئەوەن پێشمەرگە و سوپای عێراق کەمتەرخمن لە پاراستنی خەڵکی.

ئاماژەی بەوەشکرد: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دوژمنی خەڵک و خاک و ئاوەکەشمانە، بێ وەستانەوە هێرشی کردۆتە سەر چیاکانی کوردستان زاپ و مەتینا و ئاڤاشین، بە هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ هەوڵی داگیرکردنی ئەو شوێنانە دەدات، بەڵام گەریلا قارەمانەکان بە هێز و ئیرادەی پۆڵاینەوە، شکستیان بەو داگیرکاریەهێناوە.

 ئاماژەی بە تیرۆری هاوڵاتیانی مەدەنی و کادرانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردی وەک شورکی سەرحەد کرد لە لایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە و ڕایگەیاند: دوای ئەوەی شکستی هێنا لە قڕکردنی گەلی ئیزیدی لە شەنگال بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی و بە دەستی داعش، لە ئێستادا هێرش دەکاتە سەریان.

هێرشی چەتەکانی ڕۆژیشیان بەبیرهێنایەوە کە لە مانگی ئابی ئەمساڵ لە ناوچەی خەلیفان بۆسەیان بۆ گروپێکی گەریلادانابوو بە هۆیەوە ژمارەیەک گەریلا شەهیدبوون، لە ئێستاشدا پەدەکە ئامادە نییە تەرمی ئەو گەریلایانە ڕادەستی کەسوکاریان بکاتەوە.

ئەوان ئەو کردەوەیەیە پەدەکەیان بە “خیانەت” ناوهێنا و دەشڵێن لە دوای هەموو ئەو کردەوانەی لە ئێستاشدا دەروازە سنوریەکانیان داخستووە و وەکو گەنجانی وڵاتپارێز، داوایان لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد “بێدەنگ نەبن بەرامبەر ئەو سایسەتە قیزەونانەی بارزانی”.

ف.ق