كۆمیتەی ئامادەكاری نەورۆزی بناری قەندیل، بانگەوازێکی بۆ گەلی كورد بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، با تاك بەتاكی كۆمەڵگەكەمان نەورۆزی ئەمساڵیان لەقەندیل پیرۆز بكەن و روو لەقەندیل بكەن، قەندیل قەڵای بەرخۆدانی گەلی كوردە و دەبێت ئەم نەورۆزە بكەینە وەڵامێك بۆ داگیركەران.
شێخ محەمەدی بەستێ ئەندامێكی كۆمیتەی ئامادەكاری نەورۆز دەڵێت: "قەندیل پێگەیەكی سیاسی و جۆگرافیی گرنگی خۆی هەیە لەمێژووی گەلەكەماندا، بۆیە نەورۆزی قەندیل گرنگ و واتادارە، لەبەر ئەوەش دەبێت گەلەكەمان لە هەر چوار بەشی كوردستان و بەتایبەتی باشوری كوردستان بەجۆش و خرۆش و بەگوڕ و تینێكی زۆرەوە بەشداری نەورۆزی قەندیل بكەن.
شێخ محەمەدی بەستێ ئەوەشی وتووە؛ بەشداریكردن لە نەورۆزی بناری قەندیل، تەنیا بۆ ئاهەنگگێڕانێكی ئاسایی نییە، بەڵكۆ پەیامێكە بۆ سەرجەم نەیارانی گەلی كورد كە كوردان هەرگیز سازش لەسەر مافەكانیان ناكەن و بۆ ئەوەش با گەلەكەمان بێنە قەندیل و لێرە نەورۆز پیرۆز بكەن".
شنیار رەوسوڵ ئەندامێكی تری كۆمیتەی ئامادەكاری نەورۆزە لەبناری قەندیل و داوا لەگەلەكەمان دەكات بە بەرخۆدان و تێكۆشان بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل دا بكەن و نەورۆزی ئەمساڵ بكەنە نەورۆزی سەركەوتن و ئازادیی گەلەكەمان.
ژ.ت