كۆمیتەی ئازادی ئۆجالان لە باشووری كوردستان: پەکەکە مافیەتی لە هەموو کوردستاندا تێکۆشان بکات
کۆمیتەى ئازادیی ئۆجالان – باشووری کوردستان بە بۆنەى ٤٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
کۆمیتەى ئازادیی ئۆجالان – باشووری کوردستان بە بۆنەى ٤٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەى کۆمیتەى ئازادی ئۆجالان – باشووری کوردستان داهاتوە، "پەکەکە وەك بزووتنەوەیەكی كوردستانیی، ئەرك و مافیەتی لە هەموو كوردستان تێكۆشان و بەرخۆدان بەڕێوە ببات".
دەقی راگەیاندراوەکە
لە 42مین ساڵیادی پەکەکەدا؛
پەکەکە وەك بزووتنەوەیەكی كوردستانیی، ئەرك و مافیەتی لە هەموو كوردستان تێكۆشان و بەرخۆدان بەڕێوە ببات
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 42 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)دا پیرۆزبایی لە دامەزرێنەری پەکەکە رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان و سەرجەم شەهیدان، ئەندامان و خەڵكی وڵاتپارێز و تێكۆشەرانی ئازادیخواز دەکەین.
پەکەکە وەك بزووتنەوەیەكی فیكری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و گەریلایی ئازادیخواز، بە هزر و تێكۆشانی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان و رەنجی شەهیدان لەدایكبوو، لەو كاتەوە تا ئێستا دژ بە سیاسەتی نكۆڵی، قڕكردن، توانەوە و پارچەكردنی گەلی كورددا، کە سیستەمی داگیركاریی پەیڕەوی دەكرد، لە تێكۆشان و بەرخۆدانی بێوچان دایە. تێكۆشانی 42 ساڵەی پەکەکە، ئەو سیاسەتەی داگیركارانی بێئاكام هێشتەوە و گەلی كوردی ژیاندەوە و باوەڕی و ئیرادە و شكۆی مرۆڤی كوردی بەدەستهێنایەوە، رۆحی شۆڕشگێڕی و وڵاتپارێزی و یەكێتیی نەتەوەیی خوڵقاندەوە و بەرخۆدانی كردە رێبازی ژیانێكی شكۆمەند. شۆڕشی پەکەکە شۆڕشێکە دژ بە داگیركاریی، بەكرێگیراوێتی و پیاوسالاری، کە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی کەسێتیی ئازاد و ژنی ئازاد و كۆمەڵگەی ئازادی بەبنەما وەرگرتووە و لەبەرامبەر بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموكراتی ئافراند، سیستەمی داگیركاریی فاشیستی بەرەو هەڵوەشاندنەوە بردووە و زەبری كوشندەیشی لە سیستەمی بەكرێگیراوێتی چینی باڵادەستی كوردستان و ئەقڵییەتی پیاوسالاریی داوە. بەم تێكۆشانەی پەکەکە؛ ئیدی بونیادنانی كۆمەڵگەی ئەخلاقی- سیاسی، نەتەوەی دیموكرات و ژینگەپارێز بۆتە حەقیقەتێكی بەرجەستە، ژنی ئازاد گەیشتۆتە ئاستی پێشەنگایەتی بۆ شۆڕشێكی ەزری و كۆمەڵایەتی لەئاستی جیەاندا.
لەكاتێكدا یادی لەدایكبوونی گەورەترین بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلەکەمان و مرۆڤایەتی دەکەینەوە، رێبەر و دامەزرێنەری ئەم بزووتنەوەیە، بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە بەپیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی بەدیلگرا، 22 ساڵە لە زیندانی ئیمڕاڵیدا لەنێو دژوارترین سیستەمی ئەشکەنجەدا بەرخۆدانی دەكات و زیندانی كردۆتە گۆڕەپانی شۆڕشێكی هزری، كۆمەڵایەتی، كولتووری و سیاسی مەزن دژ بە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، داگیركاریی و پیاوسالاری.
رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان لەپێناو چارەسەركردنی پرسی نەتەوەیی گەلی كورد و گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و بەیەکەوەژیانی ئازاد و یەكسان و دادپەروەر و ئاشتەوادا نەخشەڕێگەیەكی دیموكراتیانەی خستەڕوو و لەم پێناوەشدا 22 ساڵە لە سەختترین دۆخی گۆشەگیرییدا تێكۆشان بۆ ئازادی و ئاشتی بەڕێوە دەبات.
ئەمڕۆ پەکەکە لە تێكۆشانی شۆڕشگێڕانەی خۆیدا بهەێز و ئیرادەیەكی مەزنەوە پێدەنێتە 43مین ساڵەی خۆی، لەوەها دۆخێكدا رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لەدوا قۆناخی هەڵوەشانەوەی خۆیدا، هەوڵدەدات بە پشتیوانی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق پیلانگێڕییەكی مەترسیدار لە باشووری كوردستان بەڕێوە ببات، کە ئەویش سیاسەتی كورد بە كورد بەكوشتدانە. ئەم پیلانگێڕییەش لە بنچینەدا رێبازێکە بۆ ستراتیژیی لە ناوبردنی گەلی كورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازەکەی و سەرجەم دەستکەوتەكانی گەلەکەمان. بۆیە لەم یادەدا ئەم راستییە دووپات دەکەینەوە، کە پەکەکە وەك بزووتنەوەیەكی كوردستانیی، ئەرك و مافیەتی لە هەموو كوردستان تێكۆشان و بەرخۆدان بەڕێوە ببات. پەکەکە ئەركی بەرگریكردن و پاراستنی گەلەکەمانی لەئەستۆی خۆی گرتووە و هەروەها بۆتە زامنی پاراستنی دەستکەوتەكانی گەلەکەشمان لە باشووری كوردستان و سەرجەم كوردستاندا، بۆیە بانگەوازی دەکەین کە پێویستە پەدەکە نەبێتە جێبەجێکەری ئەو پیلانگێڕییەی داگیركاران و خۆی بەدوور بگرێت لەهەرجۆرە شەڕ و پێكدادانێك دژ گەریلاكانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی پەکەکە.
لە كۆتاییدا؛ یادی لەدایكبوونی پەکەکە بەرز رادەگرین و دووبارە سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان، شۆڕشگێڕانی پەکەکە، گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین، دروود بۆ سەرجەم شهەیدانی رێگای ئازادی.
ژ.ت