کۆمیتەی ئازادیی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: بانگەوازەکە دەسپێکی چارەسەرە

کۆمیتەی ئازادیی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە باشووری کوردستان پشتگیری بۆ بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ڕاگەیاند، گوتی: "پارادایمی سەدە کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کرد، خاڵی دەسپێکی چارەسەرە".

ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ

کۆمیتەی ئازادیی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە باشووری کوردستان پشتگیری بۆ پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاند و گوتی: " لەبەر ئەوەی  تێز و ڕوانینەکانی بەڕێز ئۆجالان هەوێنی خەبات و تێکۆشینی تەڤگەری ئازادیی بوو، توانرا لە کۆتاییدا زهنییەتی فاشیزم تیک بشکێنن و پارادایمی سەدەی ڕێبەر ئاپۆ ببێت بەخاڵی دەستپێکی کاری سیاسیی و چارەسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوین."

لە سەکۆی پارکی ئازادی سلێمانی کۆمیتەی ئازادیی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە باشووری کوردستان بە ڕاگەیاندراوێک پشتیوانی بۆ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاند.

پەیامەکە لەلایەن سۆران مەحمود خوێنرایەوە، تێیدا گوترا دواجار دەنگی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە  دورگەی ئیمراڵییەوە-دوورگەی سه‌پاندنی  سیستەمی ئەشکەنجە و پیلانی نێودەوڵەتی و  ویستی خنکاندن- بانگ و هاواری له‌دایكبوونه‌وه‌ی مرۆڤی ئازاد و ویستی ئازادانه‌ درا به‌ گوێی جیهاندا.

هەروەها گوترا: " ئەو هاوارەی کە به‌رجه‌سته‌ و نماینده‌ی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان بوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بەری ڕەنجی تێکۆشانی گەریلا و خوێنی شەهیدان و بەرگری زیندانییانی سیاسییە کە داینەمۆی شۆڕشێک بوون دژ بە دڕندەترین دەوڵەت."

هەروەها تیشکخرایە سەر ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ و گوترا: " لەبەر ئەوەی  تێز و ڕوانینەکانی بەڕێز ئۆجالان هەوێنی خەبات و تێکۆشینی تەڤگەری ئازادیی بوو، توانرا لە کۆتاییدا زهنییەتی فاشیزم تیک بشکێنن و پارادایمی سەدەی ڕێبەر ئاپۆ ببێت بەخاڵی دەستپێکی کاری سیاسیی و چارەسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوین."

هەروەها باس لە پەیامەکەی پەکەکە کرا و گوترا: " پەیامی پارتی کرێکارانی کوردوستان و بەدەنگەوەچوون و  قبوڵکردنی پەیامی سەدە و وەڵامە پڕ لەبەها سیاسییەکەی ئەو پارتە شۆکهێنەربوو بۆ ئەوانەی هەتا ئێستاش ئیراده‌ی تێگه‌شتنیان له‌و بزاڤه‌ لا دروست نه‌بووه‌."

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " ٢٦ ساڵ زیندانی و گۆشەگیری و ئەشکەنجە بۆ ساتێک باوەڕی ڕێبەر ئاپۆی نەخستووەته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، بەڵکو بە ئیرادەیه‌كی مه‌زنه‌وه‌، وەک شاخ دەوڵەتی تورکیای هێنایە ئەو باوەڕییەی کە سەردەم سەردەمی پێویستی بوونی ئۆجالانە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، له‌ كاتێكدا ڕاستەوخۆ ئەم چارەسەرییە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەی کە دەوڵەتانی سەرمایەداری لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی توانییان گەلانی ناوچەکە بکەن بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و گەلی کورد ببێت بە قوربانی سەرەکی ئەو زوڵمە كه‌ ١٠٠ ساڵه‌ خوێنی له‌به‌ر ده‌ڕوات.

پێویستە هەمووان ئەو ڕاستییە بزانن کە ئازادکردنی ئۆجالان گەرەنتی سەرکەوتنی ئەم پرۆسە چارەنووسسازەیە بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە بەتایبەت کورد، ئەم قۆناغە بکەین بە قۆناغی زیاتر ناساندنی بیر و هزری ئاپۆ  و کارکردن بۆ بەپراکتیزەکردنی  لەناو کۆمەڵگەدا، چوونکە باش دەزانین سیستەمی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ڕووی دزێوی ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەردەخات و مرۆڤایەتی پێوستیی بە مۆدێرنێتەی دیموکراسی و نەتەوەی دیموکرات و پێوستی پێکەوه‌ ژیانی گەلان هەیە، ئەمەش تاکەچارەسەرییە بۆ دەربازبوون لە هەژاری و پاراستنی ژینگە و گەڕانەوەی ڕۆڵی سرووشتیی ژن و خێزانی ئازاد و ژیانی ئازاد".

هەروەها هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ٨ـی ئادار خوێندرایەوە.