کەنەکە: شێوەی پێشوازی لە فیدان لە هەولێر مایەی شەرمەزارییە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی تورک هاکان فیدان بە جۆرێک کە مایەی شەرم و تەریقبوونەوەی مرۆڤە لە هەولێر پێشوازی لێکراوە و سەرنجی راکێشا بۆ سەر رۆڵی فیدان لە تیرۆرکردنی دەیان جەنگاوەر و پێشەنگی کوردان.

دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەییی کوردستان (کەنەکە) رایگەیاند، سەردانی وەزیری دەرەوەی تورک هاکان فیدان بۆ عێراق  و باشووری کوردستان لەپێناو رەوایەتیدان و درێژەپێدانە بە هێرشەکانی ئەنقەرە بۆ سەر هەرێم.

کەنەکە بە بیریهێنایەوە کە لەو چوار دەوڵەتەی لە کوردستان باڵادەستن؛ لە رووی دەستوری هەمیشەییەوە عێراق ماف و هەبوونی کوردان بە فەرمی دەناسێت، بەڵام دەوڵەتی تورک دەیەوێت راپێچی سەر هێڵی خۆی بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی سەدام.

کەنەکە ئەوەشی خستەڕوو کە خواست و نیازی دەوڵەتی تورک 'لەناوبردنی سەرجەم بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی گەلی کورد'ە و ئاماژەی بە هەڵوێستی تورکیا لە کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد کە بەر لە شەش ساڵ ئەنجامدرا.

ئەگەر دوژمن سپاس و ماڵئاواییتان لێبکات دەبێت دە جار بیری لەبارەوە بکەنەوە

کەنەکە شێوەی پێشوازی لە هاکان فیدان لە هەولێری وەک هەڵسوکەوتێکی مایەی شەرم پێناسە کرد و رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر جەنگاوەر و پێشەنگی کورد بە بڕیاری هاکان فیدان و ئەو دەزگایەی سەرکردایەتی دەکرد، تیرۆر کران.

کەنەکە بە بیری هێنایەوە کە هاکان فیدان سپاسی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی باشوری کوردستانی کردووە و رایگەیاند، "ئەگەر دوژمن سپاس و ماڵئاوایی لێکردن دەبێت دە جار لەو بارەوە بیر بکەنەوە".

لە راگەیەندراوەکەی کەنەکەدا هاتووەم کە پەدەکە لە بری هەڵوێست وەرگرتن لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، ئاسانکاری بۆ ئەو هێرشانە دەکات و ئەوەش خرایەڕوو کە لە کاتی کۆمەڵکوژیەکانی پێنجوێن، سیدەکان و برادۆست کە لە کاتی سەردانەکەی فیدان بۆ هەولێر ئەنجامدران، بەڕێوەبەرایەتی باشوور بێدەنگ بوون.

بانگەواز بۆ حکومەتی عێراق و پەدەکە

کەنەکە داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە هاوکاری دەوڵەتی تورک نەکات، هەروەها داواشی کرد کە بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بوەستێتەوە.

کەنەکە بانگی لە پەدەکە کرد و رایگەیاند کە دەبێت دەستبەرداری هەڵوێستەکەیان بن کە خۆیان خستووەتە پاڵ دەوڵەتی تورکە و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەر هێڵی نەتەوەیی.

کەنەکە داوای لە سەرجەم هێزەکانی کوردستانیش کرد بەرامبەر بە داگیرکەران بوەستنەوە و لە تێکۆشانی ئازادیدا بەشداربن.

کەنەکە هەروەها سڵاوی ئاراستەی ئەو هێزانە کرد کە لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر خۆڕاگری دەکەن.

هـ . ب