کەنەکە سەرەخۆشی لە یەنەکە دەکات

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەنەکە بە هۆی شەهیدبوونی ٣ پێشمەرگەیانەوە سەرەخۆشی لە یەنەکە دەکات.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە هۆی هێرشە ئاسمانیەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت پەیامێک ئاراستەی سەردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) کرد.

لە پەیامەکەی کەنەکەدا هاتووە: "دوێنێ، (١٨-٠٩-٢٠٢٣) لە سلێمانی لە فڕۆکەخانەی عەربەت هێزەکانی دژەتیرۆر کرانە ئامانجی هێزە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک. لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٣ پێشمەرگە شەهید بوون و ٣ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. ئەو هێرشە بە تەنیا بۆسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان نییە، بەڵکو هێرشە بۆسەر کوردستان و هەموو گەلی کورد.

ئەو هێرشە دژی سەروەری هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراقە. چەندین ساڵە دەوڵەتی تورکیا سەروەری هەرێم و عێراق پێشێل دەکات. ئەم دۆخە لەهەمانکاتدا پێشلکردنی هەموو نۆرم و رێسا نێودەوڵەتییەکانیشە. هەروەها دژی مافەکانی مرۆڤە. ئەو هێڕشانەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر گەلی کوردستان تاوانی شەڕ و تاوانی دژی مرۆڤایەتین. پێویستە رێگا لەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا بگیرێت و تاوانباران سزا بدرێن. ئێمە بڕوامان وایە کە ئێوە بە وردی بەدوواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن. ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو شێوەیەک لەگەڵتانین و پشتگیریی سەرکردایەتی یەکێتی دەکەین.

بۆ هەموو ئەو شەهید و بریندارانە هاوخەمتانین و بە توندیش ئەو هێرشانە ریسواو شەرمەزار دەکەین. لە کەسێتی شەهیدانی فڕۆکەخانەی عەربەتدا هەموو شەهیدانی کوردستان بە شکۆوە بەبیردێنینەوە و سەری رێزیان بۆ دادەنەوێنین. سەرەخۆشی لە سەرکرایەتی، هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کەس و کاری شەهیدان و هەموو گەلی کوردستان دەکەین. هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین".

هـ . ب