"دەستی خیانەت نەبێت هەرگیز دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناتوانێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت"

کرێکارانی میزۆپۆتامیا، وێڕای ئیدانە و شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سەر دژە تیرۆر و کەنەکە، داوا لە هەموو گەلی کورد دەکەن، ڕێگە نەدەن کوردستانی گەورە بکرێتە قوربانی بنەماڵە، هەر دەستێکیش شەرمەزار دەکەن، کە لەگەڵ دوژمنانی کورد دەست تێکەڵ دەکەن.

ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، ئەمڕۆ لە نووسینگەی خۆیان  لە شاری سلێمانی، لە دژی هێرشەکانی ١٨ـی ئەم مانگەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت و نووسینگەی کەنەکە لە شاری هەولێر، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا.

فەخری ڕۆنی، ئەندامی میزۆپۆتامیا راگەیەندراوێکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، مێژووی سەد ساڵی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کارنامەی ئەو دەوڵەتە لەسەر جینۆساید و قڕکردنی گەلی کورد دامەزراوە، لەم چەند ساڵەی دواییشدا بە هاوکاری خیانەتکاران لە هەر شوێنێک کوردێکی نیشتیمانپەروەر هەبووبێت تیرۆریی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، بوونی هەبووە و لە دواین پیلانگێڕیشدا دەزگای میتی تورک بە هاوکاری دەستی خیانەت دەنیز جەودەت بولبونیان شەهید کرد.

لە بەیاننامەکەشدا ئەوە هاتبوو، "دوا لە هەموو ئەو هێزانە دەکەین کە خۆیان بە نوێنەری کورد دەزانین بە تایبەتیش پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی کە مێژووی سەد ساڵەی خەباتی گەلی کورد نەکەنە قوربانی بەرژەوەندییە کەسیی و حزبییەکانیان و دەستبەرداری دوژمن ببن چونکە ئەگەر دەستی خیانەت نەبێت هەرگیز دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناتوانێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت".

لە کۆتایشدا تێیدا رایانگەیاندووە، "هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت و تیرۆرکردنی دەنیز جەودەت بولبون هێرشە بۆ سەر تەواوی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، هەر بۆیە داوا لە هەموو هێز و لایەنەکان، پارتە سیاسیی، چین و توێژە جیاوازەکان و ڕۆشنبیرانی گەلی کورد دەکەین ڕێگە نەدەن کوردستانی گەورە بکرێتە قوربانی بنەماڵە و هەر دەستێک شەرمەزار دەکەین کە لەگەڵ دوژمنانی مێژووی گەلەکەماندا دەست تێکەڵ دەکەن".

هـ . ب