کەرکوک، بەهۆی نەبوونی یەک لیستی ژمارەیەک حزبی کوردی بایکۆتی هەڵبژاردنیان ڕاگەیاند

شوان محەمەد: "زاڵبوونی بەرژەوەندی حزبی بەسەر بەرژەوەندی گشتی، وایکرد یەک لیستی کوردستانی لە کەرکوک دروست نەبێت".

ئەمرۆ دووشەممە لەبارەگای کەرکوکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرا بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی بەشێک لە حزبە کوردستانییەکانی لیژەی چەپ لە کەرکوک، سەبارەت بە پێکنەهێنانی یەک لیستی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە شاری کەرکوک، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بەرپرسانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بەشداربوون.

'هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەینین'

شوان محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردسان و بەرپرسی کەرکوکی حزبەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیدا سەبارەت بە هەڵوێستی بەشیک لە حزبەکان لەسەر سەرنەکەوتن لە پێکهێنانی یەک لیستی کوردستانی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند، ووتی: "ئەمرۆ ئێمە وەکو دوو حزبی کوردستانی لە لیژنەی چەپ، کە پێکهاتووین لە هەردوو حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، لەڕیگەی ئەم کۆنگرە رۆژنامەنووسییەوە هەڵوێستی خۆمان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ڕادەگەینین".

'بەشێك لە حزبەکان کەوتنە دوای بەرژەوەندنی خۆیان'

سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ جەختکردنەوە لە یەک لیستی ئەو بەرپرسەی حزب زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند: "هەموو لایەک ئاگادارن کە ئێمە لە دەستپێکی پرۆسەکەوە هەوڵێکی زۆرماندا بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی سەر ئایندەی کەرکوک لەسەر ئاستی کۆبوونەوەی حزبەکان و دەرکردنی یاداشنامە بۆ ڕای گشتی و بۆ حزبەکان، بەڵام بەداخەوە ئێمە لە دروست کردنی یەک لیستی و لەبەرچاو گرتنی مەترسییەکانی ئایندەی کەرکوک سەرکەوتوونەبووین، بەشێک لە حزبەکان کەوتنە دوای بەرژەوەندنی خۆیان بۆیە یەک لیستی لە کەرکوک سەری نەگرت".

'بۆ ئەوەی دەنگی کورد نەسوتێت بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین'

شوان محەمەد بەهۆی سەرنەکەوتنی هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی یەک لیستی کورد، ووتی : "بۆیە ئێمە لەم کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا ڕایدەگەینین کە هەردوولامان بەشداری هەڵبژاردن ناکەین و بایکۆت دەکەین لە پێشکەشکردنی لیست ئەمەش لەپایەی خەمخۆریمانە بۆ ئایندەی کەرکوک و لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییانەی دێتە پێشەوە لە ئایندەی کەرکوک، بۆیە ڕایدەگەینین کە لەگەڵ هیچ لیست و هاوپەیمانییەک ڕێکەوتنمان نیە وە لە هیچ لستێک بەشداریمان نەکردووە لەپێناو کەرکوک تا دەنگی کورد لە شارەکە نەسوتێت".

'بەهۆی هەموو ململانێی حزبی یەک لیستی پێکنەهات'

هەروەها ئەو بەرپرسە حزبییەی شاری کەرکوک سەبارەت بە کاریگەری ململانەی حزبی لەسەر یەک لیستی، ووتی: " چونکە ئەم یاسا بەشێوەیەک هەموارکراوەتەوە کە لەبەرژەوەندی لیستی گەوردا بێت، بۆیە ئێمە زۆر جەختماکردەووە کە کورد لەبەرامبەر ئەو مەترسیانەی لەسەر کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانە هەیە، دەبێت هەموو ململانییەکی حزبی بەلاوە بنێن و یەک لیستی لە شارەکە ڕابگەینین، بەڵام بەداخەوە ئەمە نەکرا ئێمەش سور بووین لەسەر هەڵوێستی خۆمان و نابینە هۆی سوتانی دەنگی کورد بۆیە هیچ لیستێکمان پێشکەش نەکردووە لە هیچ هاوپەیمانیەک و لە هیچ لیستێک بەشداریمان نەکردووە".

'بەرژەوەندی حزبی زاڵبوو بەسەر بەرژەوەندی گشتی'

لە کۆتایدا شوان محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند: "بەرژەوەندی حزبی زاڵبوو بەسەر بەرژەوەندی گشتی بۆیە نەتوانرا یەک لیستی لە کەرکوک سەربکەوێت، لەسەرتاوە کاری پێشینەی ئێمە یەک لیستی بووە بۆیە نەچووینەتە ناو هیچ گفتوگۆ و ڕیککەوتنێکەوە".

هـ . ب