ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە، لە ساڵۆنی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەگەڵ ئامادەکاری لایەن و حزبە سیاسییەکانی شارەکە بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێڕاق، سەبارەت بە گرنگی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پرۆسەی دیموکراتیدا، لەژێر ناونیشانی (دیموکراسی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان) کۆڕێک بۆ د. شیلان فەتحی ئەکادیمیست و میدیاکار ڕێکخرا.
جێگای باسە، لە کۆڕەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی رۆشنبیر، مامۆستا، چالاکوانانی ژنان و میدیاکارانی هەردوو ڕەگەز ئامادەبوون.
سەبارەت بە کۆڕەکە د.شیلان فەتحی ئەکادیمیست و میدیاکار و پێشکەشکاری کۆڕەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ووتی: "کۆڕەکەی ئەمڕۆمان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەگەڵ چەمکی دیموکراسی، کە ئایا ئەو دیموکراسیەی ئیستا لە عێراقدا هەیە ئەو دیموکراسییەیە کە خەباتمان بۆی کردووە، وە ئایندەی ئەم دیموکراسییە بۆ کوێ دەڕوات".
هەروەها سەبارەت بە سروشتی پێکهاتەیی کەرکوک و شارە فرە نەتەوە و پێکهاتەکان، د. شیلان فەتحی ووتی: "شاری کەرکوک و ژمارەیەک لە شارەکانی دیکەی عێڕاق پێکهاتوون لە پێکهاتەی نەتەوەیی و بیروباوەڕی ئاینی جیاواز بۆیە لە کۆڕەکدا جەختمان کردەوە لەسەر ئەوەی کە باشترین جۆری دیموکراسی بۆ عێراق و کەرکوک دیموکراسی هاوپەیمانی و کۆدەنگییە کە مافی زۆرینە ئەپارێزێت و جەخت لەسەر مافی کەمینە دەکات و ناهێڵێت مافیان زەوتبکرێت".
هەروەها ناوبراو تیشكی خستەسەر گرنگی هەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگا و ڕایگەیاند: "لە کۆڕەکەدا باسی گرنگی هەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگاکانمان کرد، چونکە ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ڕووی سیاسییەوە رۆڵێکی گرنگیان هەیە چونکە چاودێرن لەسەر کارەکانی پارێزگار و لایەنە حوکمییەکانی هەر شارێک، هەروەها بۆیان هەیە لێپێچینەوە لەگەڵ لایەنەکانی دەسەڵاتی خۆجێی بکەن".
لە کۆتایدا د.شیلان فەتحی ئاماژەی بەوەشکرد: "شارێکی وەکو کەرکوک کە لەدوای ساڵی (٢٠٠٥)ەوە هیچ هەڵبژاردنێکی ئەنجوومەنی پارێزگای تێدا ئەنجام نەدراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گەندەڵی و ستەمکردن لە مافی نەتەوەکانی شارەکە و دروست بوونی دیکتاتۆریەت لە بەڕێوەبردن".