هەڵوێست بەرامبەر داگیرکاری
هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باشوری کوردستان بەردەوامە، مامۆستایانی ئایینی پێیان وایە ئەمە پێشێلکارییە و لەم بارەیەوە هەڵوێست و ناڕەزایەتی وخۆیان دەربڕێی بۆ ئاژاسمان قسەیانکرد و وتییان: "پێویستە هەموومان دژی ئەم لەشکرکێشیی و داگیرکاریی دوژمن بووەستینەوە. "
'داگیرکارییەکان دەستدرێژییە بۆ سەر گەلی کورد'
مەلا نادرعەلی مامۆستای ئایینی ئاماژەی بەوەدا دەوڵەتی تورک لە مێژە لە داگیرکاری و لەناوبردنی گەلی کورددایە و وتی: "بەپێی شەریعەتی ئیسلام ئەم داگیرکارییانە دەستدرێژییە بۆسەر گەلی کورد، پێویستە ئەم نادادییە قبوڵ نەکرێت. دەوڵەتی تورک هەر لە مێژووە ویستوویەتی گەلی کورد لەناوبەرێت و بەردەوام هێرشی کردووە. هیچ کێشەیەک بە خوێنڕشتن چارەسەر ناکرێت، بەڵام پێویستە خۆپیشاندان و ڕێگای مەدەنی، هەورەها گرتنەبەری سکاڵا لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بکەینە ڕێگایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم داگیرکارییانە و پیشانی بەناو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی بدەین کە چۆن گەلی کورد و خاکی کوردستان لە ژێر داگیرکاریی و کارە دڕندەکانی دووژمنانی کورداندایە."
'چاوساغی بۆ داگیرکاریی کارێکی نەفرەت لێکراوە'
لە بەردەوامی قسەکانیدا مەلا نادر ئاماژەی بەوەدا لە ئاینی ئیسلامدا هەر کەسێک هێرش و داگیرکاری ئەنجام بدات بەر نەفرەتی خودای گەورە دەکەوێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: " ئەم وڵاتانە تەنیا بە ناو ئیسلامن و موسوڵمان گەر وانەبێت ئەوا هەرگیز هێرش ناکاتە سەر وڵات و گەلانی دیکە. هەر کەسێک ڕێگە بە چاوساغی بۆ داگیرکاری بکات کەسێکی نەفرەتلێکراوە، ئەوانەی وا ئەکەن هیچ سرود و پارانەوەیەکی ئاینیان دروست نیە. وە بە موسوڵمانیش هەژمارد ناکرێن، سەبارەت بە خەڵکیش، با کەس نەڵێت ئاگرە سوورە لەخۆم بەدوورە، ئەم ئاگرە ئەگەر نەیکوژێنینەوە هەموومانی پێوە دەسوتێین و پێویستە هەموومان هەڵوێستمان هەبێت و نەهێڵین هیچ لایەنێکی سیاسی ببێتە ڕێگە خۆشکەر و داردەستی ئەم هێرشانە."
'لە ئایندا ڕێگەیەک نیە بۆ هێرش و داگیرکاری'
هەر سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر خاکی باشووری کوردستان؛ مامۆستا عوسمان نورسی کە کەسایەتیەکی ئاینییە ئاماژەی بە ڕۆڵی کەسایەتییە ئایینەکان کرد بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی هێرشی داگیرکاری بەوەی پێویستە کەسایەتییە ئاینییەکان بەزمان و ویژدانی ئاینییەوە هەڵوێست وەرگرن و بەم شێوەیە بەردوام بوو لە قسەکانی: "پێموایە تەنها بەڕێگەیی ئیدانەکردنەوە ناتوانین ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە ببینەوە، ڕاستە ئەوە بەشێکە لە هەڵوێست. بەڵام پێویستە لەسەرجەم چین و توێژەکان ڕێگای هەمەجۆر بەکاربێنین بەرامبەر دوژمنێک کە دەیەوێت خاکەکەمان داگیربکات. مامۆستایانی ئایینی پێویستە بە زمانی ئاین ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە، چونکە ئاینی ئیسلام بەهیچ جۆرێک ڕێگە بەم داگیرکاریی نادات و لە هیچ شوێنێکی ئایندا ڕێگە خۆشکردن بۆ ئەم لەشکرکێشییە نەکراوەتەوە، هەروەها ئێمە پێویستە وەک بەشێک لە عێراق، داوای هەڵوێستوەرگرتن لەوانیش بکەین و نابێ ڕێگە بە بەردەوامبوونی ئەم داگیرکارییە بدەین."