کەسایەتییەکانی کەرکوک: داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین سنورێک بۆ دەستدرێژییەکانی تورکیا دابنێت

کەسایەتییەکانی کەرکوک لەدژی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هاتنە دەنگ و داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن سنورێک بۆ دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دابنرێت.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لە سەنتەری رۆشنبیریی شاری کەرکوک لە باشوری کوردستان نزیکەی ٢٠ کەس بەناوی ئەنجوومەنی کەرکوک، کە پێکهاتوون لە رۆشنبیران، نووسەران، سیاسەتمەداران، رۆژنامەنووسان، مامۆستایان و کەسایەتیە کۆمەڵایەتی و کەسانی ووڵاتپارێزی شاری کەرکوک، هەڵوێستی خۆیان دژی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕاگەیاند.

کەسایەتییەکانی شاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیەدا لەدژی هێرش دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و پێشێلکردنی سەروەری خاکی کوردستان و عێراق هاتنە دەنگ و داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد سنورێک بۆ دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دابنرێت.

هەروەها داوایان کرد، مادەی ١٤٠ی دەستور جێبەجێ بکرێت لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی هەوڵی بەعەرەبکردنی کەرکوکیان کرد لەلایەن پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک، کە بەردەوامە لە بەعەرەبکردنی کەرکوک و داگیرکردنی زەوی کورد و تورکمان بەتایبەتی لە ناوچەکانی تۆپزاوە و تەڕکەڵان.

نایانەوێت لە کەرکوک دەستوری دوای ڕووخانی بەعس جێبەجێ بکرێت

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، عەبدولڕەحیم حەسەن بەناوی ئامادەبووانەوە بەیاننامەی کەسایەتییەکانی کەرکوکی خوێندەوە، کە تیدا هاتبوو: "لەکاتێکدا یادی ڕووخانی رژێمی بەعس دەکەینەوە، هیوای زۆرمان هەبوو، کە دوای ڕوخانی رژێمی بەعس گەلانی عێراق بە مافە یاسایی و دەستورییەکانیان بگەن، بەتایبەتی دوای نووسینەوەی دەستوری عێراق لەساڵی ٢٠٠٥ کە تەواوی گەلانی عێراق دەنگیان بەم دەستورە دا بۆ مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانیان، بەڵام کەسانێک هەن لەشاری کەرکوک نایانەوێت دەستوری دوای رووخانی بەعس لە کەرکوک جێبەجێ بکرێت، کە بریتییە لەمادەی ١٤٠ی دەستور، کە دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی ململانێی مێژووی ناسنامەی کەرکوک".

ئیدارەی کەرکوک لەسەر بنەمای نەتەوە نادادپەروەری دەکات

هەروەها عەبدولڕەحیم حەسەن سەبارەت بە گەندەڵەییەکانی ئیدارەی کەرکوک لە سایەی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک ووتی: "سەرەڕای بوونی داهاتێکی زۆر لە شاری کەرکوک، کێشەی داگیرکردنی زەویی هاووڵاتیانی کورد و تورکمان هەیە بەتایبەتی لە ناوچەکانی تۆپزاوە و تەڕکەڵان، هەروەها کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری هەیە و ناهاوسەنگیش هەیە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە پێکهاتەکانی شارەکە، ئەمەش بەهۆی نادادپەروەری ئیدارە و پارێزگاری شارەکە بەرامبەر نەتەوەکانی کورد و تورکمان".

تورکیا رۆژانە گوشار دەخاتەسەر گەلانی عێراق

هەروەها سەبارەت بە بەردەوامی دەستدرێژیی و پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، عەبدولڕەحیم حەسەن ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئاستەنگە ناوخوێیەکان کێشەیەکی گەورەتر ڕووبەڕووی گەلانی عێراق و کوردستان بۆتەوە، کە ئەویش ئەو دەستدرێژیانەیە، کە دەکرێتەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان بەتایبەتی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بۆیە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین سنورێک بۆ دەستدرێژی و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دابنێت، کە تورکیا رۆژانە گوشار دەخاتەسەر گەلانی عێراق لە ڕیگەی بۆمبارانکردنی شارەکانی کوردستان بە فڕۆکەی جۆراوجۆر و داخستنی سنورەکان".

ڕەفتار و کردارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دوژمنکارانەن

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە بەردەوامی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر خاکی کوردستان، ناوبراو ئاشکرای کرد: "تورکیا بەردەوام لە هێرشکردنە سەر خاکی کوردستان، کە لەدواین دەستدرێژیش هێرشە ناڕەواکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانییە، ئێمە ئەو ڕەفتار و کردارانەی تورکیا بە دوژمنکارانە دەزانین، لەگەڵ ئەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا سەرکۆنە دەکەین داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین، کە سنورێک بۆ دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دابنێن و سەرکۆنە و سەرزەنشتی بکەن".

داگیرکردنی خاکی ووڵاتان هێڵی سورن

لە کۆتایدا عەبدولڕەحیم حەسەن بەناوی کەسایەتییەکانی کەرکوکەوە ووتی: "داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ دەکەین، کە داوا لە هەردوو ووڵاتی تورکیا و ئێران بکات کە بە سیاسەت و ڕەفتارەکانی خۆیاندا بچنەوە بەرامبەر بە گەلانی عێراق و کوردستان، هێرش و کوشتنی خەڵکی بێ تاوان و سڤیل و داگیرکردنی خاکی ووڵاتانی دیکە هێڵی سوری ناوەندە نێودەوڵەتییەکانە".

ژ.ت