کەسایەتییەکانی کەرکوک: "هەڵبژاردنی ئەم جارە بۆ کورد چارەنووس سازە"
کەسایەتییەکانی کەرکوک، داوا لە کوردانی شارەکە دەکەن بەشداری بکەن لە هەڵبژاردن و دەلێن: "ئەم هەڵبژاردنە چارەنووس سازە بۆ ئایندەی کورد لە شارەکە".
کەسایەتییەکانی کەرکوک، داوا لە کوردانی شارەکە دەکەن بەشداری بکەن لە هەڵبژاردن و دەلێن: "ئەم هەڵبژاردنە چارەنووس سازە بۆ ئایندەی کورد لە شارەکە".
ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە، لە سەنتەری رۆشبیری کەرکوک لە باشوری کوردستان، (ئەنجومەنی پاڵپشتی هەڵبژاردنی کەرکوک) کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک کەسایەتی رۆشنبیر، ئەکادیمی، نووسەر و ئەدیب، سیاسەتمەدار، مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتی دیاری باشوری کوردستان و شاری کەرکوک، بۆ هۆشداریدان لەسەر هەستیاری و مەترسی هەڕەشەکانی قۆناغی ئیستا لەسەر شاری کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانی عێراق، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان بەست.
کەسایەتییەکانی کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیەکەدا جەختیان کردەوە کە لەپێناو وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی سەر گەلی کورد و شوناسی کوردستانی بوونی ناوچە داىڕێندراوەکان، گرنگە کورد بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکات چونکە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووس سازە بۆ ئایندەی کورد لە شارەکە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، مەلا فاخر جابیر کەسایەتی ئاینی شاری کەرکوک، بەناو (ئەنجومەنی پاڵپشتی هەڵبژاردنی کەرکوک)، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا بەیاننامەیەکی ئاڕاستەی کوردانی شارەکە کرد و ووتی: "ئێمە لە ئەنجومەنی پاڵپشتی هەڵبژاردنی کەرکوک کە پێکدین لە پۆلێک لە مامۆستایانی ئاینی، کەسایەتی کۆمەڵایەتی، مامۆستایانی زانکۆ، چالاکوانانی مەدەنی، سەرۆک هۆز، رۆشنبیران و خەمخۆرانی شاری کەرکوک،
وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی و نشتیمانی وە لە سۆنگەی هەستەکردنمان بە بەرپرسیارێتی ئەم ئەنجومەنەمان پێکهێناوە بۆ پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پێمان وایە لە ١٨ ساڵی ڕابردوو شاری کەرکوک قۆناغی واهەستیاری بە خۆیەوە نەدیوە بۆیە پێمان وایە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجومەنی پارێزگا جگە لەوەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسییە بۆ ئێمەی کورد چارەنووس سازە و پەیوەستە بە شوناسی شاری کەرکوک، بۆیە زۆر بەپێویستی دەزانین لێرەوە داواکاری ئەم چینە رۆشنبیریە بکەینە بەرچاوی هاووڵاتیانی کوردی کەرکوک کە بریتییە لەم خاڵانەی خوارەوە:-
یەکەم/ داوا لە هاووڵاتیانی کوردی شاری کەرکوک و دەوروبەری دەکەین بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە خۆیان پیان باشە و بەهەر پارت و لایەنێک دەنگ دەدەن گرنگ ئەوەیە دەنگ بدەن.
دووەم/ داوا لە هاووڵاتیانی کوردی شاری کەرکوک دەکەین بچن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانەکانیان چونکە ڕێژەیەکی زۆری کارتی دەنگدان لە بنکەکانی دەنگدان ماون و هاووڵاتیان وەریاننەگرتۆتەوە.
سێیەم/ دەبێت تاکی کورد لە گرنگی ئەم هەڵبژاردنە تێبگات کە چارەنووسسازە و هەر دەنگێک گوزارشت گوزارشتە لە ئایندەی نەتەوەکەمان لەم شارە ئەمە جگە لەوەی دەنگدان مافێکی یاسایی هەر هاووڵاتییەکە.
چوارەم/ داوا لەو هاوولاتیانە دەکەین کە نیشتەجێ شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانن و مافی دەنگدانیان هەیە لە کەرکوک، لە رۆژی دەنگدان بێنەوە بۆ کەرکوک و بەشداربن لە پرۆسەی دەنگدان.
پێنجەم/ نابێت لەژێر هیچ پاساوێک هەڵبژاردن دوابخرێت چونکە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن ستەمێکی گەورەیە لە نەتەوەیی کورد و قۆستنەوەی(ئیستغلال) کردنی بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی نەتەوەکانی دیکەی کەرکوک.
شەشەم/ لەپێناو داگیرنەکردنی ئەو گوندە کوردیانەی بەریەک کەوتنن لەگەڵ گوندە عەرەبییەکان با هەموو بچین دەنگ بدەین.