شاڵاوی ئەنفالی ناوچەی گەرمیان لە ٧ تا ٢٠ نیسانی ١٩٨٨دا لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە ئەنجامدرا، کە یەکێک بوو لە گەورەترین و بەرفراوانترین هێرش و پەلامارەکانی ئەو رژێمە بۆسەر کوردستان، کە ناوچەکانی (دوز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە، و بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەر)ی گرتەوە.
زیانێکی گەورەی گیانی و ماڵی بە دانیشتوانی نزیکەی (٥٠٠) پێنج سەد گوندی ئەو ناوچانە گەیاند، کە زیاتر لە ٣٠ هەزار ژن و منداڵ و پیر و گەنجی بێسەر و شوێن کرد و ماڵ و سامانیشیان بە تاڵان بردرا، لە (١٤ نیسانی ١٩٨٨)دا، چوار شارۆچکەی گەرمیان بە یەک رۆژ بە تەواوەتی وێران کران و نزیکەی بیست هەزار ژن و منداڵ و پیاوی ئەو ناوچانە بە زۆرەملێ بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو گواسترانەوە، بۆیە ئەم رۆژە لە هەموو ساڵێك کراوەتە رۆژی یادکردنەوەی تاوانی ئەنفال لە کوردستان.
دوێنێ هەینی ١٤ی نیسان لە ساڵیادی کارەساتی بەدناوی ئەنفال، لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، کەسوکاری قوربانیان ئانفالکراوان، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و بەیاننامەیەک بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خوێندەوە و کە تیدا چەند داوایەکیان ئاڕاستەی لایەن پەیوەندیدارەکان کرد کە سەرەکیترین داواکاریان هێنانەوەی ڕوفات و دادگاییکردن جاش و مستەشارەکان بوو.
جێگای باسە کە ئەو جاش و موستەشارانەی دەستیان هەبووە لە جینۆسایدی گەلی کورد لە شاڵاوی بەدناوی ئەنفال دا ئێستا لەژێر سایەی حزبی دەسەڵاتی کوردی دا داڵدا دراون بە تایبەتی لەلایەن پارتی (پەدەکە)ەوە.
لە گردبوونەوەکەدا، ئامینە یەحیا کچە قوربانی ئەنفال، بەناو ئامادەبووانەوە بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ووتی: "ئێمە ئەمڕۆ لێرەدا لە ٣٥هەمین ساڵیادی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا، یادی قوربانیانی ئەنفال دەکەینەوە کە هێشتا بەشیکی زۆری ڕوفاتی قوربانیان نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان و تەنانەت گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش هەڵنەدراونەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کەسوکاری قوربانیەکان چاوەڕوانی ڕووفاتی ئازیزانیان دەکەن، دوای ٢٠ ساڵ لە ڕووخانی رژێمی دیکتاتۆری بەعس تائێستا کەسوکاری قوربانیان ئەنفال لە سادەترین مافەکانیان بێبەش کراون.
ئامینە یەحیا سەبارەت بە داواکارییەکانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال ووتی: "ئێمە لەم ساڵیادی مەرگەساتی ئەنفالەدا داواکارییەکانمان لەم خاڵانە دەخەینەڕوو:-
یەکەم/ گەڕانەوەی ڕوفاتی ئازیزانمان بۆ زێدی خۆیان.
دووەم/ قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
سێ-یەم/ دادگایی کردنی جاش و موشتەشارەکان.
چوارەم/ دامەزراندنی کچان و کوڕانی ئەنفالکراوان کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن.
پێنجە،/ داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکات بۆ ناساندنی مەرگەساتی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال بەجینۆساید لە ووڵاتان و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.
شەشەم/ پشگوێ نەخستنی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆرش لەڕووی خزمەتگوزارییەوە، کە ئەم ناوچەیە زۆرترین قوربانی داوە لە شاڵاوی بەدناوی ئەنفال دا.
حەوتەم/ کردنەوەی تاقیگەیەکی پشکنینی (دی ئێن ئەی) بۆ وەرگرتنی نموونە و سامپڵ لە کەسوکاری قوربانیان و بۆ ناسینەوەی قوربانیان.
ژ.ت