کورد دوای حەوت ساڵ پۆستی پارێزگاری کەرکوکی وەرگرتووە
لە بەغدا، دوای حەوت ساڵ جارێکی دیکە پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک هەڵبژێردرایەوە و رێبوار تەها کرا بە پارێزگاری کەرکوک.
لە بەغدا، دوای حەوت ساڵ جارێکی دیکە پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک هەڵبژێردرایەوە و رێبوار تەها کرا بە پارێزگاری کەرکوک.
درەنگانی شەوی رابردوو لە شاری بەغدای پایتەخت، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بەرێوەچوو و تێیدا پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک یەکلایی کرانەوە، کە پۆستی پارێزگار درا بە یەنەکە وەکو براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، هەروەها محەمەد حافز لە نەتەوەی عەرەب بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵبژێردران.
جێگای باسە، لەکۆی ١٦ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، نۆ ئەندام لە کۆبوونەوەکە بەشدارییان کردووە، کە پێکهاتبوون لە پێنج ئەندامی سەر بە یەنەکە و ئەندامێکی کریستیان لە فراکسیۆنی بابیلۆنی نزیک لە یەنەکە و ٣ ئەندامیش لە هاوپەیمانی عەرەبی.
جێگای ئاماژەیە، تورکیا لەڕێگەی پەدەکە و بەرەی تورکمانییەوە هەوڵێکی زۆریدا بۆئەوەی لایەنە عەرەبییەکان ڕازی بکەن تاوەکو پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەدەستی کورد و یەکێتی دەربکەن، بەڵام دواجار هەوڵەکانیان شکستیهێنا و پۆستی پارێزگاری کەرکوک جارێکی دیکە درایەوە بە کورد.
پڕۆفایلی ڕێبوار تەها پارێزگاری نوێ کەرکوک بریتییە لە:-
رێبوار تەها مستەفا ئەحمەد ، ساڵی ١٩٨٢ لە گەڕەکی ئازادی شاری کەرکوک لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە کەرکوک تەواوكردووە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی پەروەردەی زمانی ئینگلیزی و بەکالۆریۆس یاسا و بڕوانامەی دبلۆمە له كارگێرى و ياسا لە پەیمانگای تەکنیکی کەرکوک، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق تا ساڵی ٢٠١٤ کاری کردووە لە پرسی ئەمنی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ساڵی ٢٠١٤ بۆ جاری یەکەم بووە بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەندامی لیژنەی دەستپاکی بووە.
ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٨ وەک سەرۆکی لیستی (ی.ن.ک) بووە بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ جاری دووەم، هەروەها جێگری نووسینەوەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق بووە، لە کۆنگرەکانى چوارەم و پێنجەم وەک ئەندامی ئەنجومەنى سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردراوە، وە لە ساڵی ٢٠٢٣ وەک سەرۆکی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، بەشداری هەڵبژاردنی کرد و بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک.