لە ٢٤مین ساڵیادی پیلانگێری نێونەتەوەییدا، لە کەرکوک سیمینارێک سازکرا

لە ٢٤مین ساڵیادیدا، دەربارەی پیلانگێری نێونەتەوەیی، ٩ی تشیرینی یەکەم لەسەر ڕێبەر ئۆجەلان، لە کەرکوک سیمینارێک سازکرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگەی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لە ٢٤مین ساڵیادی پیلانگێری نێونەتەوەییدا لەسەر ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجەلان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیان و چالاکوانانی و وڵاتپارێزی شاری کەرکوک، لەلایەن حسێن کەرکوکی ئەندامی دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، سیمینارێک پێشکەش کرا.

سەرەتای سیمینارەکە کە  بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد، حسێن کەرکوکی ئەندامی دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی گوتی: "لێرەوە سڵاو دەنێرین بۆ  ڕێبەری ئازادی و بەرخۆدان کە ماوەی ٢٤ ساڵە لە زیندانی ئیمڕاڵی بەرخۆدان دەکات، سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ تەواوی ئەو شەهیدانەی کە بەدروشمی (ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن) خاوەندارییان لە ڕیبەر ئاپۆ کرد".

پاشان حسێن کەرکوکی باسی لە قۆناغەکانی پیلانگێری نێونەتەوەیی لەسەر ڕێبەر ئۆجەلان کرد و گوتی: " پیلانگێرییەکە بە ٣ قۆناغدا تێدەپەڕێت کە یەکەمیان بە هەڕەشەی سەربازی تورکیا بۆسەر سوریا دەستپیدەکات، ڕێبەر ئاپۆ بەرەوە وڵاتانی ئەوروپا دەچێت و گەشتی ولاتەکان بەردەوام دەبێت تا لە ١٥ی شوبات رێبەر ئۆجەلان دەستگیر دەکرێت، قۆناغی دووەمی پلانگێرییەکەش هەوڵی تەسفیەکردنی ناو پەکەکە بوو لەڕیگەی گروپێک کە هەوڵی دابڕانی پەکەکەی دەدا لە پێوانە ئەخلاقی و سیاسی و ئایدلۆژیەکەی، و قۆناغی سێیەم دۆخی ئیستایە کە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمڕاڵی و تێکۆشانی گەلی کوردە لەهەر چوارپارچەی کوردستانە".

هەروەها ئەو ئەندامەی دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی باسی مێژووی دابەشکردنی کوردستانی کرد کە لەدوای تەواوبوونی شەری جیهانی و دابەشکردنی ناوچەکە و باس نەکردن لەماف و ناوی کورد لەهیچ پەیماننامەیەکدا، کە ئەمەش ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان کە کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن و گۆڕینی دیموگرافیا و هەوڵی سڕینەوەی کەلتور و ناسنامەی کورد بدەن.

هەروەها حسێن کەرکوکی باسی لە رۆل و گرنگی پەکەکە کرد لە تیکۆشان و شۆرشی گەلی کورد و گوتی: "ڕێکخستی پەکەکە لەوە جیاواز بوو کە پێیوابوو گەل پێویستە ئەرک وەربگرێ بۆیە ئەو پەروەردە و تێکۆشانە گواسترایەوە ناو گەل و گەلی پەروەردە کرد، هەروەها ڕێبەر ئۆجەلان مەفهومی(شیوازی باوەڕی) تێکۆشانی سەربازی گۆڕی کە پێشتر ئەو بڕوایە هەبوو کە دەبێت وڵاتێک پاڵپشتی شۆرشەکانی کورد بکات ، بەڵام پەکەکە ئەو بڕوا و بیرکردنەوەیەی گۆڕی و خۆی پشتی بەخۆی و گەل بەست کە شەڕی کۆباني نیشاندەری ئەمە بوو.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە چارەسەری کێشەی کورد لەدەستی ئەمریکا و داگیرکەران و وڵاتانی زلهێز نیە بەڵکو چارەسەری کێشەی کورد بەدەستی گەلی کوردە، پەکەکەش بەردەوام لەهەموو قۆناغەکانی تێکۆشانی پرۆژە چارەسەرییەکی هەبووە، بەڵام هەرکاتێک پرۆژەی چارەسەری هەبووە، وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا هەوڵی تێکدانی پرۆژەی چارەسەریان داوە و تا چەکی زیاتر بفرۆشن بەتورکیا و دژی کورد شەڕ بکەن، ڕێبەر ئاپۆ بۆ کێشەی گەلانی ناوچەکە چارەسەری هەبوو ئەمەش مەترسی بوو بۆ سەر بەرژەوەندی وڵاتانی وەکو ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل کە ئەو ولاتانە بەردەوام دەیانەوێت ناوچەکە لەململانیە و دابەش بوون بێت".

حسێن کەرکوکی ئەندامی دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی تیشکی خستەسەر بەڕێوبەرایەتی دیموکراتی شەنگال و ڕایگەیاند: "لەبەر ئەوەی خەڵکی شەنگال خۆیان بەڕێوەدەبەن و شەنگال کوردانی ئێزدی خاوەن هزری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیە، تەواوی وڵاتانی وەکو ئەمریکا و تورکیا و عێراق بەتەواوی هێز و تواناکانیان هەوڵی تێکدانی ئەو جوگرافیا بچووکە دەدەن کە ناوی شەنگالە، ئەمریکا و ئەوروپا باش دەزانن کە هزر و فەلسفەی ڕێبەر ئاپۆ هزری پارتە کلاسیکییەکان نیە کە بتوانن کۆنترۆڵی بکەن، بۆیە ولاتانی رۆژئاوا هزری ڕێبەر ئاپۆ وەکو مەترسی دەیبینن بۆسەر بەرژەوەندییەکانیان لە کۆنترۆڵکردنی گەلانی ناوچەکە".

ف.ق