لە ڕانیە، هێرشەکەی تورکیای داگیرکەر شەرمەزار کرا

جەماوەری شاری ڕانیە لە باشووری کوردستان، ئیدانەی هێرشەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایان کرد بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.

ناڕەزایەتییەکانی گەلی باشووری کوردستان تادێت زیاتر دەبن پەیوەست بە هێرشەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ٧ ـی نیسان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

بۆ ئەم مەبەستە، بە بەشداری زۆرێک لە کەسایەتی و مامۆستا و چالاکوان و هاوڵاتییانی شارەکە، چالاکییەکی ناڕەزایەتی لە شاری ڕانیە ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا ڕاگەیاندراوێک لەلایەن ستار ڕەسوڵەوە خوێندرایەوە. ستار ڕەسوڵ دووپاتی کردەوە، سەرکۆنەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەکەن بۆ سەر خاکی کوردستان، هەروەها گوتی: «بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هێرشێکی ترسناک و شەڕانگێزانەیە دژی یاسا لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەکان، بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، دەنگ بەرزبکاتەوە دژی هێرش و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیا و سزای پێویست بەسەر ئەم دەوڵەتە بسەپێنێت».

ڕاگەیاندراوەکە داوای لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد وەک دامەزراوەی نیشتیمانی ڕۆڵ بگێرن و بەرگری لە شکۆی گەلی کورد و کوردستان بکەن.