لە باشوری کوردستان کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بەردەوامە

هاووڵاتییانی باشوری کوردستان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان. لە ئێستادا لە سلێمانی هاوکاری لە دوو ناوەنددا کۆدەکرێتەوە.

 

هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆدەکرێتەوە و بەشێوەیەکی سەرەکی لە سلێمانی و هەولێر و گەرمیان و چەندین ناوچەی تر هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بەردەوامە.

لەو چوارچێوەیەدا لە دوێنێوە لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە هاوکاری کۆدەکرێتەوە و هەزاران کەس ڕوودەکەنە ئەوێ و یارمەتی پێشکەش دەکەن.

ئەمڕۆ لە کارگەی جگەرە ناوەندێکی دیکەی هاوکاری دەستبەکار بووە و هاوڵاتیان بەرەو ئەو ناوەندە دەڕۆن و هاوکاری پێشکەش دەکەن. یارمەتیەکان لە کارگەی جگەرە لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ی بەیانی دەست پێدەکات و تا ئێوارە بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلیژنەی هاوکارییەکانەوە دەستکەوتووە، هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. باسیشیان لەوەکرد، ئەگەر هاوڵاتیان بەردەوام بن لە هاوکاری چەند ڕۆژێکی تریش ماوەی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان درێژتر دەکەنەوە.

ژ.ت