کۆمسیۆنی هەماهەنگی چەپی کوردستان، لەبارەی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هێرشی دەوڵەتی تورک بە توندی شەرمەزارکرا و باسی ئەوەکرا کە، بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێم و عێراق لە بەرانبەر هێرشەکان لاوازیەکی گەورەیە. پێویستە هەردوو حکومەت خاوەنداری لە بەرپرسیاری خۆیان بکەن، ئەرکەکانیان بە فەرمی بۆ پاراستنی سەروەری خاکی کوردستان و عێراق بەجێ بهێنن.
لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەدا، داوا دەکرێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز لەدژی دەستوەردانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرن کە ئەم هێرش و دەستوەردانە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئارامی ناوچەکە.
هەروەها باسی ئەوەشکراوە کە پێویستە حکومەتی تورک لە رێگەی سیاسی و دیموکراسیەوە کێشەی کورد چارەسەر بکات، لەبەرئەوەی گەلی کورد دەست لە مافە رەواکانی هەڵناگرێت.
لە کۆتاییدا داوای لە هەموو پارت و ڕێکخستنە کوردیەکان کرد کە لەدژی دەستوەردان و داگیرکەری تورک هەڵوێستێکی ڕۆن و ئاشکرایان هەبێت.
ئەم حزبانە ئیمزایان لەژێر راگەیەنراوەکە کردووە، هزی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و تەڤگەری دیموکراتی گەلی کوردستان.
ف.ق