دوێنێ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، لە مەراسیمێکدا یادی سەید ئەڤران پەیامنێری ئاژانسی فورات (ANF) کرایەوە، کە لە ڕۆژئاوا بە ھۆی نەخۆشی دڵ شەهید بوو. مەراسیمەکە لەلایەن خەباتکارانی ڕاگەیاندی ئازادەوە سازکرابوو. زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان ئامادەی مەراسیمەکە بوون. هەروەها ڕەمزی کارتال، هاوسەرۆکی کۆنگرەی-گەل بەشداری لە یادەکەدا کرد. مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن و وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.
لە مەراسیمەکەدا بەڵگە فیلمێک لە بارەی ژیانی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی سەید ئەڤران نمایش کرا. پاشان یەکێک لە هاوڕێکانی سەید ئەڤران بە ناوی ڕۆژنامەوان حسێن داغ باسی تێکۆشانی سەید ئەڤران لە تەمەنی گەنجیدا و ساڵانی بەشداریکردنی لە بزوتنەوەی ئازادی کرد.
'یادی بە زیندوویی ڕادەگرین'
لای خۆیەوە ڕەمزی کارتال، هاوسەرۆکی کۆنگرەی-گەل ڕایگەیاند، ئەو تێکۆشانەی ئەڤران بەڕێوەی برد، لە ھەمان کاتدا تێکۆشانی ڕاگەیاندنی ئازادە و وتی: لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆ تێکۆشانی کرد. بە کامێرا و پێنووسەکەی لە ٤ پارچەی کوردستان گەشتی کرد. بە پێنووسەکەی ڕاستی گێڕایەوە. خۆی دەیوت، 'هەندێک جار پێنووس هەموو شتێک بوو، هەندێک جاریش چەکەکەمان هەموو شتێک بوو'. زۆر زوو ماڵئاوایی لێکردین. بۆ ئەوەی ببێتە وەڵامدەرێک بۆ تێکۆشانی وڵات و گەلەکەی، ئەو شتانەی نەدەزانرا ئاشکرایکرد و لە پێناو گێڕانەوەی مێژووی پەکەکە، ڕێبەر ئاپۆ و گەریلا ژیانی خۆی تەرخان کرد. ئەرکی ئێمەیە ئەو ڕۆحە بە زیندوویی ڕابگرین.
پاشان ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ئەڤرانیان دەناسی و شایەتی تێکۆشانی بوون، قسەیان کرد و ڕۆژنامەنووس ئایسەل ئاڤێستا ڕایگەیاند، سەید وەک میراتێکی گەورە بۆ ئەوان مایەوە.
ژ.ن