لە بوومەلەرزەکەی خۆی دا ٣ کەسی گیانیان لە دەستدا و ٥٨٠ کەسیش برینداربوون

شەوی ڕابردوو لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بومەلەرزەیەک ڕوویدا و بەو هۆیەوە بەلایەنی کەم ٣ کەس گیانیان لە دەستدا و ٥٨٠ کەسیش برینداربوون.

شەوی ڕابردوو لە ناوچەی خۆی لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پلە بە پیوەری رێختەر ڕوویدا.

بەپێی زانیاری و سەرچاوە ئێرانییەکان، لە بوومەلەرزەکەدا بەلایەنی کەمەوە ٣ کەس گیانیان لە دەستداوە. بە وتەی محەمەد سادق موعتەمدیان پارێزگاری ورمێ ٥٨٠ کەسی تریش برینداربوون.

موعتەمدیان وتی، ١٦ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەڵماس کراون و ٦ کەسیان نەشتەرگەریان بۆ کراوە و ٢٠ کەسیشی تریش بەهۆی قورسیی باری تەندروستییان لە نەخۆشخانەدا لە ژێر چاودێریدان.

موعتەمدیان ڕاشیگەیاند، لە بوومەلەرزەکەدا زیان بە ٧٠ گوندی ناوچەکە گەیشتووە.

ئەوە لە کاتێکدایە بومەلەرزەیەکی تر لە ٢١ی کانوونی دووەم لە خۆی ڕوویدا و بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوەدانکردنەوەی ورمێ، لەو بومەلەرزەیەدا ٣ هەزار و ٨٥٠ بینا و ١٣ خوێندنگا زیانیان پێگەیشتبوو.

ژ.ت