لەمەراسیمێكەدا پۆڵێک لە گەریلاکانی رۆژهەڵات و نوێنەری پەژاك و كەژار لەئەوروپا و هاوسەرۆكانی پەژاك و كۆدار ئامادە بوون.
هاوسەرۆكی پەژاك؛ زیلان ڤەژین لەمەراسیمەكەدا ئاخاوت و رایگەیاند؛ پەژاك بەرهەمی رەنجی شەهیدانی سەرهەڵدان و راپەڕینی گەلەكەمان لەساڵی ١٩٩٩ لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی كورستان و شەهیدانی نۆزدە ساڵ لەخەبات و خۆڕاگری و قارەمانیەتی هاوشێوەی”نەوزاد كۆمار، زیلان پەپوولە، عاكیف مامۆ زاگرۆس، مانی كیاكسار و رێزان جاوید و هەزاران شەهیدی دیكەیە كە پەژاكیان گەیاندۆتە ئەمڕۆژە. دامەزراندنی پەژاك لەرۆژی چواری نیسان؛ هاوكاتە لەگەڵ لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ؛ ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە پەژاك بەكاریگەری راستەوخۆی بیروهزری رێبەر ئاپۆ دامەزراوە. لەسەر ئەم بنەمایە؛ وەكو پەژاك؛ لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ بەلەدایكبوونی خۆمان و هەر ئازادیخوازێك و هەر تاكێكی كورد دەزانین. دامەزراندنی پەژاك لەچواری نیسانیش؛ باشترین وەڵامدانەوەیە لەدژی پیلانگێڕان و ناحەزانی گەل و نەتەوەكەمان و سیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری. ڤەژین، ئاماژەی بەوەش كرد؛ پەژاك تەنیا پارتیەك نییە؛ بەڵكۆ بیرو هزر و فەلسەفەیەكە كە ئەزموونی پەنجا ساڵ خەبات و تێكۆشانی لەپشتە و پاشخانێكی مێژوویی، رێكخستنی، پاراستنی و ئەخلاقی، ئیكۆلۆژی لەناواخنی خۆیدا هەڵگرتووە و باشترین وەفاداری و خاوەنداری لەساڵیادی لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆش؛ گوڕكردن و بەرفراوان كردنی خەبات و تێكۆشانی ئازادیخوازییە لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەرمان و سەرخستنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە.
هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان”پەژاك”؛ لەسەرەتای ئاخاوتنەكانی؛ لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆی لەچواری ١٥ی خاکەلێوەدا و نۆزدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەژاك و ساڵیادی دامەزراندنی یەكینەكانی پاراستنی ژن”یەپەژە”ی لەرۆژئاوای كوردستان” و دامەزراندنی هەپەژە و كۆداری لەبنەماڵە و كەس و كاری شەهیدان، تێكۆشەرانی رێگای ئازادیخوازی، هەڤاڵانی سەنگەرەكانی بەرخۆدان كە لەدژی فاشیزم و دیكتاتۆری گیان لەسەر دەست رووبەرووی سیاسەتی قڕكردن و لەناوبردن و پاكتاوكاری دەبنەوە، هەڤاڵانی زیندان و ژنانی ئازادیخواز و هەڤاڵانی هەندەران پیرۆز كرد و راشیگەیاند؛ پەژاك لەم نۆزدە ساڵەی خەباتی خۆیدا، چەندین قۆناخی مێژوویی تێپەڕاندوە؛ لە 2004 بۆ 2014 و دوابەدوای ئەوەش لە وەرچەرخانێكی مێژوویی و نوێ لەكاروخەباتی رێكخستنی، پاراستنی فۆرمێكی دیكەی رێكخستنی هێناوەتە نێو گۆڕەپانی سیاسەت و تێكۆشانی ئازادیخوازی لەسەر ئاستی رۆژهەڵات و ئێران. پەژاك؛ وەكو پێویستیەكی مێژوویی لەخەبات و تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و بەهۆی بوشایی سیاسی و نەبوونی رێكخستنی و كاروخەباتی رێكخستنی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان دامەزرا و توانی لەماوەیەكی كۆرتدا بوشایی سیاسی كە لەئەنجامی هەندێ هاوسەنگی هێزی سیاسی هاتبووە ئاراوە، پڕ بكاتەوە. بەڵام لە 2014 راستەوخۆ؛ بەدامەزراندنی كۆدار و كەژار و كەجەرە؛ قۆناخێكی نوێ لەخەبات و تێكۆشان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستی پێ كرد و لەچوارچێوەی نەتەوەبوونی دیموكراتیكدا؛ و خەباتە پەنجا ساڵەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و خەباتی رێكخستنبووی ژنان و دامەزراندنی هێزی پاراستنی ژنان راستەوخۆی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی لەهەموو كایەكانی رێكخستنی، هزری، بەرێوەبەرایەتی بەهەند وەرگرت و پەیڕەوی دەكات و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیش كە ماوەی حەوت مانگە بەبێ وچان لەسەر ئاستی ئێران دەستی پێكردوە، وەكو بەرهەمێكی ئەو سیاسەتە حەكیمانە و لێزانانە هزری، فەلسەفی، رێكخستنییەی رێبەر ئاپۆ دەزانین كە بۆ ماوەی پەنجا ساڵە رەنجی و شەونەخۆنی بۆ كێشاوە.
ڤەژین لەئاخاوتنەكانی خۆیدا، سەرەنجی راكێشایە سەر هێڵی تێكۆشانی ئازادیخوازی پەژاك و وتی؛ پەژاك، لەهەمان سەرەتای دامەزراندنی خۆیەوە، پارتیەكی نەتەوەیی و دیموكراتیكە و چەمكی نەتەوەبوونی دیموكراتیك و ئازادیخوازی ژن و ئەخلاق و ئیكۆلۆژی وەكو پارادایمی تێكۆشان بۆ خۆی بەبنەما دەگرێت و لەپێناو یەكریزی و خەباتی نەتەوەیی؛ دامەزراندنی پەژاك و بوونی پەژاك پێویستیەكە و لەچوارچێوەی خەباتی هاوبەشی نەتەوەیی لەهیچ شتێك دەریغ ناكەین.
هاوسەرۆكی پەژاك”زیلان ڤەژین” لەبەشێكی تری ئاخاوتنەكانیدا؛ تێشكی خستە سەر ساڵرۆژی لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ لەچواری نیساندا و رایگەیاند؛ لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ تەنیا لەدایكبوونی كەسایەتیەك نییە؛ بەڵكو لەدایكبوونی هزر و فەلسەفە و بیرێكی ئازادە لەكوردستان. ئەم هزرە نوێیەش كەسایەتیەكی نوێ لەكوردستاندا بۆنیاد ناوە. ئەو كەسایەتیە نوێیەش ئەمڕۆكە لەسەر ئاستی كوردستان، رۆژهەڵاتی ناوین و جیهان بووەنەتە پێشەنگی خەباتی ئازادیخوازی.
زیلان ڤەژین لەبەردەوامی ئاخاوتنەكانیدا راشیگەیاند؛ لەم سۆنگەیەوە، جێ خۆیەتی سۆپاس و پێزانینی خۆمان وەكو پەژاكیش پێشكەشی رۆحی پاك و بێگەردی دایكە ئۆوەیش دایكی رێبەر ئاپۆ بكەین كە رێبەر ئاپۆ بۆ خۆشی لەپێناسەی دایكیدا، وتوویەتی؛ دایكم، لەرەچەڵەكی دایكە ـ خوداوەندەكان دەچێت. هەر بۆیەش وەكو پەژاك خۆمان بەدەینداری دایكە ئۆوەیش و رێبەر ئاپۆ و شەهیدان دەزانین و باشترین وەفاداری بۆ رێبەر ئاپۆ، بەرفراوانكردن و بەگوڕكردنی خەباتی هزری، رێكخستنیە و لەهەمانكاتیشدا، لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەرمان پتەوكردنی كار و خەباتی رێكخستنمانە لە داهاتوودا. و باشترین خاوەنداری لەشەهیدانیش؛ لەسەر هێڵ و رێبازی ئازادی و سەرخستنی ئامانجەكانی شەهیدانمان سۆز و بەڵێنمان نوێ دەكەینەوە و تا دواین هەناسە لەپێناو سەرخستنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بێ وچان و بێ دوو دڵی برەو بەتێكۆشان دەدەین.
لەمەراسیمەكەدا و وەكو رێ و رەسمێك كە هەر ساڵە لەساڵرۆژی لەدایكبونی رێبەر ئاپۆدا و ساڵیادی دامەزراندنی پەژاك لەچواری نیسان شەتڵی نەمام چێندران.
لەكۆتایی مەراسیمەكەدا؛ ناوەندی چاندی بێستوون؛ چەند بەرهەمێكی هۆنەری لەشانوو و هەلبەست و گۆرانی پێشكەش كرد و بەئاهەنگ و هەڵپەڕكی و رەشبەڵەك كۆتایی بەپیرۆزبایەكە هات.
هـ .ب