لە دهۆک هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوت، کۆمپانیا ئەمریکییەکە کارەکانی وەستاند
پاش هێرشکردنە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسەنگی سەر بە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای ئەمریکی (HKN Energy) کە لەو کێڵگەیەدا کاردەکات، بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی وەستاند.
پاش هێرشکردنە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسەنگی سەر بە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای ئەمریکی (HKN Energy) کە لەو کێڵگەیەدا کاردەکات، بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی وەستاند.
هێرشەکە بەشێکە لەو هێرشانەی کە لە چەند ڕۆژانی دواییدا کراونەتە سەر ژێرخانەکانی وزەی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی وەک "کردەیەکی تیرۆریستی دژی ژێرخانی ئابووریی و ژیانیی هەرێمەکە" پێناسەکرد.
ڕاگەیاندرا کە پاش تەقینەوەکە، لە دەوروبەری کاتژمێر ٧:٠٠ ئاگر لە کێڵگەکە کەوتووەتەوە.
کۆمپانیای ئەمریکی (HKN Energy) ڕایگەیاند ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە و هیچ زیانێک ڕووی نەداوە، تا مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی، هەموو کارەکانیان دەوەستێنن.
هێرشی یەک بەدوای یەک
ئەم هێرشە دوای هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر کێڵگەیەکی تری نەوت لە خورمەڵە، دێت. ئەم هێرشانە زیانی ماددیی جددییان لێ کەوتەوە.
تا ئێستە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، ٣ـی تەمموز بەرپرسانی کوردستان گرووپەکانی حەشدی شەعبییان تۆمەتبارکرد بەو هێرشەی لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر ڕوویدا. بەڵام حکومەتی عێراق ئەمەی ڕەتکردەوە.
ئەمریکا ناڕەزایەتیی دەربڕی
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هێرشەکانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند "قبووڵ ناکرێن".
باڵیۆزخانەکە داوای لە حکومەتی عێراق کرد: "ئەم هێرشانەی گرووپە چەکدارەکان بوەستێنن و کۆمپانیا نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان بپارێزن کە وەبەرهێنان بۆ ئایندەی وڵاتەکە دەکەن".