لە دەربەندیخانی باشوری کوردستان ٤ى نیسان پیرۆزکرا

لە شارۆچکەی دەربەندیخان بە چاندنی نەمام و ئاهەنگگێڕان و هەڵپەڕکێ، ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەرى گەلى کورد عەبدوڵلا ئۆجالان بەرز ڕاگیرا و پیرۆزبایی ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان لە گەلی کورد و تەواوی ئازادیخوازان پیرۆزکرا.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، ئاهەنگێکیان بۆ ٧٣مین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان بە دروشمی” کات کاتی ئازادییە” لە گوندی کوێرەک-ی سەر بە شارۆچکەی دەربەندیخان لە سنوورى پارێزگای سلێمانى ئەنجامدا.

سەرەتای ئاهەنگەکەدا لەلایەن هەریەک لە گۆران عەلی و دایە ئامینە، دایکی شەهید ڕێناس و شەهید ڕێباز وتار پێشکەشکران و تێیدا باسیان لە گرنگیی ئەو ڕۆژە بۆ گەلی کورد کرد و ئەو ساڵیادەیان لە گەلانی ژێردەست و ڕێبەر ئۆجالان و هەموو گەلی کورد و سەرجەم ئازادیخوازانی جیهان پیرۆزکرد.

پاشان وەک نەریتێکی ساڵانە، کە لەو سالیادەدا دووبارەدەکرێتەوە، دەیان نەمام چێندرا، هەروەها لەلایەن هونەرمەند سامان زیرەکەوە چەند گۆرانییەکی شاد پێشکەشکرا و دواتر ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ کۆتاییهات.

ف.ق