'لە دژی جینۆساید گەورەترین بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی ژنان و گەنجان'

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە خەبات ئاندۆک بە بۆنەی ساڵیادی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم قسەی کرد و وتی، لە دژی ئەو جینۆسایدانەی بەسەر گەلی کورددا جێبەجێ دەکرێت، گەورەترین بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی ژنان و گەنجان".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە خەبات ئاندۆک سەبارەت بە ساڵیادی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم کە لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام درا، سەرنجی بۆ سەر رۆڵ و بەرپرسیارێتی ژنان لەم سەردەمە راکێشا.

ئاندۆک بە بیری هێنایەوە کە ٢٥ ساڵ بە سەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا تێپەڕ بووە کە ٩ی تشرینی یەکەم ١٩٩٨ دەستیپێکرد و ئەوەی خستەڕوو کە سیستمی ئیمراڵیش لەلایەن هێزە پیلانگێڕەکانەوە دامەزراوە.

ئاندۆک رایگەیاند، کە لە ماوەی ٢٥ ساڵدا لە دژی پیلانگێڕیی تێکۆشانێکی گەورە ئەنجامدراوە و ئەو شەهیدانەی لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی گیانی خۆیان بەخشیوە، بە رێز و پیزانینەوە بەبیرهێنایەوە.

ئاندۆک وتی، "تا گەیشتن بە ئازادی و سەرخستنی ئامانجی شەهیدانمان، ئێمە درێژە بە بەرخودان دەدەین. لە سەر بنەمای هێڵی سەرکەوتن تێکۆشان و بەرخودان درێژە پێدەدەین".

ئەندامی دەستەی بەڕێووەبەری کەجەکە خەبات ئاندۆک لە درێژەدا وتی، "بێگومان لەماوەی ٢٥ ساڵدا ئەوانەی ئەوانەی زۆرترین بەرخودانیان لە دژی پیلانگێڕی کردووە، بوونە قەڵغان بۆ رێبەرایەتی و لەپێناو سەرکەوتنی بەرخوداندا بەهێزترین تێکۆشان بەڕێوەدەبەن ژنان و گەنجان بوون. لەبەر ئەوەی پەیوەندی رێبەرایەتی لەگەڵ ژنان و گەنجان جیاواز بوو. ئەو دوو بەشەی کۆمەڵگا هەم لەلایەن داگیرکەران و هەمیش لەلایەن سەرمایەداری و هەمیش لەلایەن کۆمەڵگاشەوە بە دیل گیراون. لەناو کۆمەڵگادا ئەوەی زیاتر پێویستی بە ئزادی و خۆبەڕێوەبەری هەیە ئەوانن. ئەوەش لە هێڵی رێبەر ئاپۆ و لە ناو تێکۆشانی رێبەر ئاپۆدا دەبینرێت. هەم ژنان هەمیش گەنجان بینیان کە رێبەرایەتی لەپێناو ئەواندا تێدەکۆشێت، بۆ ئەوان هەناسە دەدات و بۆ ئەوان خەبات دەکات. لەسەر ئەو بنەمایە بە دڵسۆزی گەورەوە خاوەنداری لە هێڵی رێبەرایەتی دەکەن، بە شێوەیەکی گیانبازانە تێکۆشاون و ئەو تێکۆشانە هێشتاش بەردەوامە. لە سەرەتای پارتەکەمانەوە تائێستا پەیوەندی زۆر بەهێز لەنێوان رێبەرایەتی و گەنجاندا هەیە. لەبەر ئەوەی بزوتنەوەی ئازادی لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا وەک بزوتنەوەیەکی گەنجان دەستیپێکرد".

کوردانی ئازاد خۆیان بەدەستەوە نادەن

خەبات ئاندۆک ئەوەی خستەڕوو کە پەکەکە و رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە سەردەمی دامەزراندنی پارتەکەوە تائێستا چیان کردبێت بۆ گەلی کورد و بە تایبەتی ژنان و گەنجانیان کردووە و وتی، "لە بەری ئەوەی رێبەرایەتی ویستی ئایندەی کوردان و ئەم چارەنوسە بگۆڕێت. ویستی ئەوە لە کەسیەتی گەنجاندا بکات. بێگومان لە رووی بایۆلۆژیەوە رێبەرایەتیش، بزوتنەوەی ئازادیش گەورەبوون، بەڵام کاراکتەر و کەسایەتی بزوتنەوەی ئازادی لە کەسایەتی رێبەرایەتیدا بەردەوام بە گەنجی مایەوە. واتە رێبەرایەتی و بزوتنەوەی ئازادی بەردەوام بە گەنجی مانەوە".

خەبات ئاندۆک باسی لەوەکرد کە داگیرکەر بە هەموو هێزی خۆیەوە ئێستا هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد، بەڵام ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "هەروەها لە پێناو لەناوبردنی کوردانی ئازادیخواز هاوکاری لەگەڵ کوردانی نۆکەر و داردەست دەکەن و بەهاوکاری ئەوان هێرشیان دەکەنەسەر. بەڵام کوردی ئازادیخواز درێژە بە هەموونی خۆی دەدات، هاوکات بە گیانێکی فیداییەوە بەردەوام دەبێت. لەلایەکی دیکەوە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هەم درێژە بە سیستمی ئیمراڵی دەدات، هەمیش لە ئاستی ئەشکەنجەدا گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ دەسەپێنێت، هەم بۆ سەرخستنی جینۆساید لە دژی گەلی کورد بە هەموو جۆرێک پشتیوانی لە هێزە داگیرکەرەکان دەکات".

بەڵام کاتێک مرۆڤ سەرنج دەداتە سەر ئەنجام، دەبینرێت کە راستی بەم جۆرەیە؛ کوردانی ئازاد بوونیان هەیە، تێدەکۆشن، خۆبەدەستەوە نادەن، لەپێناو ژیانێکی ئازاد و یەکسان چی پێویست بێت دەیکەن. ئەوەش ئەنجامی هەڵوێستی ژنان و گەنجانە".  

پیلانگێڕیی لە پێناو لەناوبردنی بزوتنەوەکەمان ٢٥ ساڵە بەردەوامە

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە خەبات ئاندۆک رایگەیاند، کە لەم سەردەمەدا رۆڵ و ئەرکی زۆر گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی ژنان و گەنجان و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "ئەو پیلانگێڕییە بۆ لەناوبردنی رێبەرایەتیمان، گەلی کورد و بزوتنەوەکەمان ٢٥ ساڵە لەکاردایە. لەلایەکی دیکەوە ١٠٠ ساڵە لە دژی گەلی کورد سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبرێت. لە کەسایەتی رێبەرایەتیدا، بزوتنەوەکەمان و کوردی ئازاددا دەیانەوێت هیوای ئازادی ژنان، گەنجان و تەواوی مرۆڤایەتی لەناو ببەن. لەبەرامبەر ئەوەشدا بەرخودانێکی گەورە دەکەن، لەبەر ئەوەی دوژمنی ئێمە دەست لە مامەڵەی پاکتاوکارانە هەڵناگرێت. هەربۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتی سەردەم یەکجار زۆرن. لەبەر ئەوەی ژنان و گەنجان پێشەنگن، لەم ڕووەوە گرنگترین ئەرک و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشانیان.

دەبێت گەنجانی کورد ژیان بەشێوەیەکی زۆر باش شرۆڤە بکەن. لە دژی ئەو ژیانە بێشکۆیەیی بەسەر گەنجانی کورددا سەپێندراوە، دەبێت هەرچی لە توانایاندا بێت بە تێکۆشان ئەنجامی بدەن. گەنجان نابێت چاوەڕێی بەتەمەنەکان بکەن. ئەرک و بەرپرسیارێتی گەنجان پاراستنی کۆمەڵگایە، خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی نوێیە. هەربۆیە چارەنووسی کورد لە دەست گەنجاندایە. لە داھاتووی کورددا ھەڵوێستی گەنجان یەکلاکەرەوە دەبێت. ھەربۆیە نابێت گەنجان ڕۆڵ و ئەرکی خۆیان ڕادەستی هیچ کەسێک بکەن. ئەم ساتەوەختە مێژووییە دەبێت بە دروستی درکی پێبکرێت. چونکە ڕۆح ھەر سەردەمێک جیاوازە. لەم کاتەدا دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بۆ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی کورد لەناو ببات، هەموو دەرفەتەکانی شەڕی خستووەتە کار. کەواتە کاتێک مرۆڤ بارودۆخی ئەم سەردەمە هەڵدەسەنگێنێت، دەبینێت کە پرۆسەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی پرۆسەیەکی شەڕە. دوژمن لە بەیانییەوە تا ئێوارە باسی هێرشی سیاسی، کولتووری، ئابووری و جینۆسایدی جەستەیی دەکات.

هەموو ئەو هێرشە قڕکاریانە بە تەواوەتی لە چوارچێوەی شەڕدا ئەنجام دەدات. بەڵام هەندێکیان وەک شەڕ نین، لە دەرەوەی شەڕن، وەک ئەوەی شەڕ تەنیا لە دژی هەندێک کەس بێت. بەڵام ئەمە تێڕوانینێکی دوور لە ڕاستیە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر مۆدێرنیتی سەرمایەداری و ئەو کوردە داردەست و خیانەتکارانەی خستووەتە پێش خۆی و بە پشتبەستن بە ھێزی ئەوان بۆ ڕیشەکێشکردنی کورد ھەموو دەرفەتەکانی بەکاردەهێنێت. نە تەنیا شەڕ دەکات. هەموو شتێک لە چوارچێوەی شەڕی جینۆسایددا دەکات. ھەربۆیە دەبێت ڕۆحی ئەم سەردەمە بە باشی هەڵسەنگێندرێت و دەبێت بزانین کە لە ڕۆحی ئەم سەردەمەدا شەڕ بوونی هەیە. ھەربۆیە لە هەر کوێیەک بین، دەبێت بە ڕۆحێکی فیدایی بجوڵێینەوە، بە ئامادەباشییەکی گەورەوە ھەر گۆڕەپانێک بگۆڕین بۆ گۆڕەپانی بەرخۆدان. لەسەر ئەم بنەمایە، دەبێت بۆ ڕێبەرایەتی ببین بە هاوڕێیەکی باش و بۆ بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەرایەتی پێشەنگایەتی کەمپینەکان بکەین. دەبێت خاوەنداری لە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمان بکەین. لە ٢٦ـەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەیدا دەبێت بە تەواوی پیلانگێڕییەکە تێکبشکێنین. جارێکی تر سڵاوی خۆمان ئاراستەی ژنان، گەنجان و هەموو گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین".