لە فارقین شەڕ نییە، کۆمەڵکوژی هەیە

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز، عەدالەت کایا لەنێو شاندێکی لێکۆڵینەوە چووە گوندی هێلین لە فارقین، ئاماژەی بەوە کرد، لێرەدا شوێنەواری شەڕ نابینرێت و هێرش دەکرێتە سەر خەڵکی سڤیل.

دوێنێ لە دەشتی بامیدا لە گوندی هێلین لە ناوچەی فارقین لە ئامەد، ٣ کەس کە بانگەشە دەکرێت ئەندامی هەپەگەن، کوژران. لە ئۆپەراسیۆنی دژی گوندەکە خێوەتی کۆچەرەکان لەلایەن سەربازانەوە سوتێنرا، چەند هاوڵاتییەک بە ناوەکانی ڕ. د. (٥٤ ساڵ) س. د. ه. د. (٢٤ ساڵ) ه. د. (٢٨ ساڵ) م. س. (٤٥ ساڵ) بە ئەشەکەنجەدان دەستگیرکران. شاندێک بە نوێنەرایەتی کەجەدە و (MEBYA-DER) و تەژەئا و هەدەپە و دەبەپە و ڕێکخراوەکانی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد و موش و ئێلح و چەولیگ و مێردین و ناوچەکانی تر، هەروەها هاوسەرۆکی کەجەدە بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز عەدالەت کایا و عومەر فاروق هولاکو و سومەیە بۆز و کامەران تارهان و چەند کەسێکی تر، چوونە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان کرد.

"هێرش کراوەتە سەر خەڵکی سڤیل"

شاندەکە سەرەتا چوونە شوێنی سوتاندنی خێوەتی کۆچەران. پاش لێکۆڵینەوە لە گۆڕەپانەکە، پەرلەمانتار عەدالەت کایا، گوتی: "هیچ شوێنەوارێکی پێکدادانمان نەبینی. زانیارییەکانی گوندنشینانیش هەر لەم چوارچێوەیەدا بوون. لێرەدا ئاژەڵدار و کۆچەران ئاژەڵەکانیان دەلەوەڕێنن. هێرش کراوەتە سەر خەڵکی سڤیل. وێنەکان بڵاوکراونەتەوە و بە ئاشکرا تاوانی ئەشکەنجەدان هەبووە. هەرچییەک بێت، نابێت تاوانی ئەشکەنجەدان هەبێت. ئەمڕۆ لێرەدا هەمان کارەکانی ساڵی نەوەدەکان کراوە. وا دیارە گەڕاونەتەوە سەر کارە کۆنەکانیان. ئێمە هێرشکردنە سەر شوێنی خەڵکی سڤیل قبووڵ ناکەین".

کایا ئاشکرای کرد، ڕاپۆرتەکەیان سەبارەت بە شوێنی ڕووداوەکە، بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە.

پاشان شاندەکە چوونی دەشتی بامیدا و گوێبیستی خزمی دەستگیرکراوەکان بوون. شاندەکە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سایگی کرد و هەرێمەکەی جێهێشت.