لە گوندێکی وان بەهۆی تۆپبارانەوە دوو کەس لە ماڵێکدا ژیانیان لەدەستدا

لە گوندی چاملی ناوچەی قەلقەلی وان سەربازانی سوپای تورک بۆ چەند کاتژمێر بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر ماڵێک. زانرا کە لەو ماڵەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا هێزەکانی دوڵەتی تورکی داگیرکەر ئێوارەی دوێنێ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک لە گوندی چاملیی قەلقەلی سەر بەوان. سەربازان بە تۆپ و چەکی قورس هێرشیان کردووەتەوە سەر ماڵێک کە دوو کەسی تێدابووە.

بە پێی زانیارییەکان سەربازەکان گوندەکەیان گەمارۆ داوە و ئۆپراسیۆنەکە لە کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆوە تا ٤:٣٠ ئێوارە بەردەوام بووە.

زانرا کە لەو ماڵەدا کە تاڕادەیەک دوور لە گوندەکە بووە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە. تەرمی ئەو دوو کەسە کە بەهۆی تۆپبارانی ماڵەکەوە گیانیان لەدەستداوە لە ژێر داروپەردووی خانووەکە دەرهێنراون. نەزانراوە کە ئەو دوو کەسە کێن و تەرمەکانیان بۆ کوێ گواستراوەتەوە.

گوندەکە تا درەنگانی شەو گەمارۆدراوە و هاتووچۆ تیایدا قەدەغە بووە. ئەوەش راگەیەندراوە کە سەربازەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێکی ناو گوندەکە و عومەر کلیچچەکەن و کوڕەکەی بە ناوی سامی-یان دەستگیرکردووە و بردوویانن بۆ بنکەی جەندرمە لە قەلقەلی.

پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز گوکجان کاچماز ساییگیت، سینان چیفتیورەک، مەحمود دیندار و زولکوف ئوچار، بەرپرسانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، سەندیکای پارێزەرانی وان، کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) لقی وان و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لقی وان بە شەو بەرەو گوندەکە بەڕێکەوتن. بەڵام سەربازەکان بە پاساوی ئەوەی ئۆپەراسیۆن بەڕێوەدەچێت نەیانهێشتووە شاندەکە بچنە ناو گوندەکەوە و دوای ماوەیەک چاوەڕوانی شاندەکە ناچار بووە بگەڕێتەوە بۆ وان.

ژ.ن