لە هەلیکۆپتەرەوە خرایە خوارەوە و زیندانی کرا

دەوڵەتی تورکیا سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەر عوسمان شیبان سەپاند، پاش ئەوەی لە هەلیکۆپتەرەوە خرایە خوارەوە لە وان.

پاش ئەوەی لە ناوچەی شاخ لەلایەن سەربازانی تورکیاوە لە هەلیکۆپتەرەوە خرایە خوارەوە، عوسمان شیبان بە سەختی بریندار بوو، پاشان لە دانیشتنی دادگا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە ڕێکخراو» بۆ ماوەی حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزا درا. شیبان بەشداری دووەمین دانیشتنی دادگای نەکرد لە مێرسین، دادگاییەکە بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی بەڕێوەچوو.

داواکاری گشتی قسەی پێشووی نەگۆڕی و داوای سزادانی کرد بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تیرۆریستی»، پاش گوێگرتن لە پارێزەری بەرگری، دادگا سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر شیبان سەپاند.

پاشان دادگا حوکمەکەی زیاد کرد و کردی بە نۆ ساڵ، دواتر حوکمەکەی سوککرد تا ببێتە حەوت ساڵ و شەش مانگ، لە بڕیارەکەدا هاتووە قەدەغەی هاتوچۆکردنی بەردەوام دەبێت، بڕیارە پارێزەرەکەی تانە لە بڕیارەکە بدات.