کۆبانێ کە بە بەرخۆدانی خۆی لە دژی داعش لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە، بە وۆرکشۆپێک پێشوازی لە ڕۆژی جیهانی کۆبانێ کرد.
لە ناوەندی کولتوور و هونەری باقی خدۆ بە پێشەنگایەتی پەیەدە وۆرکشۆپێک بەڕێوە چوو.
هەر له هێزه سەربازییەکانەوە تا بەڕێوەبەرە هەرێمیەکان و نوێنەرانی زۆربەی ڕێکخراوەکان بەشداریان له وۆرکشۆپەکەدا کرد.
ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەیەدە لە وۆرکشۆپەکەدا قسەی کرد و وتی: "لە ئەنجامی بەرخۆدانێکی داستانیدا لە کۆبانێ مێژوو جارێکی تر نووسرایەوە، لە ١ی تشرینی دووەم هەموو گەلانی جیهان خاوەنداریان لە کۆبانی کرد. لەو مێژووەدا، مرۆڤ شتێکی بەبیر دێتەوە ئەویش ئەوەیە کاتێک مرۆڤ شەڕ دەکات، وڵاتەکەی خۆشدەوێت. بۆیە دەبێت مرۆڤ شەڕ بکات تا ئازاد بێت، کاتێک ئازاد دەبێت ئەوکات خوشەویست دەبێت. لە بانگەوازی سەفەربەری بۆ کۆبانێ بەهەزاران گەنج ڕوویان لە کۆبانێ کرد و بەرخۆدانی مێژووییان تۆمار کرد، بەدیلێکی زۆر درا. ئێمە دەبێت ببینە شایانی ئەو بەرخۆدانە مەزنە، خاوەنداری لەو داستانە مێژووییە بکەین و مێژووەکەی بنووسینەوە."
١ ی تشرینی دووەم ڕۆژی سەرهەڵدانی یەکێتی گەلانە
ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازی کۆبانێ مەحموود دەمۆ ڕایگەیاند؛ ١ی تشرینی دووەم بە وتن وەسف ناکرێت و وتی: "١ی تشرینی دووەم ئەو ڕۆژەیە گەل دژی تیرۆر ڕاپەڕی و یەکێتی خۆیان بەهێز کرد. گەل لە هێزی ئێمەدا هیوایان بینی. ئەو هێزەی که کۆتایی به تیرۆر هێنا، ئەم ڕۆژە بەنرخە لە ڕێبەر ئاپۆ، کەسوکاری شەهیدان و سەرجەم گەلەکەمان پیرۆز دەکەم. بەڵێن دەدەین ئەو هێڵەی شەهیدان نیشانیان داوین هەتا دوایی بە هێزەوە بەرێوە دەبەین. تۆڵەی شەهیدان کرایەوە و داعش لە سەر ئەم خاکەکەمان تێکشکا. بەسایەی شەهیدانەوە ئێستا ئێمە لێرەین. دەبێت ئەم خاکە بەجێ نەهێڵین. ئێمە لەسەر بنەمای گەلەکەمان هێزی سەربازیمان بەهێز دەکەین و هێڵی سێیەم بەڕێوە دەبەین."
داعش هەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ سەر هەموو جیهان
بەڕێوەبەری هێزی شۆڕشگێڕی سوریا دکتۆر خەیس نەیم ڕایگەیاند؛ بەرخۆدانی کۆبانێ لە مێژوودا نووسرایەوە و وتی: " داعش بە هەموو هێزیەوە ناوچەیەکی زۆری لە عێراق و سوریا داگیرکرد. هەموو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردە ئامانج و بووە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر هەموو نەتەوە و کۆمەڵگاکان. بەڵام لە کۆبانێ ڕووبەرووی بەرخۆدانێکی مێژوویی بووەوە تێکشکا.
هەروەها نووسەری فەڕەنسی پاتریس فرێنشیسکۆ قسەی کرد و وتی: "وەک نووسەرێک بە هەموو توانامەوە پشتگیری لەم تێکۆشانە دەکەم، سڵاوم ئاراستەی هەموو شەڕڤانان و ئەم گەلە دەکەم. من لە کاتی شەڕی کۆبانێدا ئامادە بووم و ئەو بەرخۆدانەم بە چاوی خۆم بینی."
'١ی تشرینی دووەم ساڵیادی پاراستنی هەموو مرۆڤایەتییە'
هەروەها ئەحمەد ئەلعەمید ڕاوێژکاری ئاسایشی میسر سەبارەت بە بەرخۆدانی کۆبانێ وتی: "ئەمڕۆ ساڵیادی پاراستنی هەموو مرۆڤایەتییە. شاری کۆبانێ بۆتە سیمبولی بەرخۆدان و ئازادی بۆ هەموو جیهان، ئەو بەرخۆدانەی له کۆبانێ دەستی پێکرد بۆ ئازادی هەموو گەلان بوو تەنها بۆ گەلی کۆبانێ نەبوو، شەڕڤانان لێرە بەرخۆدانێکی گەورەیان لە دژی دڕندەکانی سەردەم بەڕێوە برد و سەرکەوتن."
هانی جەمیل توێژەر و مونیر ئەدیبو لە قسەکانیدا ئاماژەیان بەوەشکرد کە چەتەکانی داعش لە ئەنجامی بەرخۆدانی مەزنی شەڕڤاناندا تێکشکان، ئەمەش بووە هۆی سەرەتای ژیانێکی نوێ. ئەویش بە سایەی بەرخۆدانی بێوێنەی شەرڤانانەوە."
'کۆبانێ بوو بە ناسنامەی بەرخۆدان بۆ جیهان'
لالەشین عەبدوڵا یەکێک لە شایەتحاڵانی بەرخۆدانی کۆبانێ وتی: "شەڕ وبەرخۆدانی کۆبانێ کوردی بە هەموو جیهاندا ناساند و وتی، بەسایەی ڕێبەر ئاپۆ کۆبانێ بوو بە ناسنامەی بەرخۆدان بۆ جیهان. هەرچەندە کۆبانێ شارێکی بچووکە بەڵام بەهەزاران دڵ و ڕۆح لێرە کۆبوونەوە و مێژووی تێکۆشان و بەرخۆدانیان نووسیەوە."
هەروەها سارا خەلیل هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شەهیدانی کانتۆنی فورات، پرۆسەی تێکشکانی چەتەکان، ڕاپەڕینی ١٩ی تەمموز و شەڕی کۆبانێ هەڵسەنگاند و وتی: " کورد لە دژی هەموو جۆرە دەسەڵاتدارییەک سەرهەڵدانیان کردووە و ڕێگای ئازادی و یەکسانیان هەڵبژاردووە."
'کۆبانی سەرکەوت'
پاشان ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکی کانتۆنی فورات باسی یەکێتی وپشتیوانی گەلی باکووری کوردستان و جیهانی لە بەرخۆدانی کۆبانێدا کرد و وتی: " گەلەکەمان لە باکوری کوردستان شەو و ڕۆژ لەسەر سنووری کۆبانێ لەسەر پێی بوون، هاوکات گەلانی جیهانیش لەپێناو کۆبانێدا تێکۆشان و کۆبانییان بە تەنیا نەهێشت، کۆبانی سەرکەوت."
دوای وتارەکان، لە وۆرکشۆپەکەدا خەڵاتەکان دابەش کران. پاشان بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە سەردانی گۆڕستانی شەهید دیجلەیان کرد و لەوێ بە خولەکێک بێدەنگی ڕێزیان بۆ شەهیدانی بەرخۆدانیان دانا.
وۆرکشۆپەکە بە وتنەوەی دروشمەکان کۆتاییهات.