لە کفری شەهید مامۆستا شەماڵ بە مەراسیمێک یادکرایەوە

لە شارۆچکەی کفری، لە ئیدارەی گەرمیان، مەراسیمی یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی مامۆستا شەماڵ بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیری لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی مامۆستا شەماڵ، مەراسیمێک بەڕێوەچوو. کەسوکاری شەهید و هاوڕێ و هاوخەباتەکانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئازادیخوازان ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی مامۆستا شەماڵ و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان، ژمارەیەك مۆم لەلایەن كەسوكاری شەهیدانەوە داگیرسێندرا.

پاشان، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر، عەلی پەرلەمان چەند کۆپلە شیعرێکی پێشکەش بە یادی مامۆستا شەماڵ کرد، دواتر، مامۆستا ڕەحیم، هاوڕێی شەهید، چەند یادەوەرییەکی خۆی و شەهید مامۆستا شەماڵی گێڕایەوە.

دواتر، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی، سەلام عەبدوڵا، گوتی: " لە كەسایەتی شەهید شەماڵدا، هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادیی و بەبیردێنینەوە و سەری ڕێز و نەوازش لەمەقامی ئەو شەهیدانەدا دادەنەوێنین، بۆچی لەم قۆناغەدا هێرش دەكرێتە سەر تەڤگەر و مامۆستا شەماڵ شەهید دەكرێت و لەناو جەرگەی گەرمەسێردا قڕدەكرێین؟".

هەروەها گوتی: "كەلتوری نەتەوەی دیموكرات دەكەینە بنەمای هەموو پێكهاتەكان، بە پێداگرییەوە ئێمە پەیامی خۆمان ئاراستەی هەموو پێكهاتە و مەزهەبە جیاوازەكان دەكەین، دەبێت هەموو پێكهاتەكان وەكو بیرکردنەوەی مامۆستا شەماڵ پێكەوە بژێین".

دواتر، لە ڕێگەی داتاشۆوە، ژیاننامە و كار و هەڵوێستەكانی نمایش كرا.

لەکۆتاییدا، کوڕی شەهید شەماڵ، ئامەد سوهەیل، بەناوی بنەماڵەکەیەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و گوتی: "دوژمنان پێویستە باش بزانن، كە ناتوانن بە تیرۆركردن ناسنامە و شوناس و جوگرافیای ئەم گەلە بسڕنەوە".