لە کفری یادی مامۆستا شەماڵ کرایەوە

لە کفری یادی مامۆستا شەماڵ (سوهەیل عەزیز خورشید) کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تیرۆر کرا، لەبەردەم ماڵەکەی شوێنی تیرۆر کردنەکەی لەلایەن بنەماڵە و هاوڕیەکانیەوە کرایەوە.

ساڵیادی مامۆستا شەماڵ

دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی، مامۆستا شەماڵ، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی کفری، لەلایەن میتی تورکیاوە تیرۆر کرا. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەمەبەستی بەبیر هێنانەوەی لە بەردەم ماڵەکەی بە ئامادەبوونی بنەماڵە و هەڤاڵانی مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆیادی شەهیدان دەستی پێکرد. دواتر یەکێک لە هەڤاڵانی مامۆستا شەماڵ، ساڵح محەممەد، قسەی کرد و وتی: دوای شەهیدبوونی مامۆستا شەماڵ، بڕیارمانداوە هەموو ساڵێک وەک نەریتێک لێرە لە شوێنی تیرۆرکردنەکەی یادی بکەینەوە.

پاشان جومعە کەریم، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی قسەی کرد و وتی: "ئەمڕۆ ٢٨ی ئاب دووهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی مامۆستا شەماڵە، بەبۆنەوە لێرە کۆبۆینەتەوە و یادی دەکەینەوە. لە کاتی مەراسیمەکەدا ٢٨ گوڵمان لە سەر پاسکیلەکەی مامۆستا شەمال دانا و هەروەها نەمامێکمان لە بەردەم ماڵەکەیدا چاند چونکە مامۆستا شەماڵ کەسایەتیکی ژینگە پارێز بوو.

لە درێژەی قسەکانیدا، جومعە کەریم وتی: "ئێمە وەک هاوکار و دۆستانی مامۆستا شەماڵ هەر ساڵە یادی بەرز ڕادەگرین. ئەمەش نیشانەی هەستی خەڵکە، مامۆستا شەماڵ لەلای هەمووان خۆشەویست و خزمەتکاری گەلەکەی بوو. بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو بەش و توێژەکانی کۆمەڵگاوە لێرە کۆبوونەتەوە و یادیی دەکریتەوە. ئێمەش وەک هەڤاڵانی مامۆستا شەماڵ بەڵێنمان دوبارە دەکەینەوە بەردەوام بین لە سەر هێل و تێکۆشانی شەهید شەماڵ تا گەیشتن بە ئامانجەکانمان."